پێنج دینارەکەی مامۆستا کاووس
پێنج دینارەکەی مامۆستا کاووس

کۆتایی حەفتاکان لە ناوەندی ئازادی بووین.
ڕۆژێکیان مامۆستا کاووسی بەڕێووبەر بانگی کردمه ژوورەکەی خۆی و دەرگاکەی داخست و ووتی:
پیاوێکی خێرکەر پارەی هێناوە بۆ هاوکاری قوتابیەکان ، ئەوە پێنج دیناریش بۆ تۆ.
ووتم: مامۆستا من باوکم دەوڵەمەندە پارەم ناوێت.
ووتی: حەز دەکەم وەریبگریت و گەر دێیت بۆ ماڵەوەشمان ، کەنتۆرەکەمت بۆ دەکەمەوە و چ قاتێکت بە دڵە بیبە ، بەمەرجێک تۆزێک ڕێکو پێک جلەکانت بپۆشە.
لەناوەندیەوە " پانتۆڵ ئیجباری بوو" ئەو کاتە دەمانزانی پانتۆڵ هی عەرەبە بۆیە بەزۆر لەپێمان دەکەن.
کە هاتمە دەرەوە چووم بۆ بازاڕ، دەمانچەیەکی تەرەقە هەبوو زۆر لە " سمسی ڕاستی" دەچوو کڕیم به " چوار دینار و نیوو" ، بە چەند پاکەتێ تەرەقەوە.
ڕۆژانه دەمبرد بۆ قوتابخانە و ماڵەوەشم ئیزعاج کردبوو.
ڕۆژێکیان " مامە ڕەفیقی ڕەحمەتی کە ئامۆزامان بوو " هات بۆ ماڵمان.
دایکم ووتی: حاجی بەم دەمانچەیە ئیزعاجی کردووین.
مامە ڕەفیقم لێی سەندم و بەیەک لەقە شکاندی.
کە زانی زۆرم پێناخۆشە، پێنج دیناری دامێ.
کە چووشمه پۆلی سێی ناوەندی ، جارێکیان لەگەڵ بەرزان چووین بۆ پێشمەرگایەتی و دوو حەفتەیەکمان پێ چوو.
کە گەڕامەوە " مامۆستا کاووس" بانگی کردمە ژوورەکەی خۆی و ووتی:
شێرزاد داخڵی بەکەلۆریت ناکەم بڕۆ دەوام مەکە ساڵێکی تر وەرەوە.
گەرچی زۆرم پێناخۆش بوو، دڵنیاش بووم کە مامۆستا کاووس دەیزانی زیرەکم و بچمە بەکەلۆری دەردەچم.
دوایی لە حیکمەتی پلانەکەی مامۆستا تێگەیشتم.
ئەو کاتە بەرپرسی ئیعلامی ئیتیحادی ئازادی بووم و زۆربەی قوتابیەکانیش دەیانناسیم و دەیانزانی دوو حەفتە غائیبم و چوومەتە دەرەوە.
گەر وون نەبوومایە لە قوتابخانە ڕەنگە تووشی گرتن و نەمانیش ببوومایە.
ئەوە یەکەم ساڵی کەووتنم بوو لە سەرەتاییەوە.
مفاوەزاتی 84 یش کە پێشمەرگە بووین، بەقەمسەڵەیەکی مغاویری و دەمانچەیەکی مەکاریۆفەوە لە شەقامی پیرەمێرد، تووشی مامۆستا کاووس بووین، به گەرمی تەووقەی لەگەڵ کردین و فەرمووی:
شێرزاد بەخێر بێیتەوە.
ئەو تەوقەیە خۆمی زۆر لا گەورەکردم ، کە مامۆستایەکی جوان و بەڕێز و دڵسۆز و باوکێکی گەورەی پەروەردەی قۆناخی ناوەندیمان ، تەوقە لەگەڵ خوێندکارەکەی بکات.
بەبیرەوەریم " مامۆستا هیوا" ی ئەندازە وجەبر و " مامۆستا فارسی" جوغرافیا و مێژووی لێدەرچێت کە لەدەرەوەی قوتابخانە سڵاویان لێکردووین، هیچ مامۆستایەکی ناوەندیم بەبیر نایەت سڵاویان لێکردبین.
ئێستاش ئیمزاکەی مامۆستا کاووس یووسف عەبدووڵام وەکو خۆی لەبیره و دەتوانم بیکەمەوە ، کە نیوە بازنەیەک بوو لە چەپەوە بۆ ڕاست و سێ خەتی لەژێردا بوو.
بەهیوای تەمەن درێژی و تەندرووستی ساخ بۆ جەنابی مامۆستا کاووس‌‌❤🌹

شێرزاد عەزیز
مالمۆ

کۆمێنتی یەکەم:

کەچوومە پۆلی سێی ناوەندی و دەیانزانی حەز دەکەم ببم بە مامۆستا، ووتیان گەر ئیمزاتان نەبێ لە خانەی مامۆستایان وەرناگیرێن.
چوومه لیژنەی ئیتیحادی تەلەبەوە و سەرۆکی ئیتیحادی ئازادی " بەهادین ساڵح زڕگووێزێ" بوو هەم خۆی پەیوەندی بە تەنزیمەوە هەبوو، هەم ئامۆزاکانی پێشمەرگە بوون.
منیش بووم بە مەسئولی ئیعلام.
کە نەشرەی سەر دیواری قوتابیان دەکرا ،دەبوا پێشتر من ئیمزای بکەم وەکو سانسۆر.
جارێکیان شێعرێکیان هێنا بوو بۆ نەشرەکە ، لەسەر مەلا مستەفای بارزانی بوو. منیش ئیمزام کرد و هەڵواسرا.
مامۆستا خالیدی جێگری بەڕێووبەر لێی کردەوه و هێنای بۆ ژووری ئیتیحاد.
ووتی : ئەوە چۆن شتی وا هەڵدەواسرێ ، پێتان بزانن دەتانگرن و نابێ شتی مەمنووع لە نەشرە بنووسرێت.
کۆمێنتی دووەم لە خوارەوەیە:
زستانی ساڵی 1979 یان 1980بوو ، کە تەمەنم 14 ساڵێک بوو ، لەگەڵ بەرزانی کاک مستەفای دراووسێمان ڕامانکرد.
له بزەینان تەنیا" مستەفای حاجی عەزیزی خراجیمان بینی" کەپێشمەرگە بوو.
چووینە باراو و لەوێوە بۆ شاخی سەیەر کە ئەژنۆیەک بەفری پێووە بوو.
لەسەرما بە لەتێ پشتێنەکەمان ئاگرمان کردەوە و ئێوارەیەکی درەنگ گەیشتینە حاجی مامەند و شەو لە ماڵی " جەلالی حاجی شێخ مارفی دوکاندار " خەوتین و بۆ بەیانی بانگیان کردینە مزگەوتەکەوە. کاک جەلال ووتی ناسیاوی منن و دەیانناسم.
حاجی مارفی دوکاندار مشتەری باوکم بوون لە ئەسحابەسپی.
بەرپرسەکەیان ناوی "ڕەئوف بەگ " بوو.
ووتیان قومبەلەیەکتان دەدەینێ لە هەرشوێنێک دەتوانن بیتەقێننەوە ، دەشتوانن بیخەنە حەوشەی مەکتەبەوە بەس چۆڵ بێ، وەرنەوە دەتانکەین بە پێشمەرگە.
چووینە دۆڵەسوور تا بپەڕینەوە بۆ چەووتان کە ماڵی کاک تۆفیقی زاوای بەرزانی لێبوو کە پێشمەرگە بوو.
شەو کە پەڕینەوە ناقیلەیەک بە دۆشکا تەقەی لێکردین و سەربازەکانیش ماوەیەک شوێنمان کەووتن و ئێمە بەڕاکردن گەڕاینەوە ناو دۆڵەسوور.
دوایی پێیان ووتین ماوەیەکە پاش ئەوەی پێشمەرگە تەرمی سەلامی عەلە تورکە وجەزای برایان لەو جادەیە فڕێداوە، شەو کەمینی حکومەت هەیە و تەقە دەکات.
لە ساڵی 1979 وە دەجارێک لەگەڵ برا وخاڵەکانم و هاوڕێیانی گەڕەگ ڕاماندەکرد بۆ پێشمەرگایەتی.
زۆر جار لێدانیشمان دەخوارد و دەیان ناردینەوە.
به‌روار:  03/12/2022
965   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   873
کۆی سه‌ردان:   29258162