مارەکەی هەژار و هێمن
من ھێمنم پێ لەھەموو شاعیرانی کورد شاعیرترە؛بەو شەرتەی بۆخۆی شیعری خۆی نەخوێنێتەوە.
شعرێکی بۆم خوێندەوە لەسەر شۆڕشی نوسی بوو،لای وابوو باش نیە.لێم وەرگرت و لەسەر ڕادیۆ خوێندمەوە.زۆریان پەسەند کردبوو.تەنانەت خۆی دەیگوت: تا تۆ نەتخوێندبۆیەوە نەمدەزانی ھێندە شعری چاکە.
کە خەبەری ھاتنی ھێمنم بەمەلا مستەفا دا،زۆری پێ خۆش بوو.ڕایسپاردم کە تا مومکینە خزمەتی بکرێ و دڵی ڕابگرن.
ژورەکەمان سەرەڕای تەنگ و تاریکی،ئەوەندەی مشکی ھەبوو شەوان خەومان لێ حەرام بوو.بەکۆمەڵ مشک تێیدا ڕمبازیان دەکرد.شەوانە لەپاش کاریش چرا زەنبوریمان نەدەکوژاندەوە کەمشک بە ڕوناکی کەمتر دێنە دەر، بەڵام خرمە و ڕمبەی مشک دەوەدا نەبوو.
ڕۆژێک من دەمنوسی،خرتە خرتێک لە نایلۆنەکەی بن میچ دەھات.لام وابوو بارانی لێ دەدا؛ھێمن گوتی:کوا گۆچانەکەت؟ئەوە مارە بیکوژە!
مارێکی جنجیری درێژ کەوتبوویە سەر نایلۆنی بن میچ،بەحاڵ دەیتوانی بڕوا کە نایلۆنەکە لوس بوو.
گوتم:کاکە ئەوە بولبولی خۆمە نایکوژم.مار ھات تا خۆی لەنایلۆن خەلاس کرد و لەدیوارەکەدا نیو مەترێک لەبەروژوری جێ سەرم لەتەختەکە چووە کونێکەوە.ھێمن دەڵێ بیکوژە!دەڵێم نایکوژم!
گوتی:یاخوا ئەم شەو پێتەوە بدا وەک ڕەشکە کا ھەڵتئاوسێنێ!
-بابەمنیشەوە بدا
تا ڕۆژی دووەم مارمان نەدیت.جارێک سەری دەرھێنا.نەخێر ئێمە سەیری ناکەین.وردە وردە سامی شکا.ھاتە دەر و چووە بن میچ زیڕەی لە مشک ھەستاند.ھەی جانمی تاژیە جنجیر! دەی مشک ڕاوکە!قەت مشکێکی بن میچ نەما.ئەمجار بۆیان ھاتە خوار.لەبەرچاوی ئێمە ڕاوی مشکی دەنا و دەیگرت.خوا وەتحەسێنێ قەت تاقە مشکێکی بۆ دەرمانیش نەھێشت.ورکە نانمان بۆ دەڕشتە بن تەخت کرتە کرت دەیخوارد.دەچووە ئاو خواردنەوە و دەھاتەوە ماڵەکەی لەژور سەرم.زۆر لەمێژ ساڵە بروام وایە ھیچ مارێک ئەگەر ئازار نەدرێ لەخۆڕا بەکەسەوە نادا.
ئەو مارە بڕواکەی منی ئیسپات کرد.ببوە پشیلەیەکی پاکی خۆشەویستی بێ پیسایی و میاو میاو.پاش چەند مانگیک کە ئەو شوێنەمان بەجێھێشت،پێشمەرگەی "فارس باوە" چووبونێ.باسی ژوورەکەم کرد.فارس باووە گوتی کردومەتە ژووری خۆم.
تخوا کاک فارس مارێکی کەو ڕەنگەی تێدایە ئاگات لێ بێ نەیکوژن!
فارس گوتی:ھەر ئەمڕۆ دەبێ چۆڵی کەم،چۆن مار دەگەڵ پیاو دە ژورێکدا دەژین؟!
ھەژار
بهروار: 15/09/2025
40 جار خوێندراوهتهوه
|