جەنگ و دین و خودا
ساڵێک دوای 7 ئۆکتۆبەر

”ئەوەی ئەم جەنگە دوای ساڵێک نیشانیداوین ئەوەیە کە خودا هەقی بەسەر جەنگی مرۆڤەکانەوە نییە، هانا بردن بۆ دین و دوعاکردن و پاڕانەوە، فریای هیچ هێزێک ناکەوێت توانای دونییانەی نەبێت و لە رووی سەربازیی و تەکنۆلۆژیای جەنگەوە، خۆی بۆ پێکدادان ئامادەنەکردبێت. ئەوانەی شەڕ دەکەن مرۆڤەکانن لەگەڵ یەکدا نەک خودای ئەم یان ئەو دین، یان خودای ئەم یان ئەو میلەت، لەگەڵ ئەویتردا. ئەو گوتارەش کە لەم جەنگەدا کەوت و هیچ نرخێکی عەقڵانیی و ئینسانیی و سەربازیی نەما، گوتاری شەهادەتە. ئەم جەنگە، دوای ساڵێک، تاقە شتێکی نیشاندابین ئیفلاسی تەواوەتی کردبێت، گوتاری شەهیدبوون و شەهادەتە، کە لە رووی کردەییەوە بێنرخ و بێبەهاکردنێکی ڕەهای ژیانی مرۆڤەکانە و کوشتنیشیان وەک کڕینی بلیتێکی یەکسەرە بەرەو بەهەشت بە ئیمانداران دەفرۆشێتەوە.

کەوتنی ئەم زمانە دینییە و وێرانبوونی دوو هێزی سەرەکیی سەر بە ئیسلامی سیاسیی لەناوچەکەدا، واتە وێرانبوونی حەماس و حیزبوڵا، هەندێک بەرەو ئەو بۆچوونە دەبەن کە پێیانوابێت جەنگی ٧ ئۆکتۆبەر سەرەتای کۆتایی ئیسلامی سیاسییە، هەم وەک ئایدیۆلۆژیایەکی سیاسیی و هەم وەک بزوتنەوەی سیاسیی. لەمەشدا جۆرێک لە بەراوردکاریی ئەنجامئەدەن لە نێوان دۆخی دوای ٧ ئۆکتۆبەر ی ساڵی ٢٠٢٢، لەگەڵ جەنگی ٦ رۆژەی ساڵی ١٩٦٧. وەکچۆن دۆڕاندنی جەنگی شەش ڕۆژەی ساڵی ١٩٦٧دا باوەڕی بەشێکی گەورەی دانیشتوانی جیهانی عەرەبی بە ناسیۆنالیزمی عەرەبی، القومیە العربیە، بە گشتیی و بە  ناسریزم بەتایبەتی، وێرانکرد. ئەم کەوتنەی حەماس و حیزبوڵاش سەرەتای کەوتنی پرۆژەی ئیسلامی سیاسیی و کەوتنی گوتاری شەهادەت و کۆتایی گوتاری بەدەمەوەچونی ئیلاهی بۆ جەنگی مرۆڤەکان لەگەڵیەکدا، بەرجەستەدەکات.  

وەکچۆن کەوتنی ١٩٦٧ تەنها کەوتنێکی سەربازیی نەبوو، بەڵکو بەرجەستەکەری کەوتنێکی ئایدیۆلۆژیی و ئەخلاقیی و فیکریی و دەزگایی و رەمزیش بوو، بەهەمان شێوە کەوتنی حەماس و حیزبوڵا و بەرەی بەرگرییەکەیان، تەنها کەوتنێکی سەربازیی نابێت و کەوتنی کۆی پرۆژە سیاسیی و ئەخلاقیی و فیکریی و دەزگایی و رەمزییەکەیشیان، دەبێت.

بێگومان کەوتنی ئەم گوتارە سیاسییە دینییە، مانای کەوتنی دینداریی نییە، وەکچۆن «دینی سیاسیی» و «دینیی ئاسایی» خەڵک یەکشت نین. برێکی بەرچاوی مرۆڤی ئەم ناوچەیە کەسانی دیندارن و بە دینداریش دەمێننەوە، ئەوەی دەکەوێت ئەو گوتارە سیاسیی و سەربازیی و رەمزییەیە، کە بەدەوری دینداری سادەی مرۆڤەکاندا دروستکراوە و خوداش رادەکێشێتە ناو جەنگی مرۆڤەکانەوە لەگەلیکتردا.“

یادەوەریی فەیسبوک: 2024.10.14

د مەریوان ووریا قانیع
ئەمستردام
به‌روار:  14/10/2025
56   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   20
کۆی سه‌ردان:   30806399