ئەمریکا و فەڕەنسا 🇫🇷🇺🇸 کۆتاییان بە هێرشی تورکیا هێناوە

بەپێی هەواڵێک کە کەناڵی “فۆکس نیوز”ی ئەمریکی لە ڕاپۆرتێکی نوێدا بڵاویکردۆتەوە، زانیاریی هەستیار لەسەر ئاییندەی ڕۆژئاوای کوردستان و باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا ئاشکرا دەکات و ڕایدەگەیەنێت، کە واشنتۆن و پاریس دۆسیەی هێرشی سەربازیی تورکیایان بۆ سەر هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) بە یەکجاری کۆتایی پێهێناوە.

ڕۆژی شەممە بەپێی ڕاپۆرتەکەی فۆکس نیوز، هەر یەک لە فەرەنسا و ئەمریکا گەیشتوونەتە جۆرێک لە ڕێککەوتن و یەکلاکردنەوەی دۆسیەی ئاسایشی نەتەوەیی تورکیا و پرسی هەسەدە. بەوپێیەش، ئەگەری هەر هێرشێکی نوێی سوپای تورکیا بۆ سەر ناوچەکە کۆتایی هاتووە و ئەو دۆسیەیە بە تەواوەتی داخراوە.

کەناڵەکە لە زاری سیاسییەکی باڵای ئیسرائیلییەوە بڵاویکردووەتەوە، کە پڕۆسەی ئاشتی لە تورکیا و گفتوگۆکانی “ئیمراڵی” لە بەرژەوەندیی ئەنقەرەدایە. ئەو بەرپرسە هۆشداری دەدات کە “هەر هەڵەیەک لەلایەن تورکیاوە بە واتای بەرپابوونی جەنگێکی گشتگیر دێت لە ناوچەکەدا.”

هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە، کە ئیسرائیل پلانی تایبەتی خۆی هەیە و ئەمریکاش بە تەواوی ئاگاداری نیازەکانی تەلئەبیبە لە ئەگەری هەر جوڵەیەکی نەخوازراوی ئەنقەرە.

لە بەشێکی تری ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، کە نەخشەڕێگایەک هەیە بۆ تێکەڵکردنی هێزەکانی سووریای دیموکرات بە سوپای سووریا، بەڵام بە شێوازێکی تایبەت، بۆ نموونە: هەسەدە وەک قەوارەیەکی سەربەخۆ لە چوارچێوەی سوپای سووریادا دەمێنێتەوە. هاوکات کەسایەتییە دیارەکانی هەسەدە و ئیدارەی خۆسەر پۆستی وەزارییان لە حکومەتی داهاتووی دیمەشقدا دەبێت.

ئەم پێشهاتانە نیشانەی گۆڕانکارییەکی ڕیشەیین لە هاوکێشەکانی ناوچەکە و ئاماژەن بۆ ئەوەی کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەیەوێت لە ڕێگەی سیاسییەوە کۆتایی بە گرژییەکانی نێوان تورکیا و کوردانی سووریا بهێنێت.
زەمەن
به‌روار:  22/12/2025
404   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   501
کۆی سه‌ردان:   31002149