سەدام ڕزگاری بوو یان ئێراق

ڕۆژی 2003.4.9

لە شەوی 2003.3.20 ئەمریکا یەکەم  هێرشی بۆ سەر بەغداد دەست پێکرد.
ئەو کاتە ئێمە لە کۆرشێکی ئێوارانی زمانی سویدی بووین لە قوتابخانەی ڕۆسنگۆرد.
زۆربەی پەنابەرانی کۆرشەکە عەرەب بوون.
بەدرێژایی ئەو ماوەیە لە ناو پۆل و لە کاتی پشووەکان هەر باسی جەنگی ئێراق و ئەمریکا بوو.
لە پۆلەکەماندا  تەنیا ئێمە کورد و ئەوانی تر عەرەبی فەلەستینی و سۆماڵی  و شیعەی ئێراق بوون.
فەلەستینی و سۆماڵیەکان سەدامیان زۆر خۆش دەویست  و بەدەنگی بەرز گۆرانیان بۆ دەووت.
زۆرجار "  کورد و شیعەکان"  لەگەڵ فەلەستینیەکان دەبوو بە دەمەتەقێی توندمان.

"ئەنوەر" کە شیعەیەکی ئێراقی و لە سەنتەری ڕۆسنگۆرد دوکاندار بوو  ووتی:
 شێرزاد ئەوانە هی مجادەلە نین و ئاگاداری خۆت بە پەلامارت دەدەن.

مامۆستای سویدیمان " ئان"  کە نێوانمان زۆر باش بوو، ڕۆژێک لە دەمەتەقێکی وانەدا کە تەرخان کرابوو بۆ مەسەلەی " جەنگی ئێراق"  و خۆی دژی شەڕ بوو، لێی پرسین:  
کە بۆچوونی ئێمە چیە ؟
ووتم : ئان ماڵی باوکم لە کوردستان 3  کەسی لێماوە، گەر سەدام بە ڕۆکێتێک  کە بدرێت بە ماڵی ئێمە دەڕوخێت ، حەز دەکەم ڕۆکێتەکەیان بەر کەوێت.

ڕۆژی 9 نیسان کە پەیکەرەکەی سەدامیان ڕووخاند ،  بە قاتێ شاڵ و پاکەتێک شوکولاتە چووم بۆ کۆرشەکە کە بە پێ 10 خولەکێک دەبوو.

لەسەر پردەکەی ڕۆسنگۆرد " کاک جەمیل"  خەڵکی سنەم بینی کە قازی بووە لە ڕۆژهەڵات.

وویستم شوکولاتێکی بدەمێ، لە دوورەوە ووتی:
 کاک شێرزاد بە خوا سەدام چاک ڕزگاری بوو لە دەستان.
ئێمە زۆری پێ تێک چووین ، کە هەستی کرد زۆرمان پێناخۆشە ووتی:
 ئێوە ڕزگارتان بوو لە دەست ئەو  و ئەویش ڕزگاری بوو لە دەست ئێراق.

لە پۆلدا شوکولاتەکەمان بە خشیەوە و ، لە پشوودا لە دەرەوە جگەرەمان دەکێشا، کوڕێکی فەلەستینی پۆلەکە بە تەنیا هاتە لامان و تەوقەی لەگەڵ کردین  ووتی: لە دڵەوە پیرۆزبایت لێدەکەم دەزانم سەدام چ دوژمنێکی گەورەی کوردە.

سەدام جۆرە حوکمی زاتیەکی دابوو بە کوردستانی ئێراق ، کوردی باکوور و ڕۆژهەڵات چەندین ساڵە خوێن دەڕێژن بۆ کەمتر لەو حوکمی زاتیە، بەڵام کوردی ئێراق نرخی نەزانی و لە شەڕی ڕژێمی بەغداد خۆی دووچاری هەڵەبجە و ئەنفال و کیمیاوی کردەوە.

جاران باشووری کوردستان یەکجار داگیرکرابوو ، ئێستا سێ جار " ئێراق و تورکیا و ئێران"  و بارمتەی سەدان دەزگای جاسووسی ووڵاتانە.

  ڕەفتاری  ئەم 33 ساڵەی  داگیرکەرانەی تورکیا و ئێران بەرامبەر هەرێم  دەرخەری ئەو ڕاستیەن ،  کە هەموو حکومەتەکانی  ئێراق  بەوەی سەدامی دیکتاتۆریشەوە هەزار جار لە دەوڵەتی تورک و ئێران  شەریفتر و باشتربوون.
 
بەبڕوای ئێمە گەر ئەم نیمچە سەربەخۆییەی هەرێم دەبێ بە مەرج و لە خزمەتی داگیرکەرانەی تورکیا و ئێران و ووڵاتان بێت  ، ئەوا ناسنامەی ئێراقی بوون ناسنامەیەکی نیشتمانی و سەربەخۆیانەترە، تا ئەو دەمەی بواری دەوڵەتی کوردی دەڕەخسێت.

  پرۆسەی ئازادی ئێراق ، ووڵاتەکەی  کاول و وێران کرد و کۆشکی سەدامیشی کردە دیاری جاسووسە سواڵکەرەکانی   ئێران و وڵاتان و  لە سایەیدا بوونە موڵتی ملیاردێر.

شێرزاد عەزیز
مالمۆ

وێنەکە ساڵی 1983  مەڵبەندی یەکە لە حاجی مامەند لەگەڵ ئازاد کەرکوکی.

بۆ پاراستنی پەیجەکەمان ناچارین کۆمێنتی زبر بسڕینە و جوێنیش بلۆک دەکرێت ، سوپاس و ڕێز بۆ کۆمێنتی گونجاو 
مالمۆکورد
به‌روار:  24/01/2024
435   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   439
کۆی سه‌ردان:   29303783