وتاره‌كان
بۆ يەكەم جار.. موقاومەتی ئێران و كۆمەڵگای نێودەوڵەتی و هێڵی هاوبەش!
 عەبدولڕەحمان مهابادی


، نوسەر و لێكۆڵەری سياسی

بە دەرچوونی ئەمريكا لە رێككەوتننامەی ئەتۆم و رەوتی خێرای گۆڕانكارييەكان، جيهان و بە تايبەت ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوێن بوو بە دەريايەكی لێوانلێو لە شەپۆل. تۆ بڵێی ئەم دۆخە كەنارێكی ئاسوودەی هەبێت و رزگاريدەری ئەم سەفينەيە دەتوانێ كێ بێت!

وتەكانی ئەمدواييەی وەزيری كاروباری دەرەوەی ئەمريكا لە رۆژی 21ی ئاياری 2018 كە تيايدا وردەكارييەكی زياتر تايبەت بە سياسەت و ستراتيژيی ئيدارەی ترامپی لە پێوەند لەگەڵ ئێران باس كردبوو، هەندێك لايەنی نيگەران و هەندێكی سەرگەردان و هەندێكيتريشی خوشحاڵ كرد. «نيگەران»ەكان رژێمی ئێران و لۆبی و سازشتكارانی رۆژئاوايی،«سەرگەردان»ەكان ئەو لايەن و حكومەتانەن كە لەوانەيە بە خێرايی بێنە ريزی «خۆشحاڵ»ەكان و خۆشحاڵەكانيش ئەو زۆرينەيەن لە جيهاندا كە دەيانەوێت لە مەترسييەكانی ئەو رژێمە رزگارييان بێت. هەڵبەت خەڵك و موقاومەتی ئێران خۆشحاڵترينن. چون ئاڵاهەڵگر و لە ريزی پێشەوەی تێكۆشاندان بۆ گۆڕينی ئەو رژێمە و روخاندنی بە ئێستايشەوە.

سروشتيە بە تێپەڕبوونی كات، هەستياری ئەو دۆخەی هەموومانی تيايدا ئەژين زياد بكات. چون ئايندە بەستراوەی دەوری چالاك و هەنگاوی درووستی ياريزانانی گۆڕەپانەكەيە. هەموومان هەروەك ياريزانانی گۆڕەپانەكە باش ئەزانين كە خەڵك و موقاومەتی ئێران يەكلاييكەرەوەی دۆخەكەن. چون سەردەمی سازشتكردن لەگەڵ ئەو رژێمە كۆتايی هاتووە و هاوكات كەسيش خوازياری شەڕی دەرەكی نيە. خەڵكی ئێرانيش لە راپەڕينەكەی ئەم دواييەياندا، داخوازی و ويستی سەرەكيی خۆيان، واتا رووخاندنی رژێمی ئێرانيان، بە بەرچاوی گەلانی جيهانەوە چەسپاند و ئێستايش وا جيهانە كە دەبێ لە تەنيشت گەلی ئێراندا بووەستێت!

خەڵكی ئێران زۆر خۆشحاڵن كە ئێستا و بۆ يەكەم جار، حكومەتی وڵاتە يەكگرتووەكانی ئەمريكا لە تەنيشت خۆيان دەبينن و وەزيری كاروباری دەرەوەی ئەو وڵاتە لە وتارەکەی ئەم دواييەی خۆيدا، راپەڕينی خەڵكی ئێرانی بە رەسمی ناسی بەرانبەر بە ديكتاتۆريی ئايينی کە گەورە پشتيوانی تيرۆرە لە جیهاندا و هەروەها داوای پێكهێنانی بەرەيەكی نێودەوڵەتی كرد بەرانبەر بە رژێمی مەلاكان. ئەوە گۆڕانكارييەكی گرينگ و گەورەيە لە پێوەند لەگەڵ رژێمی ئێراندا.

ئەوەی وەزيری بەڕێز. مايك پۆمپيۆ لە وتارەكەيدا وێنای كرد، تابلۆيەكی راست و درووستی ئەو راستييەيە كە موقاومەتی ئێران بە درێژايی ساڵانی رابردوو نەك تەنها بانگەوازی بۆ دابوو، بەڵكو بە زنجيرەيەك دەستپێشخەريی كارا، جهانی بەرانبەر بەو رژێمە هان دابوو. لە ئاشكراكردنی پێشێلكارييەكانی رژێم لە بواری مافەكانی مرۆڤەوە تا دەستتێوەردانی كوشندەی ئەم رژێمە لە كاروباری وڵاتانی ناوچەكە. لە ئاشكراكردنی دزی و جەردەيی و بە تاڵانبردنی سەروەت و سامانی خەڵكی ئێران لە لايەن رژێمی مەلاكانەوە تا مەترسيی تەياربوونی بە بۆمبای ئەتۆم. لە ئاشكراكردنی تيرۆريزمی حكومەتيی رژيمی ئێران لە سەراسەری جيهان تا پشتيوانيكردنی مالی و چەك و چۆڵ لە گروپە تيرۆريستييەكان لە سەراسەری جيهان. لە شەقكردنی رژێم و توندتركردنی شەڕەگورگی ناو دەسەڵاتی ئاخوندی تا راپەڕينی ئەم دواييە و رێكخستنی شانەكانی شۆڕش لە ناو شارەکانی ئێران كە ئێستا دينەمۆی بەردەواميی راپەڕينە بۆ گەيشتن بە ئازادی و رووخاندنی رژێمی مەلاكان.

ئێستا كە بەرەوڕووی ئەو هەل و مەرجە هەستيارە بووينەتەوە، هەڵوێست و لێدوانەكانی وەلی فەقيهی ئاخوندان و كاربەدەستانی ئەو رژێمە زۆر سەرنج راكێشن! شەپۆلەكانی ئەم زەريايە وەها كاربەدەستانی ئەو رژێمەی سەرسام كردووە كە هەڵوێست و وتەكانيان لە وڕينەكردنی بەر لە مردن دەچێت كە هەم جێی پێكەنينە و هەميش هەڵگری وانەگەلێكی زۆرە. وتيان «رێكەوتننامەی ئەتۆم» ئەسووتێنن!. ئێستا ئەڵێن بەردەوام دەبن بۆ هێشتنەوەی رێككەوتننامەكە لەگەڵ وڵاتانی ئەوروپا. دڵيان بە ئەورووپا خۆش بوو. ئێستا خامنەئی دەڵێت: «سێ وڵاتانی ئەوروپی سەلماندوويانە كە لە هەستيارترين كاتەكاندا، لەگەڵ ئەمريكادان... ئەوروپيەكان هەندێك قسە دەكەن بەڵام تا ئێستا نەمانبينيوە كە بە كردەوە بەرانبەر بە ئەمريكا بووەستن... ئابووريی وڵات بە رێگەی ”رێككەوتنننامەی ئەورووپايی” باش ناكرێت» (23ی ئاياری 2018).

خانمی مريەم رەجەوی، سەرۆكی هەڵبژێردراوی ئەنجوومەنی نيشتمانيی موقاومەتی ئێران بۆ قۆناغی كاتيی تا رادەستكردنی دەسەڵات بە خەڵكی ئێران، بەرەسمی ناسينی راپەڕينی گەل و داخوازييەكانی موقاومەتی رەوای گەلی ئێران كە بۆ ماوەی 37 ساڵی رابردوو سوورن لە سەری، بە هەنگاوێكی گەورەی وەسف كرد و جەختی كرد كە ”گۆڕانكاريی ديموكراتييانە لە ئێران تەنها رێگاچارەيە بۆ چارەسەری كێشەكان لە ئێران و قەيران لە ناوەچەكە. كۆمەڵگای جيهانی دژ بە ديكتاتۆريی ئايينی و ترۆريستيی دەسەڵاتدار لە ئێران، پێویستييەكی مێژووييە بۆ ئاشتی و ئاسايش و پێكەوەژيانی ناوچەيی و نێودەوڵەتی”.

ئێستا دوای دەرچوونی ئەمريكا لە رێككەوتننامەی ئەتۆم، بەهێزترين و پتەوترين سزاكان بۆ سەر رژێمی ئێران دەستی پێكردووە و هەر دێت و رەهەند و قورساييەكانيی زياد دەكات. زۆرێك لە كۆمپانياكان، دامەزراوە بازرگانييەكان و بانكە دەرەكييەكان چالاكييەكانی خۆيان لە ئێران راگرتووە و تازە ئەوە سەرەتايەكی كوشندەيی ئابوورييە بۆ سەر رژێمی ئێران!

وەزيری كاروباری دەرەوەی ئەمريكا زۆرێك لەو كارانەی رژێمی ئێران دەبێ ”بيكات” يا ”نەيكات”ی بۆ رژێمی ئێران دەستنيشان كرد كە وا پێ ناچێت گونجاوی توانا و پوتانسيەل و پێناسەی ئەم رژێمە بێت. هەر بۆيە دەبێ لە كۆتاييەكی نەك زۆر دووردا، چاوەڕوان بين شتێكيتری لێ بكەوێتەوە. وەزيری كاروبارەی دەرەوەی ئەمريكا هەروەك پرێزيدنێت ترامپ لە وتارەكەيدا، ئێرانی بە هی نەيارانی رژێمی ئێران زانی و بۆ نموونە وتی: «رژێمی ئێران لە ناڕەزايەتييەكانی خەڵكی ئێران و به تايبەت ژنان تۆقاوە». ئەوەيش ئاماژەيەكی روونه بە موقاومەتی ئێران كە خاتوو مريەم رەجەوی رێبەريەتی و ئاڵاهەڵگر و پێشەنگی خەبات و تێكۆشانە بەرانبەر بە رژێمی مەلاكان.

لە كاتێكدا راپەڕينی گەل لە سەراسەری ئێران بە روونی بەردەوامە و مانگرتنی كاميونداران لە نزيك بە 200 شاری ئێران نوێترينيەتی و لە كاتێكدا موقاومەتی ئێران خۆی بۆ بەستنی كۆنگرەی ساڵانەی لە رۆژی 30ی يونيو (ژوئەن) ئامادە دەكات، پێويستە ئەو سێ راستييە دووبارە بكەينەوە کە لە گردبوونەوەی ساڵی رابردووی رەوەندی ئێران لە پاريس راگەياندرا لە پێناو  گەيشتن بە رزگاری و ئاشتی و ئاسايش لە ناوچەكە:

يەكەم. رووخاندنی رژێمی ويلايەتی فەقيهی ئاخوندی پێویست،

دووەم. رووخاندنی ئەم رژێمە بەردەستە،

سێيەم. ئاڵترناتيڤێكی ديموكراتی و موقاومەتێكی رێكخراو بوونی هەیە و ئامادەیە بۆ راماڵينی ديكتاتۆريی ئايينی.

با پێكەوە بەرەو بەستنی كوبوونەوەی ساڵانەی موقاومەتی ئێرانەوە بچين.

[email protected]

ئەم ووتارە گوزارشت لە بۆچونی نووسەرەکەی دەكات


به‌روار:  02/06/2018
9781   جار خوێندراوه‌ته‌وه
  وتاری زیاتر ...
پارێزەر: لوقمان مصطفی صالح
عەبدولڕەحمان مهابادی
پارێزەر: لوقمان مصطفی صالح
ئازاد حەمدی
ژماره‌ی بابه‌ت

هەڵۆیەک کۆترێ دەرخواردی بێچووەکانی دەدات

مناڵێک لە باڵەخانەیەکی بەرزدایە

لافاو و رەشەبا زیاتر لە 70 باخ لە کەرکووک تێکدەدات

کوژرانی ٨ سەربازی تورک لە ناوچەی وەرخەلێ

دوایین ووتەی زارا محەمەدی مامۆستای زمانی کوردی لەپێش دادگای

مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   716
کۆی سه‌ردان:   29237985