|
جەنگی ئیسرائیل و تورکیا لە سوریا
درەنگ یان زوو ، ئیسرائیل و تورکیا جەنگێکیان لەبەردەمدایە و مەیدانی جەنگەکەیش سوریایە :
ئامانجی تورکیا لەئێستادا ،
بریتیە لەوەی لەجەنگی چاوەڕوانکراوی نێوان تورکیا و ئیسرائیلدا ، کورد پشتیوانی تورکیا بێت ،
یان لانیکەم کورد نەچێتە بەرەی ئیسرائیلەوە .
هاوکات ئیسرائیل لە قوبرسەوە لەگەڵ یۆنان و هاوپەیمانەکانیدا ، بەرامبەر تورکیا وەستاوەتەوە و بە تەواوی تورکیای بەگیرهێناوە ،
بەڵام ،
ئەمێریکا ژیرانە نایەوێت ڕاستەوخۆ دژایەتی تورکیا بکات ،
چونکە ،
زۆر کار ماون ئەبێت تورکیا لەناوچەکەدا بیکات ، تا ئەوکاتەی ئێران دێتە سەر ئەژنۆ .
ڕۆڵی کورد لەناوچەکەدا گەرچی ئێجگار دژوارە ،
بەڵام ،
کورد وەکو ڤیتامین سی وایە ،
بەبێ کورد هیچکام لە زلهێزەکان ناتوانن لەناوچەکەدا ئەجنداکانیان بەبێ ئازار بپێکن ، لەشی مرۆڤیش بەبێ ڤیتامین سی ناتوانێت بەرگری بەهێز بێت .
پێچەوانەی زۆرینە ، گەشبینم بە سبەینێی کورد ،
گەرچی دوو تا سێ ساڵی سەختمان لەبەردەمدایە ،
بەڵام ،
ئێمە سەرئەکەوین و بەبێ ڕازیکردنی کورد زلهێزەکان ناتوانن نەخشە و پلانەکانیان جێ بەجێ بکەن .
ئەوەی لەباکور ڕوئەدات ، نەک مەترسی نیە ، بەڵکو لە بەرژەوەندی کورددایە ،
ئاپۆ ژیرانە پێش زۆرینەی سەرۆکەکانی جیهان هاوکێشەکانی بینی ،
کورد لەباکوردا لەبازنەیەکی داخراوی ناوخۆیی و نێودەوڵەتیدا بوو ،
بەڵام ،
بەم پرۆسەی ئاشتیە ، بازنەکە شکا .
گرنگ نیە دوژمن چ ناوێک کە پرۆسەکە ئەنێت .
گرنگ ئەوەیە لەدەستووردا دان نراوە بەهەبوونی نەتەوەی کورددا ، وەکو هەنگاوی یەکەم ، ئەمە سەرکەوتنە .
ئەم قۆناغە ناچاری بوو ، ئەبوو بیبڕین ، کارتی دیکەمان لەدەستدا نەمابوو ، بەتایبەتی دوای شکستی پشتێنەی شیعەی ئێران و عەلەویەکان لەسوریا ،
بۆشایی هێز دروست بووبوو .
سەرنج بدەن ،
یەکەم :
کورد ڕۆژی لەدوای ڕۆژ هەستی نەتەوەیی بەهێزتر ئەبێت .
دوهەم :
ڕێژەی وەچەخستنەوە لەناو کورددا زۆر زیادترە تا تورک و ئەرمەن وشەرکەس و لازەکان .
سێهەم :
ئەوانەی زۆر گرنگی بە کاری سیاسی ئەدەن و پیشەکاری ڕامیارین ، زۆرینەیان کوردن .
ڕۆژێک دێت ، لەهەڵبژاردنی پەرلەمانیدا ، تورکێکیان دەست ناکەوێت بیکەن بە سەرۆک ، وەک چۆن ئێستا زۆربەی جومگەکانی کۆماری تورکیا ، کوردن .
یەکێک لەکێشەکان ئەوەیە :
چین و توێژێک لەناو کورددا هەن ، لە ئاپۆ تێناگەن ، وەک چۆن لە باشوریش هەندێک کەس لە جەلال تاڵەبانی تێنەئەگەییشتن .
ئەوەی زۆر گرنگە بۆ تاکی کورد ئەوەیە ،
هەرگیز کورد سەرەڕای دڕندەیی دوژمنان و زلێهزەکانی جیهان بەرامبەر بەکورد ، هێشتا ئێمە ڕادەستیان نەبووین و نابین .
بەبێ کورد ناتوانن هەنگاوێکی بێ ئازار بەسەر خاکماندا بنێن .
ئەمێریکا و ئیسرائیل باش ئەزانن بەبێ کورد ، هەرگیز ناتوانن بەرژەوەندیەکانیان بپارێزن ،
چ وەکو ڕێرەوی ووزە ،
چ وەکو پشتێنەی ئاساییشی ئیسرائیل .
تەنها نەتەوەیەک لەناوچەکەدا کە دوژمنی ئیسرائیل و ئەمێریکا نیە ، کوردە ،
ئەوان ئەو ڕاستیە ئەزانن و کردوویانە بە بەردی بناغەی پلانەکانیان ،
ڕەنگە زۆرینە ، وەکو خەو لەم گەشبینیە بڕوانن .
بەڵام سبەی ئەبینین چۆن تورکیا لەدەستی تورکدا نامێنێت و ناوەکەی و سیستمەکەیشی و سنورەکەیشی ئەگۆڕدرێت .
هەرگیز زلهێزەکانی جیهان ناهێڵن زلێهێزێکی ئیسلامی لە جیهاندا زیندوو بێتەوە و ڕێگە نادەن ( ئوربان *) ێکی دیکە بۆ ئۆسمانیەکان لەدایک بێتەوە .
هەرگیز پێج دەوڵەتەکەی ئەنجومەنی ئاساییشی نێودەوڵەتی کە هیچ کامیان ئیسلام نین ، ناهێڵن دەوڵەتێکی بەهێزی ئیسلامی خاوەنی چەکی ئەتۆمی و موشەکی دوورهاوێژ و چەکی کۆکوژ هەبوونی هەبێت .
ئەو سەردەمە چوو ، تورک بەناوی ئاینەوە سەدان ساڵ گەلانی ناوچەکەیان چەوساندەوە و لەناو بۆتەقەی تورکبووندا تواندیانەوە .
سەرنج :
ئوربان (Orban/Urban) ، ئەندازیار و دروستکەری تۆپ بوو، ڕۆڵێکی گرنگی هەبوو لە داگیرکردنی (ئیستانبول) لە ساڵی ١٤٥٣ دا .
ئوربان لە بڕاشۆ ، ترانسڵڤانیا بوو ، کە ئەوکات بە پاشایەتی هەنگاریا وابەستە بوو .
سەرەتا پێشنیاری خزمەتکردنی بە ئیمپراتۆری بێزەنتی کرد ، بەڵام ئەوان پارە و کەرەستەی پێویستیان نەبوو .
دواتر چووە لای سوڵتان محەمەد دووەم و بۆ سوپای عوسمانی تۆپێکی زۆر گەورەی دروست کرد ، کە بە «تۆپی باسیلیک» ناسراوە .
ئەو تۆپە لە کاتی ئابڵوقەی ئیستانبول دا بەکارهێنرا و بە تایبەتی بۆ تێکشکاندنی دیوارە بەهێزەکانی شار گرنگ بوو .
دواجار بەهۆی خۆفرۆشیی کریستێکەوە هاوکێشەی هێز لەمێژوودا لارەسەنگ بوو .
لەکاتێکدا سەدان ساڵ بوو ئۆسمانیەکان بەردەوام هێرشیان ئەکردە سەر ئیستانبول ، بەڵام تێکئەشکان و سەرکەوتوو نەئەبوون .
ئەمە وانەیەکی زۆر گرنگی مێژووییە بۆ ئێمەی کورد و هەموو گەلانی بندەست .
ئاسۆ دارەشمان
بەرلین
بهروار: 23/08/2026
49 جار خوێندراوهتهوه
|