هەڵەکە لە ئێمەوەیە هاوڕێ!
 
بۆ هیوا ئەحمەد

هەڵەکە لە سەرەتاوە هی ئێمەبوو، ئێمە وەک سەردەمی هەشتاکان و حەفتاکان و سەردەمی گیڤاراو سەردەمانێک کە ئەخلاقی سیاسی و کۆمەڵایەتی مابوو بیرمان کردەوە، وامان ئەزانی ئەم سەردەمی چەقۆو گوێزانەیش وەک ئەو سەردەمانە وایە،وا تێگەیشتبووین راستینەکانی ناو ژیان کە پراکتیزە ئەبێت وەک ناو کتێبەکان وایە، وامان ئەزانی  پەیوەندیە سیاسی و کۆمەڵایەتی و خزمایەتیەکان وەک داستانەکان و چیرۆکەکان وان و هەموویان گرەو لەسەر پیاوەتی، مەردایەتی ئەکەن، بەڵام وانەبوو، هەڵەکە تێگەیشتنی ئێمە بوو، ئێمە خراپمان خوێندەوە، ئەم سەردەمە سەردەمێکی سۆزانییە، پووشەکان سەر ئاو کەوتوون و قورەسەکانیش وون.

ناکرێ سەردەمی ئایپات و سەردەمی خەیاڵی ئینترنێتی  وەک ئەو واقعە سەیربکەین کە ئینسانەکان بەیەکەوە پیاسەیەکیان ئەکرد و چایەکیان ئەخواردەوە! ناکرێ هاوڕێیەتی خەیاڵی ئینترنێتییەکان بکەین بە و هاوڕێیەتیە  کە خوێنی دەمارەکانی خۆیان ئەدایە یەکتر! ناتوانین ئەم سەردەمە وا وێنا بکەین کاتێک دوو هاوڕێ لە یەک دوور ئەکەوتنەوە برژانگەکانیان لە فرمێسکدا ئەوق ئەبوو!

ئێستا بڕۆ ببینە بزانە لاوان  ڕۆژانەو شەوانە سەرقاڵی چین!!بەم ماتریالەوە  شۆڕش و گیانبازی و بەرخۆدان ناکرێت، بڕۆ ئەم سەردەمەی ئەوروپا ببینە، مرۆڤەکانی هی سەردەمی جەنگی جیهانی دووەم نین، هێرش دێتە ناو ماڵەکانیان قسە ناکەن، گرانی ڕووی تیکردوون و  هەر قبولی ئەکەن، سەردەمەکەیان ناوی سەردەمی"کۆیلەی مۆدێڕنەیە"و  شانازی پێوە ئەکەن، سەرتاپا غەرقی فەسادییەو پێیان وایە پێشکەوتوون، ناتوانن دیفاع لە هیچی خۆیان بکەن پێیان وایە ئازان!!

لە منی وەرگرە هاوڕێ !ئ ەم سەردەمە سەردەمی لاموبالاتی و بێشەرەفیە، لاموبالات نەبیت و بێشەرەف نەبیت دۆڕاوی حەتمیت! ئەم سەردەمە سەردەمی درۆو چەواشەکاری و ساختەچێتیە! درۆ نەکەیت و چەواشەکار نەبیت و ساختە نەبیت دۆراویت! ئەم سەردەمە سەردەمی بێناموسی و فێڵ و تەڵەکەبازییە! بێناموس و تەڵەکە باز نەبیت مەحکومی بە دۆڕان! درۆی گەورە گەورە نەکەیت سەرت لە بەردی داوە! سەردەمێکە بێشەرەفی باڵایە! تۆ ناتوانی بە شەرەفەوە بەگژ بێشەرەفیدا بچیتەوە،لێرەوە تووشی نامۆ بوون بە کۆمەڵگاو نامۆ بوون بە خێزان و بە منداڵ و دواجار  خودی خۆت بە خۆت نامۆ دەبیت و دەدۆڕێیت!ئێمە یان ئەبێت وەک ئەوان بین یان دۆڕاندن!! بەڕای من هەڵبژاردنی دووەم شەرافەتمەندانەیە!.

ئەم سەردەمە سەردەمی بەرژەوەندیەکانە، سەردەمی پارەو سێکس و نێرو نێرو مێو مێیە، سەردەمی ماستاوچێتی و شکاندنی کەسایەتیە، دژی ئەمانە بیت دۆڕاوی حەتمیت و دواجار خەمۆک ئەبیت.

لەمنی وەرگرە!ئەم چەکەی دەستی ئێمەکەبە شەرەف وناموس و ڕاستگۆیی سواخدراوە ئیتر بۆ ئەم سەردەمە ناخوات! هیچ شەڕێکی پێناکرێت!  تا هاوڕێیەک ئەدۆزیتەوەکە بەراستی هاورێ بێت  گیانت دەرەچێت! ئێستا هاوڕێتەو لە ئەکاونتی خۆیەوە بە باڵاتا هەڵئەڵێت، فەیکێکی هەیەو جوێنت پێئەدا،ه اوڕێی ئێستا لەسەر بچوکترین جیاوازی  وردو خاشت ئەکات!

بۆ ئەوەی بەگژ درۆدا بچیتەوە ئەبێت درۆزن بیت! بۆ ئەوەی بەگژ بێناموسیدا بچیتەوە ئەبێت بێناموس بیت!ئەوەیش بە ئێمە ناکرێت!

خۆشەویستی و عیشق و ئەوینداری بووە بە پەن،ئەم هەفتەیە دێت و هەزار چیرۆکی ئەوینداری ئەڕێسێت و هەفتەی داهاتو  ئەبێتە خەیاڵ و  وون ئەبێت، نەخۆشیە دەرونیەکان و شکاندنی کەسایەتیەکان و روتبوونەوە لە هەموو بەها مرۆییەکان بۆتە مۆدێلێکی باڵاو لە گیان و ژیانی  زۆربە ئاڵاوە، چی ڕێساوە درۆیەو  هیچ شەرمیش لە مرۆڤ بوون  ویقاری خۆی ناکات، ئەزانی بۆ؟ چونکە لە مرۆڤ بوون داشۆراوەو ویقاری خراوەتە بەردەم گەلە سەگ!

بەم ساڵانەدا بچۆرەوە چۆن بە گژ دەسەڵاتی ستەمکاراندا چووینەوە! چۆن خوێنی خۆمان لە کاسە کردو چۆن ڕۆژە جوانەکانی تەمەنی خۆمان بۆی دانا!  لەهەمووی غەمبارانەتر لە لایەن ئەوانەوە کە ئیدعای  ئۆپۆزسیۆن بوون و دژە ئەو دەسەلات ئەکەن چیمان پێکرا!! چەندە بەگژمانا چوونەوەو چەندە هەوڵی ورتکردنیان داین، چەندە دڵیان شکاندین و بێهیوایان کردین، هێندە بێڕەحم بوون دەسەلاتی چەتەکان و ستەمکارەکان  بەڕەحم و میهرەبانتر بوون لەوان.

مردن هیچ نیەو نادیدە بیگرە، خەوێکی قوڵەو  جۆرێکە لەحەسانەوەی دوای ماندووبونێکی تاقەت پڕوکێن، جا ژیان چی بە ئێمە بەخشیوە تا لە مردنەکەی بترسین؟

 ماوە لە دواجارا بڵێم، ئەگەر هەموو شەڕەکانیش بدۆڕێنین، هێز نییە بتوانێت جوانیەکانمان لێبسەنێتەوە، کەس  شەهامەتی ئەوەی نابێت و نیەتی هەڵوێست و ئابڕوو لە ئێمە وەربگرێتەوە.

بیرت نەچێت! ئەگەر نەمانتوانیبێت ئەم دنیا پیسە جوان بکەین، ئەوەمان بۆ شانازییە کە بەشداریمان لە ناشیرینکردن و پیس بوونیدا نەکردوە.
ئەوەندە بەسە بە تەوێڵی بەرزەوە بمرین.

کاتێکی خۆش
ئارامی حاجی عەلی
هۆڵندا
به‌روار:  26/02/2024
221   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   603
کۆی سه‌ردان:   29665589