سەربازە عەرەبەکان بەدبەخترین دیلی ڕاپەڕین بوون.
ئاداری 1991
ساڵی 1983 لە کەرتی زیندانی مەڵبەندی یەکی حاجی مامەند ، کۆمەڵێک سەربازی شکست خواردووی بەرەکانی شەڕی ئێران هەبوون.
بۆ خۆم تا ئەوپەڕی توانین هاوکاریم کردن.
ڕۆژێکیان " کاک ئاراسی حەمەلاو" کە بەرپرسی زیندان بوو ، چوار سەربازی برینداری دایە دەستمان و بڕی 10 دیناریش تا سواری پیکابەکەی حاجی مامەندیان بکەم و بچنە ناڵپارێز بۆ لای حکومەت.
ئەوان سواربوون و بۆ عەسری داهاتوو چوومە مزگەوتی گوندەکە سەربازێکیان گەڕابوەوە و لەوێ دەگریا.
کورتەی چیرۆکەکە ئەمە بوو:
لەیەکەم سەیتەرەی حکومەت هەر چواریان دادەگرن و لە دادگایەکی خێرای سەربازییدا " بڕیاری گولە بارانکردیان" دەدرێت بۆ ڕۆژی دوایی.
ئەمان لە ژوورێکی جەمالۆن دادەنرێن و شەو تۆپێکی ئێران لە نزیکیان دەتەقێتەوە و هەموویان ڕادەکەن، لە دواوە گولە باران دەکرێن و ئەم بەتەنیا بەر ناکەوێت و بە هەزار ناری عەلی خۆی گەیاندەوە مەڵبەند ، کە دواتر ووتیان بووە بە پێشمەرگە.
لەسەرەتای ڕاپەڕین ژمارەیەک سەربازی دیلیان هێنایە " قوتابخانەی ڕزگاری" کە چوار مەتر بەرامبەر ماڵی ئێمە بوو لە گەڕەکی بەختیاری.
خەڵکو خوای گەڕەک خواردنیان بۆ بردن.
دواتر کۆمەڵێک گەنجی خوێن گەرم هاتن و کە لێمان پرسین .
ووتیان : هاتووین بیانکوژین.
پیاوانی گەڕەک لە وانەی کە دڵنیام " حاجی ئەحمەدی ڕەحمەتی دوکاندار و مامۆستا ئەنوەر بەکر عارفی ئینگلیزی و شێرزاد" نەمانهێشت قەرەی سەربازەکان بکەوون.
ڕۆژانی دواتری ڕاپەڕین دەچووین بۆ ئەسحابەسپی کە دوکانمان لەوێ بوو.
سەربازه عەرەبەکان کە دیلی ئازاد بوون لە شاری سلێمانی ، بێ دەرەتان و بێ حاڵ و برسی بوون و زۆریان لە گەڕانەوەش بۆ لای حکومەت دەبێت ترسابێتن.
نیوەڕوان لەبەردەم " چێشتخانەی سلێمانی" کۆ دەبوونەوە و بەخۆڕایی خواردنیان دەخوارد.
ئەو هەڵوێستەی " حاجی فەتاح و کاکە حەمەی کوڕی" ئەوپەڕی جوامێری و مێرخاسی ئەو باوک و کوڕە مرۆڤپەرورەن ، کە لە لاپەڕە جوانەکانی مێژووی ڕاپەڕین و شاری سلێمانی ە کە هەقە لە بیر نەکرێن.
شێرزاد عەزیز
مالمۆ
تێبینی:
بۆ پاراستنی پەیجەکەمان لە ڕیپۆرت:
ناچارین کومێنتی نەشیاو بسڕینەوە یان بلۆک بکەین.
سوپاس و ڕێز بۆ ڕەچاوکردنی
https://www.malmokurd.com/agadary-37271-3
بهروار: 06/03/2024
412 جار خوێندراوهتهوه
|