سۆسیال دیموکراتەکانیش وەهان
 لە سەرەتای هەشتاکاندا قوتابییەکی سۆڤیتی،  بە ڕەچەڵەک کۆری، بووە هاوڕێم لەو بەشی ناوخۆییەی تێیدا دەژیام، زۆر  جار باسی بارودۆخی عیراق دەهاتە پێشەوە و منیش باسی  تەعریب و تەبعیس و ڕاگّواستنی دێهاتەکانی کوردستانم بۆ دەکرد. ڕۆژێکیان گوتی: شیروان ، ئایا دەزانیت  ئەوەی تۆ باسی دەکەیت  هەمووی لێرە ڕوویداوە؟ تەواوی گرووپگەلێکی ئیتنێکی  لە ماوەی شەووڕۆژێکدا لە زێدی خۆیان هەڵکەنراون و  وهەزارانیان لێ کوژراون، یان لە برساندا و لە ژێر ئەشکەنجەدا مردوون، بە تایبەتی لە سەردەمی ستالیندا؟  ئەوە یەکەم جار بوو شتێکی لەو بابەتە ببیستم 

چەند ساڵێک پاشتر  وەک مامۆستای زانکۆ لە لیبیا دەست بەکاربووم ،  کوڕێکی موعیدمان لابوو زۆر کوڕی چاک و ڕێکوپێک بوو یارمەتییەکی  زۆری من و چەند مامۆستایەکی عیراقیی دەدا و خۆشی دەویستین ، ئەو کوڕە سەر بە '' اللجان الثوریە''  ی قەزافی بوو .کاتێک دوای سێ ساڵ بڕیارم دا لیبیا بەجێ بهێڵم حەزی کرد ئێوارەیەک یەکتری ببینین، پێش ئەوەی سەفەر بکەم .  لە کازینۆیەک نزیک گەورەترین گۆڕەپانی شاری طرابلس، کە بە گۆڕەپانی سەوز دەناسرا ، یەکترمان بینی  و وردە وردە باس هاتە سەر باسی عیراق و منیش باسی بەندیخانەکان و ئەشکەنجەدانی خەڵکیی و ئیعدامکردنیانم بۆ کرد دوای دادگاییکردنێکی سەرپێیانە و دوور لە هەر  هەلومەرجێکی دادپەروانە. پاش کەمێک،  بە دەنگێکی نزمەوە  پێی گوتم: دکتۆر ، تۆ دەزانی لای ئێمەش هەمان شتە؟! ئایا تۆ دەزانی کە ژێر ئەم گۆڕەپانەی ئێمە ئێستا تیا دانیشتووین ، زیندانێکی گەورەیە، خەڵکی وای تیایە ٢٠-٢٥ ساڵە ڕووناکی خۆریان نەدیوە؟ 

لە ناوەڕاستی نەوەدەکاندا لە خوێندنگای تەکنیکی شاهانە بۆ ماوەیەک لە گەڵ پرۆفیسۆرێکی سویدیدا کارم دەکرد، ڕۆژێکیان لێی پرسییم : شیروان  تۆ بیرت نەکردۆتەوە بگەڕێیتەوە و لە عیراق کاربکەیت؟ منیش باسی ئەوەم بۆ کرد کە لە زانکۆکانی عیراقدا ئەستەنگە کار بکەیت و پێش بکەویت،  گەر سەر بە حزبی دەسەڵاتدار نەبیت و منیش ئامادە نییم تەنیا بە مەبەستی کار پەیدا کردن بچمە پاڵ هەر حزبێک.   لە وەڵامدا  پێی گوتم : جا خۆ لێرەش هەر هەمان شتە، گەر سەر بە سۆسیاڵ دیموکراتەکان نەبێت، مەحاڵە لە بوارەکەتدا پێشکەویت  و بەرپرسیارێتی وەرگریت!

باشە کاکە!؟

ئەم یادەوەرییانە ، ئەمڕۆ لە کاتی گفتوگۆکردنمدا لە گەڵ کاک هاشم کۆچانیی هاوڕێمدا هاتنەوە یادم،  کە لە ناو شەمەندەفەردا بەرەو ئوپسالە دەرۆیشتین بۆ  بەشداریکردن لە مەراسیمی بە خاکسپاردنی بەدریە محەممەد ئەمین( نازەنین) ی خوشکی ئازیزمان.. ڕەنگە دڵتەنگیی هەردووکمان، بۆ کۆچی ناوادەی نازەنین باسەکەی بەو ئاقارە ڕەشبینانەیەدا بردبێت .. لەوانەشە  ئەو پرسیارە  دەمێک بێت  ناخمان بنکۆڵ بکات:  ئاخۆ ئەو دادپەروەرییەی وا دەیان ساڵە  ئێمە و هەزارانی وەک نازەنین بە پەرۆشییەوەین ، ئەو مرۆڤبوونی مرۆڤەی کە ئاواتی پێ دەخوازین: کەی و لە کوێ دەستەبەر دەبێت؟

٣٠ ئوکتۆبەری ٢٠٢٥
شیروان محەمەد
ستۆکهۆڵم
به‌روار:  31/10/2025
96   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   96
کۆی سه‌ردان:   30866866