پیاوەکانی خوا و پیاوەکانی حیزب


ساڵانی هەشتاکان لە ژێر کاریگەری ئەدەبیاتی مادیەت و مارکسیزم بووینە گەنجێکی ئاتیست.
ساڵی 1983  لە دۆڵپەموو حاجی ئەنوەری هەڵەبجەیی کە ئێستا لە سویسرا دەژی  ووتی:
شێرزاد دێیت بچین بۆ ماڵی " مەلا محەمەد ساڵحی شارەرزووری"  کە فیرار بوو لە گوندی " گوێزە ڕەش بوو یان خانوەقوڕەکانی لای حاجی مامەند".
من زۆرم پێخۆش بوو، چونکە پێشتر" سروشت لە تەرازووی ژیرییدا" ی مامۆستام خوێندبوەوە ، گەرچی ئەو کاتە من باوەڕم بە وجود نەبوو، بەڵام سەرسامیش بوو بە کتێبەکەی کە تا ئێستاش بە لۆژیکی دەزانم و لە نێوان "  بوون و نەبووندا"  بوونی خوا لۆژیکانە ساغ دەکاتەوە.

من و حاجی ئەنوەر چووینە ماڵەکەی و میوانی بووین، زۆری ڕێز گرتین و ڕەنگە زانیاری لەسەر حاجی ئەنوەریش هەبووبێ کە پێشمەرگەی کۆمەڵەو ئاتیستە.
گفتوگۆیەکی دژ بەیەک لەسەر وجود لە ماڵەکەی کرا و هەستم نەکرد کە ئەو مەلا ئاینیە یەک زەڕە دڵگەران بووبێت.
من ساڵانی هەشتاکان  زۆربەی کتێبەکانیم دەکڕی و دەمخوێندەوە و ئەو کاتە ڕێک بە پێچەوانەی ئەوەوە بیرم دەکردەوە و دژ بووم.
سروشت لە تەرازووی ژیریدا
ڕێکەوت لە تەرازووی ژیریدا
فرۆید لە تەرازووی ژیریدا
داروین لە تەڕازووی ژیریدا

بەڵام لەگەڵ دژ بوونیدا کتێبەکانیم لا جوان و بەنرخ بوون ، هەستم دەکرد بە قەناعەتەوە بۆ خوا دەنووسێ، کە ئیمڕۆ ئێمەش بڕوای تەواومان بە یەزدانی خالقی گەردوون هەیە.

داخەکەم چۆن حیزبە نەتەوەییەکانی ئیمڕۆ ئەوانەی ڕابردوو نین، سێ بەشی ئەم بانگخواز و مەلایانەی ئێستاش پیاوی خوا نین ، ئەوەندەی پیاوی تورک و ئێران و قەتەر و سعودیە و ووڵاتانی ترن.

ئەم ئیسلامیە سیاسیەی ئیمڕۆ ئەو ئیسلامیە خوداییە نین  کە باوک و دایکانمان نوێژیان بۆ دەکرد .
ئەوەندە غەریبن بە ئیسلامی جاران  کە ئیسلامیان ناشرین کردووە.
ئاینی پیرۆزی ئیسلام کە تەمەنی لە 1400 ساڵ زیاتره، لە دوای ڕاپەڕینەوە بە فۆرمێکی حیزبی هاتۆتە ناو کۆمەڵگەی کوردییەوە ، کە لە دوو ئەگەردایه.
یان ئیسلامەکەی پێش ڕاپەڕین هەڵە بووە ، یان ئەمان.
پێش ڕاپەڕین دەزگای جاسوسی ووڵاتان لە هەرێمی کوردستان نەبوو ، بۆیە ئیسلامەکەی هەم خودایی هەم کوردی بوو ، وەکو ئیسلامی سیاسی ئێستا جاشی دەوڵەتان نەبوو.
گۆڕی مامۆستا محەمەدی مەلا ساڵح شارەزووری پڕ نوور و ئینشائەڵڵا جێگەی بەهەشت بێت خوایە.

شێرزاد عەزیز
مالمۆ
به‌روار:  14/01/2024
437   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   190
کۆی سه‌ردان:   29304054