نەخۆشی دەستی مردووەکان
ساڵانی حەفتا
ڕۆمانێک هەیە ، بۆ سەرئێشە قورسەکەی نیتچە " کە نیتچە ئامادە نیە هیج پزیشکێک ببینێت" کچە دۆستەکی نیتچە ، فرۆید قایل دەکات بە بیانووی ئەوەی هەندێک پرسیاری فەلسەفی هەیە لەسەر ژیان و مردن نیتچە ببینێت..
لە دیداری نیتچە و فرۆیدا ، فرۆید بەتەواوی دەکەوێتە ژێر کاریگەری نیتچە و دڵی خۆی بۆ دەکاتەوە و پێی دەڵێ:
دکتۆرم و سامانێکی زۆر و عەرەبانە و خێزانی بەختەوەرم هەیە، بەڵام گەیشتوومەتە 50 ساڵی و بیر لە مردن دەکەمەوە.
....
ناوەڕاستی حەفتاکان تەمەنم دوانزە ساڵێک دەبوو ، لە مزگەوتی سەیوانی دووەم نوێژم دەکرد، کە " شەهید مەلا عیسام" ئیمامی بوو.
کاک شێخ محەمەد بەرزنجی ڕەحمەتیش نوێژکەرێکی هەمیشەیی و خزمەتێکی گەورەی مزگەوتەکەی دەکرد، چەندین شەوانی ڕەمەزان من بە سەتڵ ئاوم بۆ بردووە و ئەو تەوالێتەکانیشی " لەبەر خواپەرستی پاکو بێگەرد" دەشت.
...
زۆرجار مردوویان دەهێنا و لە مزگەوت دەیانشت و دەیانبرد بۆ گۆڕستانی سەیوان، هەرچەندی فریا کەوتبم من لەگەڵ تەرمی مردووەکان چووم بۆ گۆڕستان.
ئەو کاتانە زۆر شەوان دۆشەکەکەی ژێر خۆم تەڕ دەکرد.
زۆر جار تا کاتی خۆشتن نوێژم نەدەکرد ، گەر ڕەمەزان نەبوایە، بەڵام کە مردوویەکیان دەهێنا ، بە ئاوی سارد خۆم دەشت تا نوێژی بم و توشی ڕوماتیزەیەکی گران بووم ، کە ئازار دەیگریاندم ، تا دوا جار " حاجی جەلالی ڕەحمەتی" کە هاتوچۆی کوێتی دەکرد ، ڤیکسێکی سەنغافوورەیی بۆ هێنام لە " ژەهری مار" و چاکی کردم..
...
یەکەم مردوو پیاوێکی پیر بوو ناوی " قالە پەڕۆ" بوو کە لەسەر تاتە شۆرەکە دەیانشت و کاتێ پشتیان دەشت بە دانیشتنەوە ، هەستت نەدەکرد مردووە
جارێک "سێ یان چوار" تەرمیان هێنا کە لە ڕێگەی بەرزنجە وەرگەڕابوون، شوفێرەکە ناوی " عوسمانی حاجی کاکە حەمە" ی بەرزنجی بوو، ، باوکی دۆستێکی پیاوانەی باوکی ڕەحمەتیم بوو.
من مێرمناڵێکی نوێژکەر بووم لەژێر دەستی " مامۆستا مەلا عیسامی شەهید".
نیوەڕۆیەکی درەنگ تەنیا مەلا عیسام و من لە مزگەوت بووین ، ئەو نوێژی قەرزی زۆر دەکرد و منیش قورئانم دەخوێند، پرسیارێک هات بە مێشکما و ووتم : مامۆستا خوا چۆنە؟
ئەو فەرمووی ڕابکە دەستنوێژەکەت تازە بکەرەوە ، ئەوە شەیتانە غایەلەت پێدەکات.
جارێکیش فەرمووی:
شێرزاد لێت دەترسم ، تۆ گەورە بیت ، یان دەبیت بە ئەولیا یان بە کافر..
یەکەم کتێب " تاریک و ڕوون" ی هێمن بوو خوێندمەوە کە تەمەنم 13 ساڵ بوو ، لەو ساڵەوە خوێنەرێکی هەمیشەیی کتێبم.
لە تافی گەنجیدا کە بەخت یاوەرم بووە و لەو گەنجانە بووم هیچم کەم نەبووە ، بەڵام هەمیشە حەزم دەکرد نەبوومایە و سەدان جاریش دەمووت : خۆزگەم بە حەمەی برام.
کە دەیانپرسی حەمە کێیە؟
دەمووت حەمە نیە و خۆزگە منیش نەبوومایە.
ڕۆژی 2025.9.16 پەیجی پرسەی هەندەران دەبێت بە شەش ساڵ.
ئیمشەو لە بیرەوەری پرسەی هەندەران گەڕامەوە بۆ بیرەوەریەکانی برایم پاشا و سەیوانی دووەم، وەکو دەشڵێن :
خۆزگە ئەو کاتە بمردینایە.
وێنەکە لای ڕاست :شەهید مامۆستا مەلا عیسام
لایچەپ: کاک شێخ محەمەد بەرزنجی ڕەحمەتی باوکی شەهید کەمالی قارەمانی سێدارەی موسڵ
شێرزاد عەزیز
مالمۆ
بهروار: 12/09/2025
210 جار خوێندراوهتهوه
|