کتێب بۆ نانووسم؟
وەڵامی کۆمێنتێک
زۆرجار بیرەوەریەکانی مناڵی خۆم دەگێڕمەوە و هەمیشە لە ناو ئەو بیرەوەریانە دەژیم.
هەندێ جاریش پێم ووتراوە بۆ لە کتێبێک کۆی ناکەیتەوە و ، تا جارێک هاوڕێیەکی فەیسبوک" کاک کوردە عەلی" کە یەکتریشمان نەدیوە ، لوتفی کردبوو هاوکاریم دەکات لە نوسینەوەی بیرەوەریەکان.
من ساڵی 1978 کە 13 ساڵ بوم یەکەم کتێب " تاریک و ڕوون" م خوێندەوە.
ساڵی 1980 کۆمەڵێک شتی وەکو شێعرم نوسی و بۆ هاوڕێیانی گەڕەکم دەخوێندەوە.
جارێک " سۆران" هاوڕێی مناڵیم پێی ووتم:
شێرزاد شێعرەکانت بۆچی وەکو دلاوەر قەرەداغی کە دەنووسی ، چەور ناکەیت و لە ژێر گڵدا نایشاریتەوە.
دلاوەریش ئەو کاتە دراوسێمان بوو.
تەنانەت جارێک کە لەگەڵ ئەو نووسینانە باسی پێشمەرگە وشۆڕشم بۆ کوڕانی گەڕەک دەکرد، بەهادین حاجی مەحمودی خراجیانی بە حەماسەوە لێی پرسیم :
بچمە دەرەوە دەمکەن بە پێشمەرگە.
ساڵی 1982 شتێکم نووسی بۆ گۆڤاری کۆمەڵە لە ڕێگەی ڕێکخستەکان ،دیارە هەر وەڵامیشیان نەدامەوە.
ساڵی 1984 هۆنراوەیەکم بۆ یادی " کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان" نووسی و لە شارباژێرەوە بردم بۆ یەکێتی نووسەرانی کوردستان لە گوندی مەرگە.
کاک حەمە موکری ڕەحمەتی" ووتی : ئەمە پەخشانە و شێعر نیە ، دڵم شکا و لێم وەرگرتەوە.
ساڵی 1984 بابەتێکی سیاسیم نووسی" ڕووداوەکان واقیعانەی حاڵ دەخەنە ڕوو" دامە دەست " کاک حامیدی حاجی قادر" لە کەرتی ڕێکخستنی پێنجوێن ، بۆم چاپ بکەن ، بە پاساوی بۆچوونەکەم " نەک شێوازەکە" چاپیان نەکرد.
ساڵی 1989 شەوان سەدان سەدان پەڕەم بەدەم ئاڕتین و چاو جگەرەوە لە ژێرزەمینەکەی بەختیاری نووسی و بەڕۆژ وەکو " ڕەجەب" ی پاڵەوانی ڕۆمانی " ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست" دەمسووتاند، گەر بمانایە ڕەنگە تێکستی جوان و باش بوونایە.
ساڵانی دوو هەزارەکان چەندین بابەتم بە ناوی خۆم و خوازراوە بۆ سایتە کوردیەکان ناردووە و بڵاو کراونەتەوە.
زۆر نموونەم هەیە لەبەر درێژ دادڕی نایگێڕمەوە. ، جگە لە یەک شت:
ساڵی 1984 نامەیەکم بۆ کەرتی ڕێکخستنی پێنجوێن نارد بوو، ئەوانیش دابوویان بە " کاک فەرەیدونی حەمە ساڵحی ڕەحمەتی" ی سەرتیپی مەڵبەندی یەک و ئەویش لەبەردەم مزگەوتی گورگەیەر لەناو دەیان پێشمەرگە پێی ووتم:
لەوەتەی پێشمەرگەم نامەی واجوانم نەخوێندۆتەوە.
لەگەڵ سڵاو و ڕێز و خۆشەویستی بۆ هەموان، من لە گێڕانەوەی بیرەوەریەکان چەندیش بگریم ، هێندەش دڵم خۆش دەکات. بەڵام تەمەڵی دەکەم لە کۆکردنەوەی لە کتبێکێدا.
بەڵام ئەم فەیسبوکە سەکۆیەکی گەورەیە بۆ گەیاندن.
وێنەکە لە ڕاستەوە:
سۆرانی شێخ موحەمەد
وێنەکە لە چەپەوە کاک بەرزانی برای
شێرزاد عەزیز
مالمۆ
https://www.malmokurd.com/agadary-45221-3
بهروار: 13/09/2025
92 جار خوێندراوهتهوه
|