شنە گیان کولەکە دەخوات 🤣🤣
تا ئەو ڕۆژە هیچ کەسێک بەڕێوبەری قوتابخانەی بە باشی نەناسیبووە هەڵبەت هەمووان سڵاویان لێئەکرد ، ڕێزیان لێدەگرت تەواوی خەڵکی ناوچەکە ئەیانزانی بەڕێوبەرە بەڵام کەسێک هاتوچۆی نەدەکرد.
بەڕێوبەر تەنانەت لەگەڵ کارمەندەکانی فەرمانگاکانیش هاتوچۆی نەبوو لەگەڵ خێزانەکەی لەناو باڵەخانەیەک لەناو باخێکی گەورە دەژیا.
هەر لەبەر ئەوە کاتێک خەڵکی ناوچەکە ئەو ڕۆژە جەنابی بەڕێوبەریان بینی کە لە بەردەم قاوەخانەیەک پیاسە ئەکات زۆریان سەر سووڕ ما.
جەنابی بەڕێوبەر بە پێچەوانەی هەمیشەیی ناوچاو تاڵ نەبوو دەم بە پێکەنین بوو وەڵامی سڵاوی خەڵکی بە دەنگی بەرز دەدایەوە.
لە وەڵامی دوو سێ کەسدا کە لەگەڵ ئەو ئەحواڵ پرسینیان کرد وتی:
چاوەڕوانی کەسێکم کە لە شارەوە دێت، بە پێی قسەکانی دەرکەوت یان باوکی دێت یان خەزووری یان ژن برایەکی، چونکە هیچ ژنێک تاقەتی نییە ڕێگای خراپ و پڕ لە تاسەی ناوچەکەی ئێمە ببڕێت. پاسەکۆنە و خەڕەکە شکاوەکە کە لەم ڕێگەدا هاتوچۆی دەکرد زۆر جار مرۆڤی بە نیوە گیانی دەهێنایەوە بۆ ناوچەکە.
گەنجەکانی لای ئێمە زۆر ناچار نەبوونایە سەفەریان نەدەکرد . ئیدی کەم سۆنگە و سەفەری ژنت بۆ ڕێک دەکەوێت.
لاوەکان لە قاوەخانەکە خەریکی یاری کاغەز و تاوڵە و دۆمینە بوون کاتێک پاسەکە لە دوورەوە دەرکەوت ،هیچ کەس لە جێگاکەی هەڵنەسا نەیان دەزانی کێ لەناو پاسەکەدایە . یەکەم کەسێک کە لە پاسەکە دابەزی کاک مەسعوودی شۆفێر بوو بە جۆرێکی وا تەپوتۆز لە ڕوخساری نیشتبوو بە ئەستەم دەناسرایهوە.
لە دوای ئەوەو شاگردی شوفێرەکە دابەزی و پاشان نەفەرەکان ماندوو مردوو دابەزین .
جەنابی بەڕێوبەر بەرەو پاسەکەی ڕایکرد و وتی: شنە گیان . پەریەک لە پاسەکە دابەزی کە تا ئەو ڕۆژە جوانەکانی ئەو ناوچە کە هیچ ، تەنانەت لە سینەماشا نەبینرابوو ، جووتێ پووزی پێوە بوو ئەگەر "سۆفیا لۆرین" بیبینیایە لە خەجاڵەتیا دەتوایەوە ، کەمەری بە ئەندازەیەک باریک بوو "بەرژنی باردوو" شەرمی ئەکرد لە پاڵیا بوەستێ .
سینەی دیار و سپی لە ژێر بلوسی زەردەوە کە پێکەوە نووسابوون شەڕی لەگەڵ سینەی" ڕاک و ئیلغوڕش" دەکرد .
ناکرێ بۆ چاوی شین و لێوی گۆشتنی ڕەقیبێک بدۆزرێتەوە هەر کە بەڕێوبەری بینی پێکەنینێکی بەرزی کرد ووتی :
مێردی خوشکە خۆشەویستەکەم.
لە دنیادا لەوە خۆشتر نیە مرۆڤ مێردی خووشکی ئاسکێکی ئاوەها بێت.
نەک تەنها دۆمینەو تاوڵە و مشتەریەکان بێ دەنگ بوو بەڵکوو دڵی قاوەخانەکە لە جووڵە کەوت.
لاوانی ناوچەکە تا ئەو ڕۆژە تەنوورەیان تەنها لەناو ڕۆژنامە و سینەماکاندا بینی بوو کاتێ لە پڕکەوتە بەرچاویان هەمووان لە سەر سوڕماندا دەمیان کرایەوە ، هەمووان لە قاوەخانەکە هاتنە دەرەوە تاکوو ئەو پەری ڕوخسارە ببینن .
شنە گیان دەربارەی خراپی ڕێگا قسەی ئەکرد
ڕێگاکە زۆر خراپ بوو بەڵام لەبەر ئێوە قەیناکە ئەرێ بەڕاست خوشکەکەم چۆنە؟
سوپاس بۆ خوا زۆر باشە.
شاگردی شوفێرەکە جانتای شنەخانی هێنایە خوارەوە.
فەرموو
جەنابی بەڕێوبەر جانتاکەی هەڵگرت شنە گیانیش کیفە سوورەکەی خستە سەر شانی و بەرەو ماڵ بەڕێ کەوتن .
لاوەکان دووبارە گەڕانەوە قاوەخانەکە و لە پشتی مێزەکانیان دانیشتن بەڵام هیچیان تاقەتی یاریکردنیان نەبوو نەیان دەزانی کێ چەندی هەبووە یان کێ پارەی نەداوە هیچ کەس ئاگای لە هیچ شتێک نەما بوو ، بە تایبەت کاتێ شۆفێرەکە هاتە قاوەخانەکە لاوەکان بە شەوق و بزێویەوە لە دەوری کۆبوونەوە تەواوی چاوەکان ڕویان کردبووە دەمی ڕاکۆ:
ئاخ بینیتان چی بوو بڵێی فریشتەکان ئەوەندە جوان بن بە خوا چەند ساڵە شاگردم جوانی وام نەبینیوە. نازانن لەناو پاسەکە چی ئەکرد ؟
چەندە جوان پێدەکەنی ، ئێمە هیچ لە بیرمان نەماوە کەی لە ئەستەمبوڵەوە بەڕێ کەوتین و چەندمان پێ چووە ، چۆن وا خێرا گەیشتینە ئێرە. بەهبەه .. بێ ئەوە ناخۆش لە چێشخانەی دوو حەننای کاتێ دابەزین نان بخۆین چیم بینی؟
ئاو بە دەمی لاوەکان دەهاتە خوار هەمووان لە دەوری ڕاکۆ کۆببوونەوە دوو سێ کەس پێکەوە قاوەچیان بانگ کرد:-
وەرە بزانە ڕاکۆ چی ئەخوات .
قاوەچی چایەکی شیرین و پەرداخی ئاوی هێنا و خۆشی لای وەستا، ڕاکۆ دەستی پێکردەوە:
کاتێ لە بەردەم چێشتخانەکە وەستاین وتم:
دادە بۆ نان خواردن وەستاوین لانیکەم کاتژمێرێک ئەوەستین ، فەرمو وەرە خوارەوە شتێک بخۆ، کەمێ ئاو بکە بە دەست و دەم و چاوتا تۆزێک هەوای پاک هەڵمبژە .
هەر وەک بترسێ ووتی:
کەسێک بێزارم ناکات؟
وتم: کێ ئەتوانێ غەڵەتی وا بکات؟ بڕوا بکەن ئەگەر پێویست بوایە مرۆڤیش بکوژم ئەمکوشت ، بێ ماتڵ بوون هەستا ویستی لە پلەکانی پاسەکە دابەزێت دەستی خستە سەر شانم ، نازانن تووشی چ حاڵێک بووم سەرم گێژی دەخوارد .
یەکێ لە کوڕەکان پرسی:
بۆچی سەرت گێژی خوارد ؟
ڕاکۆ تەماشایەکی کرد:
بۆچی ناوێ تەنوورەکەی بەرز بووە و قاچی سپی و گۆشتنی دەرکەوت.
تەواوی لاوەکان بە ئاماژەی سەر قسەکانی ڕاکۆیان سەلماند هەر کەس شتێکی وت :
٭حەقتە سەرت گێشت بخوات
٭ من بوومایە هەر ئەمردم
٭ هەڵبەت مرۆڤ حاڵی تێکەچێ
یەکێ لە لاوەکان ئاماژەی کرد هەمووان بێ دەنگ بن و پرسی:
باشە دواتر چی؟
ڕاکۆ پێکەنی لە پاشماوەکەی دەترسم شەو خەو نەچێتە چاوتان .
چەند کەس پێکە و هاواریان کرد :
کوڕی باش باسی بکە دیقمان پێ مەکە .
کاتێ ڕاکۆ لە پاڵ کانی دانیشتن و نان خواردن و ڕاکشانی کچەکەی باس ئەکرد ، لاوەکان وەک مرۆڤی جادوولێکراو بێدەنگ و بێ جووڵە وەستابوون. هەناسەیان نەدەدا هەر کامیان لە نێو خەیاڵاتی شیرینی خۆیاندا مەلەیان ئەکرد .
لە پڕ فەتحی هەستاو وتی:
هاوڕێیان بچینە ناو پاسەکە ئەو جێگایە ببینین کە ئەو لە سەری دانیشتووە .
ڕاکۆ خەمبار و تووڕە بەردەمی گرت و وتی :
نابێ ناهێڵم کەسێک بچێ و ئەوێ ببینێ.
لەبەرچی ئێمە تەنها ئەمانەوێت ئەوێ ببینین. هەرچۆن بوو کوڕەکان ڕاکۆیان ڕازی کرد نزیکەی بیست گەنج ئەبوون چوونە ناو پاسەکە ڕاکۆ ووتی:
سەیرکەن لەسەر ئەو کورسییە دانیشتبوو پاڵی دابوو بەو جامەوە .
ئەکبەرقۆزی سەری بردە بن گوێی ڕاکۆ وتی :
بهێڵە من خولەکێک لێرەدانیشم بە شەرەفم دوو هێلکەت پێ ئەدەم.
ڕاکۆ ڕازی نەبوو
نابێ
*سێ هێلکەت پێ ئەدەم.
هەر کام لە گەنجەکان بەڵێنی شتێکیان بە ڕاکۆ دا هەتا چەند چرکەیەک لەسەر کورسییەکە دانیشن .
لەو ڕۆژە بە دواوە گەنجەکان بە بەختی شنە گیانەوە یارییان ئەکرد ، ئەگەر کەسێک دوو وشەی بووتایە یەکێکیان شنە گیان بوو .
کوڕەکان ئاگاتان لێیە ئەمڕۆ شنە گیان کولەکە ئەخوات.
٭ چۆنت زانی ؟
٭ ئەم بەیانیە جەنابی بەڕێوبەر کولەکەی ئەکڕی
کەواتە ئەبێ ئەمڕۆ ئێمەش کولەکە بخۆین.
تا ئەو کاتە کەس هەقی بە سەر بەڕێوەبەرەوە نەبوو، بەڵام ئێستا تەواوی لاوەکان هەر کاتێک بەڕێوەبەریان ئەبینی سەریان دائەنەواند و سڵاوی گەرمیان لێئەکرد ، تا تەنانەت هەندێکیان ئەو شتانەی جەنابی بەڕێوبەر ئەیکڕی بە زۆر لێیان ئەسەند و ئەیانبرد بۆ ماڵەوەیان ، بە هیوای ئەوەی شنە گیان ببینن .
هەر کام لە لاوەکان ئەو شانازییان بە نسیب بووایە خێرا ئەچوون بۆ قاوەخانەکە ئەوەی بینیویەتی بۆ هاوڕێکانی باس ئەکرد.
٭ کوڕەکان خۆی هات دەرگاکەی بۆ کردمەوە نازانن چەند جوان بووە.
٭ چی لەبەر کردبوو ؟
٭ لەو جۆرە قوماشانەی کە ئەڵێی شووشەیە تەواوی لەشی دەرئەخات.
٭ وای ئای خۆزگەمان بە خۆت .
٭کاتێک کیسەکەم دایە دەستی نووکی پەنجەی بەردەستم کەوت لاشەم ئاگری گرت .
٭ باشە چی تر؟
٭ بەڵێ پاشان بۆن و بەرامەی هات بە سەرما چیتان پێ بڵێم .
٭بڵێ کوڕە بۆچی لاڵ بوویت ؟
لە ڕۆژەکانی سەرەتادا هەرچیەکیان ئەگوت ڕاست بوو ، بەڵام وردە وردە قسەکان ڕەنگی ئەفسانەیان بەخۆوە گرت، هەریەک هەوڵی ئەدا باسێکی خۆش سەبارەت بە شنە گیان دروست بکات و بۆ ئەوانی تری باس بکات.
فەتحی کە لە هاوڕێکانی تری کەمێک گێلتر بوو بەیانیێکیان جەنابی بەڕێوبەری بینی کە یەک سەبەتە شتومەکی پێیه و ئەیەوێ لە ماڵ بێتە دەر . تێگەیشت جەنابی بەڕێوبەر و خێزانەکەی بڕیاریان داوە بچن بۆ گەشت و سەیران .
بەبێ ئەوەی ئەو هەواڵە بە کەس بدات بە نهێنی کەوتە شوێنیان خۆی لە پشت دارەکانەوە شاردەوە وەک سێبەر بە شوێنیانەوە بوو.
جەنابی بەڕێوبەر و خێزانەکەی چوون بۆ قەراغی ئاوێک لە ناوەڕاستی دارستاندا بوو لەبەر ئەوەی ئاسوودەبن و دووربن لە چاوی لاوەکان لەو شوێنەدا جێگەیان گرت.
فەتحی زیرەکانە چووە سەر دارێک و خۆی لەناو گەڵاکانیدا شاردەوە . دوای ئەوەی کە نانی نیوەڕۆ ئەخۆن شنە گیان بڕیار ئەدا کە لەناو ڕووبارەکەدا مەلە بکات .
لە پشت دارێکەوە کە فەتحی لە سەر ئەو دارە خۆی شاردبووەوە جلەکانی دائەکەنێ بۆ ئەوەی مایۆکەی لەبەر بکات فەتحی بە ئەندازەیەک ئەبڵەق بووبوو زۆری نەمابوو بکەوێتە خوارەوە بە زۆر خۆی گرتبوو.
شنە گیان هێدی هێدی ئەچێتە ناو ئاوەکە و ماوەیەک لەناو ئاوەکەدا مەلە ئەکات .
پاشان دێتە دەرەوە و لە سەر سەوزاییەک پاڵئەکەوێت تا خۆی بداتە بەرخۆر.
فەتحی بە بینینی ئەم دیمەنە سەری گێژە ئەخواو کۆنتڕۆڵی خۆی لە دەست دەدا و وەک پارچە گۆشتێک لە سەر دارەکە ئەدا بە زەویدا .
شنە گیان ئەزریکێنێت و ڕووی دائەپۆشێ جەنابی بەڕێوبەر هێرش دەکاتە سەر فەتحی ، بەڵام فەتحی کە نیوە گیان و بێ هۆش لە سەر زەوی کەوتبوو پێویستی بە کوتەک کاری و لێدان نەبوو.
جەنابی بەڕێوبەر و خێزانەکەی بێتاقەت و تووڕە گەڕانەوە بۆ ماڵەوە .
فەتحی دوو هەفتەی تەواو لەسەر جێ کەوت دیسانیش هەزاران جار سوپاسی خوای ئەکرد کە جەڵدە لێی نەداوە ، ئەگەر ڕۆستەمی زاڵیش لە جێگەی ئەو بوایە و ئەو دیمەنەی ببینیایە بێ گومان هەر لەوێدا ئەمرد.
ماوەی دوو حەفتە لە قاوەخانەکە هەمووان لە دەوری یەک کۆئەبوونەوە سەبارەت بەو ڕووداوە قسەیان ئەکرد ، لاوەکان لە دەوری فەتحی کۆبوونەوە و هەر کامێکیان شتێکیان بۆ بانگ ئەکرد، تا فەتحی بەسەرهاتی ئەو ڕۆژەیان جوانتر بۆ بگێڕێتەوە.
فەتحی هەر بە ڕاستی چووبوە بۆ ژێر کاریگەری ئەو ڕووداوەوە ، تەنانەت چرکەیەکیش خەیاڵی شنە گیان لەمێشکی دەرنەئەچوو، هەر کە قسەکانی تەواو ئەبوو بەرەو ماڵی جەنابی بەڕێوبەر ئەکەوتە ڕێ ، چەندین سەعات بێهوودە بە دەوری ماڵەکەیان دا ئەسووڕایەوە.
ئەو ڕۆژێک کاغزێکی لوورکراو لە پەنجەرەی ماڵی جەنابی بەڕێوبەر هەڵدرا و کەوتە بەر پێی فەتحی، فەتحی کاغزەکەی هەڵگرتەوە و کردییەوە بە خەتێکی ژنانە ئەم ڕستەیە نووسرابوو:
" ئەزیزم لە عومری خۆمدا لاوێکی وەک تۆ بە وەفام نەدیوە نیوەشەو لە پشت دەرگای باخەکە چاوەڕێتم".
فەتحی بە خۆی ئەگوت دڵنیام داوێکیان بۆ داناوم جەنابی بەڕێوبەر نەخشەی بۆ کێشاوم ئەیەوێت لەسەر ڕووداوەکەی ئەو ڕۆژە و لەسەر ئەوەی بۆ لاوەکانم گێڕاوەتەوە کوتەکی باشم بکات ، بەهەرحاڵ ناکرێت چاو لەوەها پاروێکی چەور بپۆشرێ، نیوە شەو بەرەو ماڵی ئاغای بەڕێوبەر ، پاش چەند خولەکێک دەرگای باخەکە ئەکرێتەوە و شنە گیان بانگی دەکات بۆ ناو باخەکە.
فەتحی چاوی لە هەموو شتێک پۆشی تەنانەت لە گیانیشی ، چووە ژوورەوە شنە گیان باوەشی پیا کرد ماچی یەکەمی ئەوان کاتژمێرێکی خایاند، ماچی دووەم دوو کاتژمێری خایاند، کچەکە وەک لەزگە بە فەتحی وە چەسپی بوو بەڕەڵای نەدەکرد.
بەیانی ئەو ڕۆژە فەتحی دووبارە نەخۆش کەوت ئەمجارە نە لەگەڵ کەس قسەی ئەکرد نەئەشچوو بۆ قاوەخانەکە ، ویستیان بینێرن بۆ نەخۆشخانەیەک لە شار بەڵام سەفەرکردن بۆ ئەو دژوار بوو.
لەناو ئەو ڕووداو بە سەرهاتانەدا هەواڵێکمان بیست کە فەتحی لەگەڵ شنە گیان هاوسەرگیرییان کردووە، دەمی لاوەکان لە سەر سوڕماندا کرا بووە هەر کەسە شتێکی ئەوت بەڵام هیچ کەس هۆکاری تەواوی ڕووداوەکەی نەدەزانی .
فەتحی بەر لەوەی نەخۆش بکەوێ کەسێکی تەواو نەبوو ئێستا سەت جۆر عەیبی تری بۆ زیاد بووە ، بە بوونی ئەو هەموو لاوە قۆز و خانەدانە بۆ شنە گیان فەتحی هەڵبژارد.
دوای یەک حەفتە لە زەماوەندەکەیان باسی جیابوونەوەکەیان بە تەواوی ناوچەکە بڵاوەی کرد ، هەموو شتێک بۆ خەڵکەکە دەرکەوت ، شنە گیان لە شار تووشی هەڵە بوو بۆ داپۆشینی هەڵەکەی خۆی هاتبوو بۆم ناوچەیە ، بۆ داپۆشینی خراپ کارییەکەی خۆی پێویست بوو کەسێک بدۆزێتەوە ، لەناو گەنجەکاندا لە فەتحی داماوتری تیا نەبوو ، بۆیە لەگەڵ ئەو هاوسەرگیری کرد و دوای چەند ڕۆژێکیش لێی جیابووەوە .
پاشان گەڕایەوە بۆ شار و تا بە سەری بەرزەوە شوو بکات بە پیاوێکی دەوڵەمەند و خاوەن کارگە.
عەزیز نەسین
بهروار: 16/10/2025
40 جار خوێندراوهتهوه
|