سوکایەتیی دیپلۆماسی بە تورکیا، یان کۆتایی سەردەمی پان‌ترکیزم

بۆچی تورکیایان لە وتووێژەکانی «هێزی پاراستنی ئاسایشی غەزە» وەدەرنا؟

ئەم بڕیارە چ مانایەکی بۆ ڕۆژئاوای کوردستان و کورد هەیە؟

وەدەرنانی تورکیا لە وتووێژەکانی پەیوەست بە «هێزی نێودەوڵەتیی ئاسایشی غەزە» بە ڕێبەرایەتیی CENTCOM ی ئەمریکا، تەنیا پشتگوێخستنێکی دیپلۆماسی نییە؛ ئەم بڕیارە ئاماژەیەکی بنچینەیی بۆ داڕمانی ڕۆڵی تورکیا لە نەزمە ئەمنییە نوێیەکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، نەزمێک کە تێیدا چیتر پان‌ترکیزم هیچ کارکردێکی ئەمنیی نەماوە.

کاتێک 45 وڵات لە ئاستێکی ئاوەها باڵادا بانگهێشت دەکرێن و تورکیا، بەو هەموو بانگەشە هەرێمییانەیەوە، لادەبرێت، پەیامەکە ڕوونە:
تورکیا لە ڕوانگەی کایەگێڕەکانی سەرەکییەوە، بنەما و بەرهەمهێنەری ناسەقامگیرییە، نەک گەرەنتیکەری ئاسایش.

تورکیا؛ لە دوژمنی کوردەوە بۆ ئەکتەرێکی ئەمنیی دزێو

بۆ چەندین ساڵە، ئەنقەرە بە پاساوی ئاسایشی نەتەوەیی، ڕۆژئاوا و هێزە کوردییەکانی وەک هەڕەشەی سەرەکی دەناساند.
بەڵام ئەمڕۆ، هەمان تورکیا:
☆ بەهۆی پشتگیریی سیاسی لە حەماس.
☆ گەمەی دوو لایەنە لەتەک ناتۆ و ڕووسیا.
☆ و سیاسەتە ئایدیۆلۆژی و پێشبینینەکراوەکانی.
خودی وەک کێشەیەکی ئەمنیی خراوەتە لایەوه‌.
ئەمە جێگۆڕکێ و گۆڕانکارییەکی مێژووییە: ئەوەی بە ناوی ئاسایشەوە، کوردی سەرکوت دەکرد، ئێستا خۆی لە سەر مێزی ئاسایش سڕاوەتەوە.
#ڤیتۆی_ئیسرائیل و پەیامە ناڕاستەوخۆکەی بۆ ڕۆژئاوای کوردستان

ڤیتۆی ڕاشکاوانەی ئیسرائیل دژی ئامادەیی تورکیا لە هەر هێزێکدا بۆ غەزە، تەنیا دژی ئەنقەرە نییە؛ بەڵکوو پشتڕاستکردنەوەی ئەم ڕاستییەیە کە:
ئەکتەرە ئایدیۆلۆژییەکانی ئیخوانی جێگەی لە تەلارسازیی ئەمنیی نوێدا نییە. بەڵکوو ئەو هێزانەی لە مەیدانی کردەوەدا ئاسایشیان بەرهەم هێناوە، پێوەرن. لەم چوارچێوەیەدا، ئەزموونی #خۆڕێوەبەریی ڕۆژئاوای کوردستان لە شەڕی دژی داعشدا، بە پێچەوانەی پڕوپاگەندەکانی تورکیا، هێشتا لە هاوکێشە ڕاستەقینەکانی وڵاتانی ڕۆژئاوادا زیندوو ماوە، تەنانەت ئەگەر لە بەیاننامەکاندا ناوی نەبرێت.

کۆتایی وەهمی #پان‌ترکیزم،
دەسپێکی ڕیالیزمی ئاسایش

پان‌ترکیزمی ئەردۆغانی دەیویست بە دروشمی:
☆ هەم ڕێبەرایەتیی جیهانی تورک،
☆ هەم هەژموون لە جیهانی ئیسلام،
☆ و هەم ئەندامێتیی کاریگەر لە ناتۆ،
هەموویان پێکەوە کۆ بکاتەوە.
بەڵام #سڕینەوەی_تورکیا لە وتووێژەکانی غەزە نیشانی دا: نەزمی ئەمنیی ڕاستەقینە بە دروشمدان دروست نابێت. لە بەرامبەردا، پڕۆژەی خۆڕێوەبەریی ڕۆژئاوای کوردستان سەرەڕای هەموو هێرش و گوشارەکانی تورکیا، لەسەر بنەمای #پراگماتیزم، هاوکاریی مەیدانی و بەرهەمهێنانی سەقامگیریی ڕێژەیی شێوەی گرت؛ ئەوەی کە ڕۆژئاوا لە کرداردا پێویستی پێیەتی، نەک لە وتاردا.

پەیامێکی ستراتیژیکی بۆ کورد

ئەم وەدەرنانەی تورکیا، بۆ کورد لە هەمان کاتدا هەم یەک #هۆشدارە و هەم یەک #دەرفەت:
هۆشدارە: چون نەزمی نوێ چاوەڕوانی کەس ناکات.
دەرفەتە: چیتر تورکیا تاقە شانۆگەری ئەمنیی ناوچەکە نییە.
ئەگەر کورد بتوانێت ڕۆڵی خۆی وەک کایەگێڕێکی بەرپرسیار، دژەتیرۆر و سەقامگیرساز بچەسپێنێت، سڕینەوەی تورکیا لە هاوکێشەکانی ئاواهی، دەتوانێت ببێتە هۆی کرانەوەی مەودای مانۆڕی سیاسی بۆ ڕۆژئاوای کوردستان.

پوختەی باسەکە:
ئەوەی ڕوویداوە:
تەنیا سوکایەتیی دیپلۆماسی بە تورکیا نەبوو، بەڵکوو نیشانەی کۆتایی پێهاتنی سەردەمی پان‌ترکیزمە وەک گوایە، ئامرازێک بۆ چەسپاندنی هێزی ئەمنی.
و لە لایەکی ترەوە:
سەلماندنی ئەم ڕاستییەیە کە چێکردنی ئاسایش، بە سەرکوتکردنی نەتەوەکان بەدی نابێت، بەڵکوو بەو هێزانە دەبێت کە لە مەیداندا بەرپرسیارانە بجولێنەوە.
نەزمی نوێی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە حاڵی شێوەگرتندایە و تورکیا، بە پێچەوانەی بانگەشەکانی، لە دەرەوەی بازنەی بڕیاردان وەستاوە.
بە بوێری و جەسارەتەوە دەتوانرێت بێژین: کورد بە فەلسەفەی #ژن_ژیان_ئازادی، دینامۆی دیموکراسی و ڕێنیسانسی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە.
بابان سەقزی
دیسەمبەری 2025
کۆپنهاگن
به‌روار:  22/12/2025
135   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   502
کۆی سه‌ردان:   31002151