مامۆستای کوردی و فەڕاشی سویدی 🇸🇪

مامۆستای کوردی و فەڕاشی سویدی 🇸🇪
پێشکەشە بە خەباتی مامۆستایانی ناڕازی

ساڵی 1994 لەگەڵ بەهار و پاڤێڵی کوڕمان گوێزراینەوە بۆ گوندی کانی وەیسە.
حەفتەی یەکەم " کاک قادر " ی ئەنجومەن هات و ووتی:
مامۆستا 200 دینارمان بۆ کۆکردوویتەوە ، دەزانین کەمە بەڵام لە هیچ باشترە، هەڵبەت بە سوپاسەوە وەرنەگیرا.
ساڵێک لە ژوورێکی " ماڵی کاک ساڵح و دادە ئامین " بووین وەکو ماڵی باوکمان.
لەو گرانیەدا زۆربەی جارەکان میوانی سفرەی سەخاوەت و  خوڵقی جوامێرانەی خەڵکەکەی و جێگای ڕێزی بێ ئەندازەی پیاوەتی خۆیان بووین.
کاتێکیش لەسەر داوای ئەوان خۆبەخشانە دوو خوولی نەهێشتنی نەخوێندەواریمان کردوە بۆ ژنان وپیاوانی گوند، پەروەردەی سلێمانی هیچ هاوکاریەکی کەلوپەلی خوێندنیان  نەکردین.
لەڕێکەوتێکی سەیردا " کاک موهەند زاخۆیی " ڕێکخەری یونسێف لە پەروەردە بانگی کردین و دواتر زۆر هاوکاری کردین.
ڕەنگە ئەم دێڕانەی خوارەوە عەیب بێ کە دەینووسین ، بەڵام ئەی چۆنی بگێرینەوە؟
*کاک سدیق هەرمنی ووتی نەقڵ بە بۆ گووندەکەمان مانگانە "500 دینار" و هەموو خزمەتێکیشت دەکەین.
* یەکێتی ژنانی چوارتا ووتیان" هەر دوو خولەکە بکەن بەناومانەوە"  مانگانە" 600- 800 " دینارت دەدەینێ بە خواردنی مانگانەوە،  له کاتێکا مووچەکەمان بە مۆری ئیدارەشەوە " 350" دیناری ئێراقی" 5 دۆلارێک" بوو.
 بەڵام خوولەکەمان بەناوی خۆمانەوە هێشتەوە.
بۆ ئێمە  ئەمانە تاجی سەرمانە  :
کە خەڵک خۆشەویست و ڕێزدار و میوان دۆست و بەوەفا و زۆر دڵسۆز بوون لەگەڵمان.
هەمیشە تراکتۆرەکەی کاک سالار شامراد و ماڵی  کاک کەریمی ئەنجوومەن  ئامادە بوون  بۆ هاوکاریمان.
کاک قادر  ووتی : بە هەر سێ تەڵاقم ساڵانێک لەگەڵ شێخ کاوە پێشمەرگە بووم وەکو ئەم مامۆستاییە هیلاک نەبووم.
گەز گەز باڵا دەکەین کە کاک بەهادین ئەنجوومەنی ئێستا و خوێندکاری  خۆمان لە تەلەفیزۆنەوە بڵێ:
مامۆستا شێرزاد بە تەنیا 52  قوتابی و دوو مەحولئومیەی هەبوو ، ئێستا بە 10  مامۆستاوە 38  قوتابیمان هەیە.
یەک دنیا شانازی دەکەین کە مامۆستا کەمال شیر گەری موفەتیش بڵێ:
چەندین دەرگای قوتابخانەکانی لادێ داخراوون ، کەچی مامۆستاکەی کانی وەیسە داوای لۆکسێکی لێکردین بۆ دەوامی شەو نەمان بوو بیدەنێ.
چەند گەورە بووین بە خزمەتی کانی وەیسە ، کاتێ لە چوارتا کۆمەڵێ مامۆستای شارباژێر نەیاندەناسین و ووتیان:
کوا مامۆستاکەی کانی وەیسە، موفەتیش دێ باسی دەکا ، ئەنجومەنی گوندەکان دەبینی باسی دەکەن ، دەچیته تەربیە باسی دەکەن، کادیرەکان دێن باسی دەکەن.
چەند خۆشحاڵ بووین لە کۆبوونەوەی یونسێف ، لەگەڵ ڕێکخراوە بیانیەکان و ڕێکخراوەکانی ژنان و ئافرەتان تەنیا مامۆستا بووین لە گردەکەی یوئێن.
زۆر شادمان بووین بە سوپاسنامەکەی " مامۆستا عەبدولڕەحمان" ی سەرپەرشتیاری پەروەردەیی کە لەڕێگەی پۆستی قوتابخانەوە وەرمانگرت.
ڕۆژانە  لە 8 بەیانیەوە تا 10 شەو دەوامان دەکرد لە  دوو ژووردا.
 ئێستا لەم سویدەدا فەڕاشی  قوتابخانەیەکین بە ڕووبەر  کە نزیکەی 50 ئەوەندەی قوتابخانەکەی کانی وەیسە دەبێ کە  " دوو کارگوزاری " ی هەبوو ، بەڵام ئێمە تەنیا بە چوار سەعاتیش پاکی دەکەینەوە.

ئەوانەی  شەڕی مامۆستا دەکەن  بە پاساوی نەتەوە و کوردایەتیەوە ، گەر ویژدانیان زیندوە و شیریان پاک ، بۆ ناپرسن  6 ساڵی ڕەبەق هەر مامۆستا نەبوو شەڕی گەمارۆی ئابووری بەعس و دنیای کرد،  ئەی چ خێرە هەزاران بنەماڵە و قەوم و قیلەی  دەروێشی حیزبەکان وەکو پیاوماڵەی حیزب شایانە بژین و مامۆستاش بێ مووچە  کوردایەتی بکات بە   شیری مەمک، و سفرەی ماڵ و کرێی خانوو و بە مەسرەفی ژیان .
بەرگری لە هەرێم ئەرکی ئەو سەدان پەرلەمانتار و   دز و بن دیوارەیە کە حیزب کردوونی بە مۆرانەی سەر قووتی خەڵک ، دەنا ئەرکی مامۆستا خوێندنە بە مووجەی شایستەوە نەک خزمەتکاری فیرعەونەکانی مۆڵ وباڵاخانە و ژێرزەمینە پڕ دۆلارەکانی هەرێمی کوردستان.

شێرزاد عەزیز
مالمۆ
تازەکراوەتەوە: 2022.10.20

بۆ پاراستنی پەیجەکەمان ناچارین کۆمێنتی زبر و جوێن بسڕینەوە، سوپاس و ڕێز  بۆ ڕەچاوکردنی.

لینکی ڤیدیۆ 

ڤیدیۆکە لەم لینکەدایە

به‌روار:  16/03/2024
282   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   780
کۆی سه‌ردان:   29274280