بەدوای حەماڵێک دەگەڕێم 💙
پیاوێک هەبوو لە سلێمانی ئیشی کۆڵبەری ئەکرد، ئەوەی قولاپێکیان بەدەستەوە بوو، گیریان ئەکرد لە فەردە و کەلوپەل و ئەیاندا بە کۆڵیاندا. هەندێک جاریش کەسێک شتومەکی زۆری بکڕیایە چەند عەلاگەیەکی هەتا ماڵەوە بۆ هەڵئەگرت و بڕێکی کەم پارەی لێوەرئەگرت.

ئەم پیاوە نەدار و دەسکورت بوو، ئەگەر ڕۆژێک ئیشی دەسنەکەوتایە ئێوارە پێوەی دیاربوو، نەیئەتوانی بە باشی سکی مناڵەکانی تێرکات. لەگەڵ ئەوەی هەژار بوو، بەڵام سەری بەرز بوو.

ڕۆژێک لە بەیانی هەتا نیوەڕۆ سوڕابووەوە ئیشی دەسنەکەوتبوو، لای نیوەڕۆ شەکەت بوبوو، لە بەردەم دوکانی گوزەرێکدا دانیشت و جگەرەیەکی داگیرساند. لەگەڵ هەر مژێکی قوڵی جگەرەکەی دنیایەک ئاخ و کەسەریشی هەڵئەمژی، دەیان خۆزگە و ئاواتیشی لەگەڵ دوکەڵی جگەرەکەی ئەچوون بە هەوادا.
...
لەو کاتەدا کە خواخوای بوو کەسێک عەلاکەیەک، فەردەیەک، شتێکی لێ بارکا و ئێوارە بەدەستی بەتاڵ نەگەڕێتەوە. ئەفەنییەک پەیابوو، هەندێک شتی کڕی بوو، بەدوای کۆڵبەرێکا ئەگەڕا، بەڵام لەو کەسانە بوو کەمێک لوتی بەرز بوو، نەئەچووە دڵەوە، کابرای کۆڵبەر ڕقی لێی بوو.
هاتە پێشەوە و ڕووی کردە کۆڵبەر و بە پۆزێکەوە وتی: ئیش ئەکەی؟
کابرای کۆڵبەریش نەیکردە نامەردی و بە پۆزێکی زیاترەوە مژێکی لە جگەرەکەی دا و لە هەردوو کونەلوتیەوە هەتا پشتێنەکەی دوکەڵی فڕێدا و وتی: نەوەڵا گیانە، خۆشم هەندێ ئەشیام کڕیوە و بەدوای حەماڵێکا ئەگەڕێم.

...
• هەندێک جار مرۆڤ ناچار ئەبێت، پاشماوەی خۆراکی خەڵکی بخوات، بەڵام هیچ کات ناچار نیە نانی فرۆشتنی کەرامەتی بخوات.
• هەندێک جار مرۆڤ ناچار ئەبێت، دەست لە خەڵکی پان بکاتەوە، بەڵام هیچ کات ناچار نیە دەستی نامەرد ماچ بکات.
• هەندێک جار مرۆڤ ناچارە گورچیلەی خۆی بفرۆشێت بۆ بژێوی ژیانی، بەڵام هیچ کات ناچار نیە هەڵوێست و دەنگی بفرۆشێت، ناچار نیە کەسایەتی خۆی بفرۆشێت.
• ئەو پارەیەی لە پای فرۆشتنی خۆت دەستت دەکەوێت هەر کۆتایی دێت، بەڵام باجی ئەو فرۆشتنە هەتا مردن لێت نابێتەوە، ئەو سەرشۆڕییەی توشت دەبێت هەتا کۆتایی تەمەنت ناتوانیت بەرزی بکەیتەوە.
...
ئەگێڕنەوە شەوێک سوڵتانێک بەناو کوچەوکۆڵانەکانی گەڕەکە دوورەکانی شاردا پیاسەی ئەکرد، لە نزیکی خانووەیەکی گڵی کۆن، گوێی لە دەنگی ژنێک بوو گۆرانی بۆ کۆرپەکەی ئەوت، دەنگی زۆر سەرنج ڕاکێش بوو.
سوڵتان داوای لە پاسەوانەکانی کرد سبەی ئەو ژنەی بۆ بێنن بۆ کۆشک
بۆ بەیانی کە ژنەیان هێنایە بەردەمی سوڵتان.
سوڵتان بە ژنەکەی وت: هەروەک چۆن دوێنێ گۆرانیت ئەوت، ئاوا گۆرانیم بۆ بڵێ و خەڵاتێکی باشت ئەکەم.
ژنەکەش بە شەرم و ڕێزێکی زۆرەوە وتی: قوربان، من گۆرانیبێژ نیم، تەنیا مناڵەکەم ئەخەواند.
سوڵتان وتی: ئەزانم، بەڵام دەنگت زۆر تایبەت بوو، ئەمەوێ جارێکی تر گوێم لەو دەنگە بێت، ئەمجارە بۆ مناڵەکەت نا، بۆ من.
ژنە دیسان بە شەرمێکی زیاترەوە وتی: گەورەم، من هەرگیز شتی وام نەکردووە و نایشیکەم.
سوڵتان زانی ژنێکی دەستەمۆ نیە و ئاسان گوێڕایەڵ نابێت، وتی: ئەزانم شکۆ و سەربەرزیت ڕێگەت نادات، قەینا پەردەیەکت بۆ دادەنێین و لەودیو پەردەکەوە گۆرانی بڵێ، نامەوێت بتبینم، تەنیا گوێم لە دەنگت بێت، بڕێکی زۆر پارەش وەردەگریت.
ئەمجارە داواکاری سوڵتان ئاسانتر بوو، خەڵاتەکەشی گەورەتر، ژنەکە تەماح گرتی، ڕازی بوو.
لە پشت پەردەوە گۆرانی وت و خەڵاتی وەرگرت و ڕۆشت.
...
ڕۆژی دواتر بەبێ ئەوەی کەس بنێرێت بەدوایدا، ژنەکە هاتەوە بۆ کۆشکی سوڵتان.
وتی: جەنابی سوڵتان، هاتووم وەکو دوێنێ گۆرانیت بۆ بڵێم.
سوڵتان وتی: بڕۆ دەرەوە، حەزناکەم گوێم لە دەنگت بێت.
ژنەکە بە سەرسوڕمانەوە وتی: بەڵام خۆ هەر ژنەکەی دوێنێم و هەمان دەنگی پێشووە کە سەرسامی بوویت !!
سوڵتان وتی: دەنگی دوێنێ کەرامەت و سەربەرزی تیابوو، دەنگی ئەمڕۆ بەرژەوەندی و چاوچنۆکی تیایە.
دەنگی دوێنێ هی خۆت بوو، دەنگی ئەمڕۆ هی خۆت نیە، فرۆشراوە، نرخی نیە.
د. ماکۆک محەمەد
مالمۆکورد وێنەکەی لە گۆگلەوە وەرگرتووە
به‌روار:  17/10/2025
36   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   20
کۆی سه‌ردان:   30806399