کاک نەوزاد قەفتان 😪

من لەسەر دیداری پیاوێک ئەدوێم لای من هیچ جیاوازی نییە لەگەڵ دیدەنی ڕۆشنایی و ڕووناکیدا، 
ئەو ڕووناکیەکە کەئەسوتێت بۆ ئەوەی تاریکی بسڕێتەوە.
ئەو تاکە کەسە کەباڵی بۆ کتێبەکان دروست کردو  فێری فڕینی کردن … ئەو وشەو ڕستەکانی فێری لەباڵدان کرد.

کاک نەوزاد قەفتان لەتاریکیدا هەتاوی ناو کتێبەکانەو  لەئێواراندا مۆمی ناو کۆڕەکانەو لەکاتە نادیارەکانیشدا دەستی هاوکاری و بەخشندەیی زۆربەی نووسەران و هونەرمەندانە.

من شانسی ئەوەم هەبوو بەسەفەرێکی درێژی ئەدەبی. تێپەڕینی زیاتر لەچەند مانگێک لەسێبەری هەوارگەکەی خۆی و زیاتر لەبیست شاری ئەوروپا منی کردە هاوسەفەری ڕێگەی خۆشەویستی خۆی، لەهەموو وێسگەیەکیشدا جوانییەک و میهرەبانییەکی نوێی ئەم پیاوەم بۆ ئاشکرا دەبوو، 

دەچووینە هەر شارێک کەسانێکی زۆر لەکوردی هەر چوارپارچەی کوردستان، بەگەرمییەکی زۆرەوە، پێشوازییەکی وەهایان لێدەگرین، من واهەستم دەکرد لەگەڵ نالی و حافز و سەعدی و مەلانادا سەفەرم کردووە !!
کاک نەوزاد قەفتان پیاوێکە ڕێک ئەڵێی لەکەوکەبی کتێبەکان هاتووەو نیازی سەفەری هەیە بۆ بەهەشتی خۆشەویستی لاپەڕەو پێنووسەکان نۆ ناو دنیای نەمریی،
خودایە ئەم ڕۆحە شیرینە چییە لەم زاتەدا کۆتکردۆتەوە؟

ئەم هەموو سۆزو میهرەبانی و هێمنی و دڵفراوانییە چییە لەم دڵە سافەدا ئەڵێی خودا هەزار بەشی زیاتر لە سۆزو موحیبەتی خۆی بەخشیوە بەم پیاوە شیرینە!!
ئەو بەچەشنی کتێبێکی خۆشەویستی و میهرەبانی ئەفسوناوییە.
کاک نەوزاد قەفتان هاوسەفەرو پشتگیرو یارمەتیدەرم بوو بۆ دیوانەکەم لەزۆربەی وڵاتانی ئەوروپا لەوانە سویدو دانمارک و ئەڵمانیا و نەمسا کە سەفەرمان بۆ کردوو لەوێ بەهاوکاری ئازیزانی ئەو شارانە کۆڕمان بۆ سازدا…
من نزادەکەم کاک نەوزاد هەمیشە لەشساغ و تەندروست بێت بۆ خزمەتی جوانی و ئیستاتیکاو پێشکەوتنی ئەدەب و هونەری کوردی، هەرچەندە خۆی پێیخۆش نییە لەهیچ گۆشەیەکی میدیاو راگەیاندنەوە باسی کارەکانی بکرێت، 
هەرچەندە نوسەرانێکی زۆر لەکانییەکەی ئاودەخۆنەوە … بێئەوەی بەتەنها وشەیەکیش لەفەیسبوکەکانیانەوە ئاماژە بەیارمەتییەکانی بکەن.
من لێرەوە خۆم بە قەرزاری ئەم پیاوە شیرینە خانەدانە دەزانم و ناتوانم چاکەی لەیاد بکەم ئەو تیشکی یادگارییەکە لای من بۆ هەتا هەتایە لەناو رووناکی شیعرەکانمدا ئەدرەوشێتەوە.

ئەحمەد محەمەد
به‌روار:  26/07/2026
38   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   160
کۆی سه‌ردان:   31612499