دیوێکی تری شانەدەر!

چەند ڕۆژێکە کوردستانی بوون بوویتە شانازییەکی تر، بەتایبەت لە دەرەوەی وڵاتدا، هەموو تاکێک لە لە دونیا ئارەزوو دەکەن کە کوردبن لەئێستادا. شانەدەر زۆر شانازییە بۆ هەموو تاکێکی دونیا بەتایبەت لە ئەمریکا و کەنەدا دوای ئەو دیکۆمێنتارییەی لە نێتفلیکس بەناوی (Secrets of the Neanderthals) کە لە ئێستا بەردەستە لە نێتفلێکس، لە بۆکس ئۆفیسی ئەمەریکا و کەنەدا سی ڕۆژە ژمارە یەکەمی گرتیە و ژمارەی پێوانەیی شکاندووە، نێتفلێکس تا ئێستا ژمارەی سبسکرایبەکانی واتە کڕیارەکانی لە جیهان ٢٦٠.٢٨ ملیۆن بەشداربووە، ژمارەی بینەرەکانی دۆکیۆمێنتی (Secrets of the Neanderthals) تا ئێستا واتا دوای سێ ڕۆژ ٥٦٠ ملیۆن کەس بووە لە جیهان، لەوانە بڵێن خۆی ٢٦٠ ملیۆن سبسکرایبەری هەیە چۆن ئەو ٥٦٠ ملیۆن کەس سەیری کردووە؟ لەبەر دوو هۆکار! ئەو کەسانەی مانگانە بەشداری نێتفلێکسیانکردوە، بۆیان هەیە چەندان کەس لە خێزان و کەسی تریش هەمان ئەکاونت بەکار بهێنن. دووەم زۆر کەس چەندجارێک سەیری کردیتەوە، ئەوە تەنها لە نێتفلێکس. لە کۆمپانیایی IMDb ١٢٣ ملیۆن کەس سەیرییانکردووە. بێجگە لە ماڵپەڕ و سۆشیاڵ میدیا و تەلەڤزیۆن و هەموو ئەو ڕاپۆرت و بابەتە نووسراوەکانی لەسەری ئەنجامدراوە.
کەواتە شانەدەر و کوردستان بۆ یەکەم جار کەوتە بەر گوێ و چاوی (نیو ملیار) مرۆڤ لە جیهاندا. زۆر بەڕوونی لە ڕاپۆرتەکە و دۆکۆمێنتاریەکە چەندان جار ناوی کوردستان دێت و ناوی شانەدەر دێت. ئێستا وشە کوردستان ئەوەندە ئاشنا بووە بە هەموو تاکێکی دونیا، ئەوە گەورەتریین هەڵمەتێک بوو کوردستان لە مێژووی خۆی تا ئێستا بینیبێتی! ئەگەر کورد بۆ ناسینی خۆی بیکردایە بەدەیان ملیار دۆلار و توانای مرۆیی پێویست بوو. لەلایەکی تر، لۆبی و تورکی و ئێرانی بەتایبەت و عەرەبی عێراقی و سووری، هەموو توانایەکی ماددی و مرۆیییان خەرج کردووە کە ناوی کوردستان لە هەموو شوێنێک بلۆک بکرێت! یان کەمترین بینینی هەبێت لەسەر سۆشیاڵ میدیاکان، ئەگەر سەیر بکەین لۆبی تورکی و ئێرانی و عێراقی تا ئێستا نەیانهێشتووە هۆڵیوود هیچ فیلمێک لەسەر مێژووی کورد و ناوی کوردستان دەربهێنن، بە دەگمەنیش ناوی کوردستانت گوێ لێنابێت لە هیچ فیلمێکی هۆڵیوود. کەواتە گەورەترین ناساندنی کوردستان بوو لە مێژوو و دروستبوونی ناوی کوردستان تا ئێستا. لە گووگڵ ماپ لەماوەی سێ ڕۆژ ناوی شانەدەر و ناوی کوردستان و ناوی نیاندەرتاڵ یازدە ملیۆن جار لەماوەی سێ ڕۆژ گەڕانکراوە بۆ ئەو ناوانە، ئەوەش خەڵک زیاتر ئاشنای شوێن و کوردستان و کولتوور و خەڵکەکەی شارو گوند و شاخ و دەشتەکانی دەبێت و بەدوای دەگەڕێن و بەردەوامیش دەبێت ئەو هەڵمەتە.

بۆچی شانەدەر شۆڕشێکە بۆ کورد لە جیهان؟
هیچ وڵاتێک نییە لە ئێستادا ئارەزووی ئەوەی نەکات کە ئەو دۆزێنەوەیە لە وڵاتی ئەوانبوایە! ئەو دۆزینەوەیە ئەوەندە گرنگە بۆ هەر وڵاتێک و مرۆڤایەتی، بەڵام بۆ کوردستان بە چەندین شێوە گرنگترە.
یەکەم ناوی کوردستانی بە جیهان ناساندەوە بە مێژووەکەی و کۆنەکەی، کەواتە لەمەودوا لۆبی بۆ کورد بەخۆڕایی دەکرێت چونکە خەڵک و مرۆڤایەتی بەگشتی وەک ماڵی یەکەمی خۆیان سەیری ئەو شوێنە دەکەن کە کوردستانە. مرۆڤایەتی دەبێتە داکۆکی کەری تۆ. لەمەودووا چەندان بەڵگە فیلم و دۆکیۆمێنتی تری لەسەر دەردەهێنن. چونکە دەبێتە سەرچاوەیەکی زۆر باشی پارە پەیداکردنی کۆمپانیا جیهانییەکان، خەڵک بەدوای دەگەڕێت و ئارەزووی زیاتری هەیە و بویتە جێگای سەرنجی هەموو دونیا، لە ئێستاوە کۆمپانیاکانی دونیا وەک سەرمایەک سەیری دەکەن. دوور مەبینن لەمەودوا ببێتە کێبەرکێ بۆ کۆمپانیا گەورەکانی دونیا کە کێ زیاتر گرنگی پێبدات.
دووەم شانەدەر وەک یەکێک لە کۆنترین کۆمەڵەی مرۆڤن کە شوێن و پەیکەرەکانیان ماون، کەواتە شانەدەر لەمەودوا دەبێت خۆی ئامادەبکات بۆ پێشوازی لە گەشتیاران، ئەوەش ئەگەر بتوانین سوودی لێ ببینین دەتوانرێت جێگای نەفت و کانزاکان بگرێتەوە، چونکە یەکەم جارە شتێکی ئاوا لەو شێوەیە دەدۆزرێتەوە لە دونیا و جێگای بایەخی دوونیابێت بەو شێوەی ئێستا!
سێیەم کوردستان دووبارە لەناوچەکە بویتەوە خاوەن ماڵ، کە سەدان ساڵە بەشێوازی جیاجیا کار لەسەر ئەوە دەکرێت ناسنامەی کوردبوونمان لەسەر ئەو خاکە لەکورد بستێنرێتەوە و بسڕێتەوە، ئەوەش هەموو ئەو هەوڵ و تەقەلا و پلانانەی تورک و فارس و عەربی عێراقی و سووری سەدان ساڵ گەڕاندەوە دواوە.
گرنگە لە ئێستادا چیبکەین؟
من گلەیی ناکەم لەوانەی تا ئێستا لە گەورەیی ئەو دۆزینەوە تێنەگەیشتوون وەک خۆی، دەبینین ڕۆژانە بە تانەو سوکایەتی دەستکاری وێنەکە و بابەت بڵاو دەکەنەوە، یان دێن ڕوونکردنەوە دەدەن کە لەڕێگەی ئەو بابەتە سووکایەتی بەدین دەکەن، دیندارەکانیش بەدژە دین وەڵام دەدەنەوە، شانەدەر گەورەترین خزمەت بەدین دەکات، دەکرێت لە ئێستاوە پیاوانی ئایینی هەموو ئەو لیکۆڵینەوانەی کە دژە دینن بیسەلمێنن کە ئەوەتا ئێمە ٧٥ هەزار ساڵ هەر مرۆڤ بوینە نەک مەیمون! بە هیوام ئەو بابەتە وەک سەروەتێکی نیشتمانی سەیربکرێت نە دژە دین و نەدژە هیچ ئایدۆلۆژیایەک سەیر بکرێت وەک ئاسەوارێکی کوردستانی بیبینین. ئەو دۆزینەوە لە خاکی کوردستان لە ئێستادا عەرەبی عێراقی و تورک و فارس لەو ترسە تێدەگەن، کە بۆ کورد چەندە گرنگە ئەو دۆزینەوەیە، بۆیە هەرچی کار هەیە کردوویانە بۆ سڕێنەوەی ناوی کوردستان بەردەوامیش دەبن!
لەلایەکی تر دەمەوێت بڵێم ئەو دۆزینەوەیە ئەوەندە گرنگە بۆ کوردستان، تاکی کورد لە تاکێکی لۆکاڵی ناوخۆیی دەکاتە تاکێکی جیهانی، ئەو دۆزینەوە هیچی کەمتر نییە لە دۆزینەوەی نەفت و کانە زێڕەکان و سەرچاوە سورشتیەکان، دەبینن لە داهاتوو هیندەی نەفت سوودی بۆ کوردستان و ناوچەکە دەبێت، بۆیە خەڵکی کوردستان لە ئێستاوە بەتایبەت بیر لەوە بکەنەوە کە چۆن سوود لەو بابەتە جیهانیە وەربگرن بەشێوازی خۆیان، بەتایبەت کە چۆن پێشوازی لە گەشتیاران بکرێت سوود لەو دۆزینەوەیە ببینن.
زۆر گرنگە هونەرمەندانی کوردستان بیر لە فیلم و دراما بکەنەوە لە ناوخۆی کوردستان لەسەر شانەدەر، تا ببێتە دەرفەتێک بۆ فیلم و درامای کوردی لەڕێگەی شانەدەر و نیاندەرتاڵ بە جیهان بناسێنرێن. کارێکی تری پارێزگای هەولێر لە ئێستاوە لەسەر شێوازە کۆنەکەی، دەکرێت گوندێکی بچووک دروست بکرێتەوە بە دیزاینی هەمان سەردەم. دڵنیابن لە هەموو جیهان لەمەودوا خەڵک ڕووی تێدەکات، دەبێتە بووژانەوەیەکی دارایی ئەوەندە گەورە (دوور مەبینن شانەدەر هۆکارێک بێت بۆ دەوڵەتی سەربەخۆی خۆمان، کە ئێمە دەبینە دایکی جیهان، بۆچی دایکی جیهان شانازیی نییە)؟
ئایا دەسەڵاتە گشتیەکان و یەکە ئیدارییەکان هەرێمی کوردستان وەک خۆی لە گەورەیی ئەو دۆزینەوە تێدەگەن؟ بێگومان نەخێر هەر نازانن چییە؟ 

ئەگەر شانەدەر لە هەر وڵاتێکی تر بوایە ئێستا چیاندەکرد؟
یەکەم کۆنفرانسێکی نیشتمانیان بۆ گرێدەدا و بیریان لەوە دەکردەوە لە کوێ سوود شانەدەر وەربگرن لایەنە باشەکانی چییین؟
دووەم ڕێکخراوێک دروستدەکرا تایبەت بە شانەدەر، هەموو کارێکی خۆی دەکرد بۆ ئاگاداربوون لەو ڕێسێرچ و لێکۆڵێنەوانە، دەبویە بانکێکی زانیاری.
سێیەم: زانکۆکان وەک لایەنی ئەکادیمی دەهاتن و بەشی مێژوو زیندەوەرزانیان بەشێکیان دەکردەوە بەناوی شانەدەر.
چوارەم: ژووری بازرگانیان بیریان لە وەبەرهێنان دەکردەوە کە هاووڵاتییانیان بزانسوانەکانیان لە کوێ دەتوانن سوودی لێببینن؟
پێنجەم. میدیاکانیان یەک هەفتە هەڵمەتێکی چڕییان بۆ دەکردن تا ئەو هەواڵە بگاتە هەموو جیهان بەشێوازی خۆیان.
شەشە: پرۆگرامێکی تایبەت لە قوتابخانەکان دروستدەکرا تا ببێتە پرۆگرام و لە قوتابخانەی سەرەتایی ناوەندییەکان بخوێنرێت.
هەفتەم: بەشی سینەما و دۆکیۆمێنتارییەکان، هەر زوو بەخۆ دەکەوتن، چەندان کورتە فیلم وزنجیرە و دۆکیۆمێنتی تری جیاوازییان دروست دەکرد لەسەر شانەدەر.

هێمن فەرید
کەنەدا
به‌روار:  05/05/2024
174   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   613
کۆی سه‌ردان:   29350338