|
ئیخوانی کورد و کەمپینەکەی غەزە🇵🇸
پیلانی پشت کەمپینی ئیخوانەکانی باشور بۆ غەززە نەخشی هێنا…
پێویست ناکات کۆمەکە پێنج ملیۆن دۆلاریەکەی ئەم هاوینە کە لە باشور ئەنجام درا بە چاوی تیرۆریستانی حەماس و ئەعڕابەکانی غەزەدا بدرێتەوە.
لەبنەڕەتدا، کۆمەکەکە پیلانگێڕی بوو نەک مرۆیی و هاوکاری بۆ غەززە.
هەروەک لەگەرمەی کەمپینەکەشدا گۆتم، ئەم کەمپینە هی یەکگرتوو و میتی ماوسکانی نییە.
کەمپینەکە بەردێکە و قەتەر و تورکەکان داویانەتە دەست میتیماوسەکانی ئیخوان تا سەری کوردی پێ بشکێنن.
کەمینەکە بەشێک بوو لە پیلانێکی زۆر گەورەتر، پیلانێک کە لە ٢٠١٧وە داڕێژراوە کە جۆلانی تێدا ئامادە کرا تا سوریای تەسلیم بکەن و دواتریش کوردی پێ سەربڕن و رۆژاڤای پێ بسڕنەوە.
کەمپینەکەی ئیخوان بۆ غەززە لەم چوارچێوە پیلانگێڕییەدابوو وە بەشێک بو لەو ئامادە کارییەی کە لە ٢٠١٧وە تورکەکان بە ئامانجی وەشاندنی گورزی مەرک لە رۆژاڤا کاری لەسەر دەکەن.
ئێستا گورزە کوشندەکە وەشێنراوە و رۆژاڤای تا لێواری مەرگ بردووە. ئەگەری هەیە هەمان چارەنووس و هەمان گورزیش لە چاوەڕوانی باشوردا بێت.
ئەو گورزەی لە رۆژاڤا وەشێنرا، هەمووان تێیدا بەشدار بوون و رۆڵەکان دابەش کرابوون.
تورکەکان، باندەکانی جۆلانی، هۆزە ئەعڕابیەکان، قەتەر و سەعودیە و شێخنشینە نەوتخۆرەکانی دیکەی کەنداو و تەنانەت میسر و حەماس و سوننەکانی عێڕاقیش هەر یەک بەشێوازێک بەشدار بوون.
ئیخوانەکانی باشور و هەموو ئەوانەش کە بەشداری کەمپینەکە بوون، ئاگایانە
یان نائاگایانە بوونە بەشێک لەو پیلانگێڕیە شەیتانیەی دژی کورد و رۆژاڤا.
بەشداری ماخۆکانی ئێمە بەم شێوەیە بوو…
کورد لەم گەلکۆمەکێیەدا دەبوایە بێکەسکوژ بکرێن، بۆ ئەم بێکەسکوژییەش پێویست بوو دونیا بێدەنگ بێت.
هەندێک لە کاراکتەرە سەرەکییەکان پارچەیەک لە شیرینی سوریایان پێدرا و بێ دەنگ کران، بە ئەمریکا و فەرەنساشەوە.
لەو بێکەس کوژییەدا، دەبوایە هیچ کەس و دەنگێک بۆ پشتیوانی کورد نەهێڵنەوە، تەنانەت ئەگەر دەنگەکە ناجدی و لاوازیش بێت، لەوانەش ئیسڕائیل و لۆبی کوردانی جوو لەو وڵاتە.
پیلانگێڕەکە ئا لێرەدایە…
ساڵانێکە تێگەییشتنێک لەناو نوخبەی ئەکادیمی و سیاسی جووەکاندا هەیە.
تێگەییشتنی ئەوەی کورد تاکە نەتەوەیەکە لەرۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کە دەکرێت هاوپەیمانی باوەڕپێکراوی جووەکان بێت.
ئەم تێگەییشتنە نوخبەویەی جووەکان بۆ کورد، پێگەی کوردانی جووی بۆ لۆبی کردن لەبەرژەوەندی نەتەوەی دایکدا بەهێز کردبوو.
ئەمە هاندەرێکیش بوو بۆ رایەدارانی ئیسڕائیل تا ئەو هاوپەیمانە چاوەڕوانکراوەی (پۆتەنشیەڵ)ەی بپارێزێت و بەهێزی بکات.
لەو پیلانگێڕیەی کە لە ٢٠١٧ کاری لەسەر دەکرێت، ئەرک و رۆڵ بینینێک خراوەتە سەر شانی ئیخوانەکانی باشور.
رۆڵی لێدان لە پێگەی کوردانی جوو نوخبەی ئەو وڵاتە و گۆڕینی تێڕوانینیان بۆ کورد و لاوازکردنی کاریگەرییان لەسەر دەوڵەتەکەیان.
بۆ ئەم ئامانجە دەبوایە کوردەبۆرە تورکپەرەستەکان بە ئیسڕائیل بڵێن بۆ ئەوەی غەززە بژیت، کورد باکی بە مەرگ و نەمانی خۆی نییە.
کەمپینی کۆمەکەکەی میتی ماوسەکانی یەکگرتوو رێک بەو ئامانجە بوو و دوژمنانی کورد تێیدا سەرکەوتوو بوون.
ئەمە کڕۆکی مەسەلەکەیە و ئامانج لە کەمپینەکە پشتیوانی غەززە نەبوو و بێ پشتیوانی کردن و پشتشکاندنی کورد بوو.
کەمپینەکە هیچی لەژیانی ئەعڕابەکانی غەززە نەگۆڕی، بەڵام رێخۆشکەر بوو بۆ بێکەسکوژ کردنی کورد.
ئەو کەمپینەی غەززە، تەنها یەکێکە لەو ئۆینانەی کە لە ٢٠١٧وە تورکەکان و بەرەی دژەکورد بە ئیخوانەکانی باشووری ئەنجام دەدەن.
بۆ تێگەییشتنی ئەو ئۆینە موخابەراتییە، بەراوردێکی سیاسەت و گوتار و تەرکیزی پێش و دوای ٢٠١٧ی یەکگرتوو بکەن.
سەرنج بدەنە سەر ئەوەی کە ئەو حیزبە چ ئاڵوگۆڕێکی لە هێنان و لادانی کارەکتەر و کەسایەتیە دیارەکانیدا کردووە. کێی لەواجیهە لاداوە و کێیشی کردۆتە میتی ماوس و دەمڕاستی خۆی.
لەم پیلانگێڕییەدا پشکێکی بەرچاوی لۆمە و خەتاباری دەکەوێتە سەر حکومەتی هەرێم و هەردوو دەسەڵاتدارانی زۆنی کەسک و زەرد.
وەک کیانێکی نادەوڵەتی لەهەرچوارلاوە گەمارۆدراو بە داگیرکەرانی کوردستان دەبوایە حکومەت نەهێڵێت باندێکی ئیخوانی نابەرپرس و ناکوردستانی چارەنووسی نەتەوەیەکی بێ کیان و بێکەس بخەنە ناو گەمەیەکی موخابەراتی داگیرکەران.
بەشێکی دیکەی خەتا و گازندە بەر کۆمەڵگا و خەڵکی باشور دەکەوێت.
لەبری کەوتنە ژێر کاریگەری سۆز و عاتیفەی ئیبلیسیانەی عیفریتەکان، پێویست بوو خەڵکی باشور لەخۆی بپرسێت بۆ من ئەو قومارە بکەم…؟
قومارایک کە ١٩٩ دەوڵەتی دونیا و لەناویشیاندا زلهێزەکان، هەر ٥٧ وڵاتی بەئایینزادە موسوڵمان و ٢٢ وڵاتی عەڕەبی خۆی لەقەرە بدەن، کورد بۆ کەللەی خۆی بخاتە باو ئەم یارییە گوماناویەوە؟
لەسای بەرخۆدانی ئەفسانەیی شەڕڤانان و یەکێتی کوردان و پشتیوانی مرۆڤدۆستان لە سەرتاسەری جیهان، کوردانی رۆژاڤا لەلێواری گۆڕ و بەجەستەیەکی زامدار و شەڵاڵ لەخوێن گەڕانەوە.
زامی رۆژاڤا ساڕێژ دەبێت، بەڵام زامی خیانەتی ئەوانەی لەسەر ئەم خاکە پیرۆزە دەژین و کلکیان لەدەستی داگیرکەرانی خاکدایە هەرگیز ساڕێژ نابێت.
ئارام ڕەفعەت
ئوستڕاڵیا
بهروار: 10/02/2026
32 جار خوێندراوهتهوه
|