مەزاری حاجی تۆفیق بۆ فرۆشتن نیە
هێمای نەتەوە هەڕاج ناکرێ
.
دەبێ چی لە ئێسکی پیرۆزی ئەم مرۆڤە مەزنە بکەن؟
.
یەکێتی ساڵانێکە چاوی بڕیووەتە گردی مامەیارە، کە مەزاری پیرەمێرد، هاوسەری، و چەند کەسێکی نزیکی ئەوی لەخۆگرتووە. مامەیارە جێیەکی نایابی قازانجبەخشە گەر بکرێ بە جەنگڵی کۆنکریت و جوانترین هێمانی کورد بسڕیتەوە. خۆ ڕەنگە ئارامگای پیرەمێرد قازانبەخشتر بێ، بەڵام دەسەڵاتداری کورد چۆن لەمە تێدەگات.
.
سلێمانی هەرگیز لە پیرەمێرد مەزنتری بەرهەم نەهێناوە؛ کوردستانیش هەرگیز ئەقڵێکی وەك حاجی تۆفیق نابینێتەوە، کە نمونەی یەکخستنی کۆمەڵ و لەخۆبردن بووە؛ نمونەی بەهای باڵا بووە - لە پەندەکانی بڕوانن - و نەورۆز کە بەمجۆرە دەیبینین، داهێنانی حاجیە. باسی گرنگی بەرهەمی ئەم مەزنە لێرەدا ناکەم.
.
هەموو بە گەندەڵی ڕاهاتووین، بەڵام ئێستا لە قۆناغێکی مەترسیداردایە، یەکێتی و پارتی، لەخۆیان بایی بوون و دەزانن هیچ هێزێك ڕایان ناگرێ، سنووری هەموو گەندەڵیەکیان بەزاندووە و لەگەڵیشیدا سنووری مۆڕاڵ و بەهای ژیان. زۆربەی قەڵەمبدەست و میدیاکاریان کریووە، لە پەلاماری دەنگی ناڕازیدا، پشت بەمان دەبەستن.
.
من وامدەزانی مەزاری حاجی تۆفیق وەك ئەوی حافظ، خیام، بابەتاهیری هەمەدانی، گەنجەوی دەڕازێتەوە و وەك ئەوی جەلالەدینی رومی دەکرێ بە جێی گەشتیار؛ وەمدەزانی وەك ئەوی شەکسپیر دەکرێ بە پەنایەکی ڕۆشنبیری؛ وەمدەزانی مەزاری پیرەمێرد دەبێ بە پێگەیەکی مێژوویی کورد و خەڵکی جیهان سەردانی دەکەن، وەمدەزانی دەکرێ بە مۆزەخانیەك هەموو بەرهەمی - ئەندێشە و فیزیکی، پیرەمێرد دەناسێنێ، وەمدەزانی دەکرێ بە نەخشەڕێی ژیانی پیرەمێرد و ئەودەمە زیندوو دەکاتەوە کە تێیدا ژیاوە.
.
حاجی تۆفیق تەنیا نیە؛ وەلی دێوانە، مەولەوی، تایەربەگی جاف، ئەحمەد موختار، قانع، موفتی پێنجوێنی، شێخ نوری شێخ ساڵح، گۆران، بێکەس و دەیان مرۆڤی مەزنی دیکەی لەخۆگرتووە.
پایەی بڵندی نەتەوە، ڕۆشنیران و خاوەن قەڵەمیەتی، نەك سیاسی و ئیداری. خۆ گەر چەند شاعیر، نووسەر، ڕۆشنبیر و فەیلەسوف لە ئیران دەربهێنرێ، پێگەی نەتەوەی لاواز دەبێ. ئایا شکسپیر چ کاگریگەریەکی لە ئینگلیز و زمانی ئینگلیزی کردووە؟ هەموو دکتۆر تەها حسێن دەناسین، وەزیری ڕۆشنبیری بوو، کێ دەزانێ سەرۆك وەزیرانی کێ بوو؟
.
دەسەڵات بە زۆرەملی دەتوانێ هێما بەسەر نەتەوەدا بسەپێنێ، بەڵام ئەمە عومرکورتە، وەك لە لیبیا، سوریا و عێراق دیمان. سەدان پەیکەر و کۆشکی سەدام بۆ چەندین ساڵ بوون بە هێمانی عێراق. ئێستا کوان؟ ئەم هەوڵانە نەزۆكن، هێما نەتەوە خۆڕسك دایدەمەزرێنێ، بە زۆرەملی ناسەپێ. حافظ، رومی، تاگۆر و پیرەمێرد نەسەپاون.
.
ئێستا یەکێتی "نیشتمان"ی "کوردستان" ئەم جێ پیرۆزە هەراج دەکات بۆ ئەوەی چەند مەسئولێکی گەندەڵ و چەند بازرگانێکی سێبەریان، پوڵی دەستکەوت بگەیەننە پایتەختی ئەوروپا. لەوێ چی لێدەکەن؟ وەڵامی پرسیارەکە بۆ خۆتان جێدەهێڵم.
.
لە هەمووی غەمبارتر ئەوەیە، گەر کرا بە جەنگڵێکی کۆنکریت، و ئێسکی پیرەمێرد توڕدرا، پارێزگاری سلێمانی، قردێلە سوورەکەی دەبڕێ و دەیکاتەوە، خۆ گەر لێشی بپرسرێ، ئێوە چۆن ڕێتانداوە، ئەم جێ پیرۆزە بکرێ بە جەنگەڵی کۆنکریت، پارێزگاری گۆڕانخواز دەڵی، "من بەرپرسیار نیم لە موڵکی پارێزگا." حەزم دەکرد بمزانیبا کێ بەڕێوەبەری گشت موڵکی پارێزگای سلێمانیە؟ داخۆ ئۆفیسی کێ بێ؟
.
حەزم دەکرد، "گۆڕانی گردەکە" و "گۆڕانی دەباشان" پێمان بڵێن پارێزگار سەر بەکامیانە؟ مۆم دەکوژێنێتەوە و ملپێچی سەوزباو، نەك مۆر، لە مل دەکات، هەروەك دیمان لە کردنەوەی قوتابخانەی یەکێتیدا. ئاخر ئێستا قوتابخانە، فڕۆکەخانە، پیشانگای کتێب، دەستگای خێرخواز، هەموو سەر بە حزبن.
.
لە هەفتاکاندا ڕەحمەتی نهال صائب - کە دەکاتە باپیری منداڵانم - بەڕێوەبەری گشت موڵکی سلێمانی بوو، ئۆفیسی ئەم بەشێك بوو لە ئیدارەی پارێزگاری سلێمانی، تیمی پارێزگار بەرپرسی هەموو موڵێك بوون لە سلێمانیدا. پیرەمێرد خاڵی نهال صائب-ی ڕەحمەتیە و ئەمیش لە گردی مامەیارەیە، خۆ گەر جیا نەکرێتەوە، بۆ هەردەم پێکەوە دەبن.
.
شازاد صائب کە ڕەنگە تەنیا ناوێکی جوان و ناسراوی نێودەوڵەتی ناو یەکێتی بێ، ئەویش هەر لە مامەیارە، لەلای حاجی تۆفیقەوە نێژراوە. دەبێ داخۆ ئێسك و پروسکیان چی لێ بکەن؟
.
هیوادارم هەر هیچ نەبێ وەزیری ئاوەدانکردنەوەی گۆڕان، لقێلی ئەو شەمەندەفەرەی، کە ساڵەهایە باسی دەکات، بۆ ئەم شوقانە بنێرێ تا خەڵکی ئاسان هاتوچۆ بکەن. هەروەك هیوادارم وەزیری دارایی گۆڕان بوجەیەکی نایاب بۆ شەمەندەفەری ئەم شوقانە تەرخان بکات.
.
تەنیا یەك حاجی تۆفیق-مان هەیە، گەندەڵی هەرگیزای هەرگیز نابێ دەستی پێدابگات. پیرەمێرد دەرفەتێکی زێڕینی مێژوویی پێداوین تا کورد بە دنیا بناسێنین.
.
گرنگی کەسی وەك پیرەمێرد بە رومیدا دەردەکەوێ. سێ نەتەوە خۆیان بە خاوەنی جەلالەدینی ڕومی دەزانن؛ ئەفغانیەکان، چونکە لە بەڵغ لەدایکبووە، لە ئەفغانستانە، شانازم گەر بڵێم سەردانم کردووە. ئێرانیەکان چونکە بە فارسی نووسیویەتی و تورکەکان چونکە لە قۆنیە یان کۆنیە نێژراوە، لە تورکیایە.
.
ژیانتان لەنێوبرد، جوانیتان نەهێشت، یادەوەریمان لە ڕەگەوە هەڵکێشرا، هەرچ بەهایەکمان هەبوو سڕیتانەوە. دەزانم ئێوە خەڵکی کوردستان نین و لەوێ نەژیاون، بپرسن تا بزانن پیرەمێرد چەند گرنگە بۆ کورد.
.
توخنی ئارامگەی پیرەمێرد نەکەون!
.
ئارامگای حافظ - ئێران
د.ڕێبوار فەتاح
لەندەن
بهروار: 09/10/2025
113 جار خوێندراوهتهوه
|