ساڵیادی قەناتی کوردۆ 🇷🇺

ئەمڕۆ 4 دەیە بەسەر کۆچی دوایی " پ.د. قەناتی کۆردۆ " تێدەپەڕێت. 

پ. د. قەناتی کۆردۆ لە ساڵی 1909 لە خێزانێکی ئێزیدی لە گوندی سۆزی باکووی کوردستان لەدایک بووە و پاش ئەوەی گوندەکەیان بەهۆی شەڕی ڕووس و عوسمانییەکان وێران دەبێت ناچار دەبن زێد و واری خۆیان بەجێ بهێڵن و ڕووبکەنە شارەکانی باکووری کوردستان. 
بنەماڵەی قەناتی کۆردۆ بەگشتی و باپیری بەتایبەتی یەکێک بوون لە بنەماڵە ناودار و خاوەن پێگە ئێزیدییەکا لە ناوچەکەدا و ئەمەش وایکرد کە قەناتی نەمر دەرفەتی خوێندنی بۆ بڕەخسێت و لە تەمەنێکی کەمدا فێری نووسین و خوێندنەوە بوو. 

قەناتی کۆردۆ و بنەماڵەکەی بەهۆی زوڵم وستەمی دەسەڵاتی عوسمانییەوە ناچار دەبن نیشتمان بەرەو وڵاتی ئەرمینیا بەجێ بهێڵن و قەناتی لە ساڵی ١٩٢٨  لە تاکە قوتابخانەی کوردی لە تبلیسی پایتەختی جۆرجیا  بەردەوام دەبێت لە خوێندن. 

قەناتی کۆردۆ بەهۆی هۆگرییەوە بە خوێندنەوە و لە ڕێگەی ڕۆماننووسی ناوداری کورد ( عەرەبی شەمۆ ) دەرفەتی ئەوەی بۆ دەڕەخسێت کە ڕووبکاتە زانکۆی لینینگراد و خوێندنی تا پلەی دکتۆرا لە زانکۆی ناوبراو بەردەوام کرد. 
بەهۆی زیرەکی و لێهاتووییەوە هەرزوو بووە خاوەن پلە و پێگەیەکی تایبەتی لەناوەندە ئەکادیمییەکانی یەکێتی سۆڤیەت دا و دەبێتە سەرۆکی بەشی زمانی کورد و لەو ڕێگەیەوە دەبێتە هاوکارێکی گرینگی کوردان بۆ خوێندن لە زانکۆکانی یەکێتی سۆڤیەت دا. 

قەناتی کۆردۆی نەمر بە دەیان کتێب و نووسین و لێکۆڵینەوەی بەنرخی پێشکەش بە مرۆڤایەتی کرد و جێگە دەستی لە کتێبخانەی کوردیدا دیارە. گرینگترینی ئەم بەرهەمانە:
ڕێزمانی زمانی کوردی: بە کەرەستەی دیالێکتی کورمانجی و سۆرانی، مۆسکۆ، ١٩٧٣ (وەرگێڕانی لە ڕووسیەوە بۆ کوردی: کوردستان موکریانی، چاپخانەی الأديب البغدادي، ١٩٨٤)
کتێبی‌ رێزمانی‌ کوردی ‌- شێوەی‌ کرمانجی‌ لەیەریڤان چاپکراوە.
رێزمانی‌ کوردی‌ - مۆرفۆلۆجی‌ و فۆنەتیک.
قەڵای‌ گەل – چیرۆک.
مێژووی‌ ئەدەبی‌ کوردی -‌ بەشی‌ یەکەم چاپی‌ سوید.
مێژووی‌ ئەدەبی‌ کوردی‌ بەشی‌ دووەم چاپی‌ سوید.
مەم‌و زین - چاپی سوید ١٩٩٦
فەرھەنگی کوردی (سۆرانی) - ڕووسی، (نزیکەی ٢٥٠٠٠ وشەیە)، چاپی دەزگای چاپەمەنی زمانی ڕووسی، مۆسکۆ، ١٩٨٣ [١]
ئەمە سەرەڕای‌ ژمارەیەکی‌ زۆر لە وتارو لێکۆڵینەوەی‌ زانستی‌و دوو فەرھەنگنامەی‌ کوردی‌- روسی‌و فەرھەنگێکی‌ فراوانی‌ کوردی‌ کە ٢٥ ھەزار وشەو زاراوەی‌ لەخۆگرتووە.

قەناتی‌ کوردۆ رۆژی‌ 31ی تشرینی یەکەمی ساڵی‌ ١٩٨٥ لە تەمەنی 76 ساڵیدا  بۆ هەتاهەتایە کوردانی لە قەڵەم و لێهاتووییەکەی بێبەش کرد. 

ڕۆحی شاد و یادی بۆ هەتاهەتایە لە دڵماندا بە زیندوویی دەمێنێتەوە..
دەزگای جەمال عیرفان
به‌روار:  01/11/2025
48   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   96
کۆی سه‌ردان:   30866866