تەرمێ لە تورەکەدا 😪
ببوورە کەپێشت کەوتووم باوکە
خۆزگە..
ئەم باوەشە ئێسقانەشم نەمایەتەوە بۆ
 ئازاری پشتی تۆ و
دیسان وەک دایکم نەدەبوومەوە بەژانی
دووگیانی بۆ تۆیش ..!

وەک ئەوەی کوپەیەک لیرەت دۆزیبێتەوە 
گوێ بە
خرمە خرمی شکانی ئێسکەکانم مەدەو
پێ هەڵگرە 
هێشتا ئازاری ئەژنۆکانتم لەبیرە باوکه..!
دڵی خۆت
بۆ نیوو تەنەکە ئێسکی داڕزیوو تەنگ 
مەکەو
کێ ئەڵێ ئەم بێشعورە منم لەڕەحمی تۆدا
باوکە...؟

ئەوەندە تووند له باوەشتکردووم
وەک کۆرپەیەک
خەریکە دەستبکەم بەجووڵە جووڵی 
لەباوکبوون..
تێناگەم ئەمجارە بۆ تۆسکت هەیە بەمن
نەک دایکم...باوکە .؟!

قۆڵەکانت ماندوو ئەبن دەست بەردە و
فڕێمدە با بڕژێم 
توورەکەیەک خۆڵەمێش ئەوهەمووهەنسکەی
بۆچییە باوکە .؟

وەک ئەوەی قەرزێکی کۆنی خودات
لابێت بمدەرەوە
لەبانک وەرتگرتومەتەوە پێویست بە
ژماردنی ئێسەکانم ناکات

باوکە ..!
خۆتۆجاران ڕقت لەگوڵاوی نێوو شووشەیش دەبوویەوە..
ئێستا کوڕێکی لەقوتوونراو بۆدەبەیتەوە
بۆدایکم....باوکە..!

تۆ ئەو بەیداخە سوورەی خوێن ڕژان 
نابینیت بەسەرمانەوە ؟
ئێرە تورکیایە 
پێویسته بۆژیان بگرین نەک بۆ
مردن 
باوکــــــــــــــــــــــــــــــــە.!.!!؟

حەسەن ساڵح
به‌روار:  03/09/2025
21   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   45
کۆی سه‌ردان:   30681737