|
گۆڕی بەدری خوشکم 😪
بەدریەی شۆخ و شەنگ و گۆڕغەریبی شاران.
بەداوی خوشکم تا بڵێیت جوان و سەنگین و قەشەنگی ناو فەرمانبەرانی غابات بوو، جێگەی سەرنجی دۆست و ئەحباب بوو، سەرچاوەی ئیلهامی شیعرو پیاهەڵدان بوو، شاعیرێکی سلێمانی (ع.بەسۆز ) دوو شیعری جوانی بۆ نووسیووە..یەکێ بەناوی بەدری ئاسمان و بەدری زەوی.
بەژن و باڵایشی بە پەیکەرێکی جوانی دیمەن و رەڤتار داناوە لە دێرە شیعرێکیدا دەڵێ.
شەو لەراهی خوا خۆڕخێری پێکرد
ڕۆژ کەلێی بڕا سیسەوخەفەت بار
بەڵام( بەدری) ئەرز خوابەهرە پێبەخش
ڕۆژوشەو تیشک و ترفەی بەرقەرار
لە شیعرێکی تردا بەناوی جوانترین پەیکەر دەڵێ..
حەیاو حورمەت، سام وهەیبەت ، لوتف و ویقار لە (بەدریا)
یەک لەیەکترئاشکرا ترخۆی دەرئەخا چەشنی ئاڵا
سۆزی بڕوام ئەڵێ بەدری هەزار رەحمەت لە شیرت بێ
کەبوونی تۆ ڕۆشناییە لە هەرشوێن ولەهەر ماڵا
---بەڵێ بەدری یا بەداو بەتەمەنی هەرزەیی تووشی نەخۆشی کتوپری دوابڕاو دەبێ ...خاوەن سێ کوری بچووک: (ڕەوەزو ڕەزو ڕێباز) کە ساڵێک تەمەنی بوو....هەڵکەوتی مێردی لە زەمانی بەعسی کورد قران بە دزی رژێمەوە بەدریە دەگەیەنێتە تاران بەنیازی چارەسەری لە لەندەن ویستگەی حەسانەوە لە شام پایتەختی سوریا دەبێ. بەدریە لەوێ زانیی نەخۆشیەکەی چیە نامەیەک بۆ دایکی دەنێرێ و دەنووسێ...
دایە گیان ئەگەرچی ئەرکە ئەو سێ منداڵە بگرە خۆت و بچوکەکە لە خەسوم وەرگرە تا تەربیەت و سۆزیان وەک یەک بێ..ئەوانە دیاری و یادگاریین با پێکەوەبن ...ئێستا زانیم بۆچی بەکووڵ بۆم دەگریان...توخوا دایە، ئەگەر نەتانبینیمەوە، جلی رەشم بۆ مەکەن.جەژنی لەدایکبوونی منداڵەکانم هەموو ساڵێک بۆیان بکەن...توخوا دایە لەجیاتی من مناڵانم بگەرێنن با بێدایکییان پێوە دیار نەبێ..ئۆف دایە گیان خۆزگە بەحاڵی خۆمم بزانیایە بەجێم نەئەهێشتن ، لەباوەشی ئێوە تێر تێر دەمڕوانیە چاوەکانتان وفرمێسکەکانتان ،ئەو کاتە ماڵئاوایی یەکجاریم لێدەکردن و لە خاکی خۆم و لەشاری خۆم دەبووم..ئێوە لە دڵتانا شتێکتان لە من حەشار دابوو..جا دایە خێرنەدیوەکەم ..دایە گیان با پرسەکەم گەرمو گووڕ بێت..ئای چەند حەزم لەمیوان و دەعوەتکاری ببوو.
ئاخ … بەدریە گیان، چەند ساڵە لێم ونیت، هەمیشە بیر لە یارییەکانی سەردەمی منداڵیمان و پێکەوە قوتابخانەت دەکەمەوە ،ئێستا لێم دووریت و ناتگەمێ لە جەژنی نەورۆز هەواڵی کۆچت لەشام گەیشتە لامان و جۆری پرسەکەت کە بەکوردو عەرەب جوانترین مەراسیمی پرسەیان بۆ دانایت و ئەوەی شینی بۆ دەکردی خوشکە بچکۆلەکەت بوو، کە هاوەڵی ڕێگات بوو، بەبووکی بۆ دڵخوازەکەی بردت، فریای ئاهەنگی نەکەوتیت و ئەویش لەسۆی تۆ شایی لێبوو بە شین..ئای بەداوی بەخت رەشی گۆر غەریب پاش ساڵێک هەڵکەوتی هاوسەرت بەر لێبووردنی ساختەی ڕژێم کەوت و گەرایەوە و گیرا… چونکە لەشام وێنەی ناشتنەکەتان، سیخۆرەکان گەیاندیانە ڕژێم بەدوعاو بەرتیل لەپەتی سێدارە ڕزگاری بوو..تا ئێستا ژنی نەهێناو دەیگوت باوەژن بۆمنداڵم دروست ناکەم...
خوشکە لێتۆراوەکەم تۆ لەشام بەختەوەر بوویت، کە گۆرستانی شەهیدانی فەلەستین بووە مەسکەنت بەڵام پاش چەندین ساڵ داعش دەستی گەییە گۆرستانەکەت و چوویتە خەوی هەڵکەوتی هاوسەرت و پێت گوتووە بۆ سەرم لێنادەیت..بۆ ئەڵقەت لە پەنجەیا نیە و گەلێ پرسیاری تر..چەند جار چوویتەوە خەوی، ئەوەبوو بریاریدا لەگەل ڕێبازی کوری سەردانت بکەن، کاتێ هاتنە لات و گۆڕستانەکەیان دۆزییەوە واقیان وڕما و سەرگەردان و حەیران بوون، چونکە داعش لە گۆرستانیش دەستی نەپاراستبوو، هەموو گورستانی تەخت کردبوو و تەنانەت کێلەکانیش نەمابوون و تۆیش لەگەڵ شەهیدەکان گۆر بزر بوویت و یادگارێکی تاڵ و تفتت بۆ جێهێشتین و هاوسەرو کوڕەکەت بەدڵێکی خەمبار گەرانەوە سلێمانی و ئەم چیرۆکە پڕخەموحەسرەت و غەمگینەیان بۆ گێرامەوەو کاری تێکردم و ئەم نووسینە لە دایکبوو ..بۆیە دەڵێم هەرگیز لەیادم ناچی خوشکە شیرین و بەدبەختەکەم ،جێگەت بەهەشت بێت ..ناتوانم بلێم بنوو خەوی خێرت بێت ..چونکە کفنەکەشت نەماوە ..ئاخ بۆ زەمان چیی بەسەر کورد هانی.
د. شەکراو رەسوڵ
بهروار: 26/12/2025
144 جار خوێندراوهتهوه
|