قوربانی گۆڕەکەت بم کاکە بادین عەلی
قوربانی گۆڕەکەت بم😪
کاکە بادین عەلی گیان ئیمشەو ئاگاداربووم لە شەهیدبوونت لەمنبج .
یەکەم جار لە کۆبوونەوەیەکی گۆڕان ئێوەم بینی و ژمارەمان گۆڕیەوە ، پاشان لە چالاکیەکان یەکترمان دەبینی... دواجار زۆر پەرۆشی خۆپیشاندانێکی گەورە بوویت لە ئەوروپا بۆ پشتیوانی باکووری کوردستان و قسەمان زۆرکرد لەسەری..
ئینجا باسی پرۆژەی گەورەت دەکرد بۆ ڕۆژئاوا، کە ئێمە دەمانزانی ناکرێ.
کە لەڕۆژئاوای کوردستانەوە پەیوەندیت پێوە کردین ، لە ڕێگەی کاک گۆران مەریوانی یەوە پەیوەندیەک درووست کرا ، بەڵام هیچ نەکرا.
بە خوا و بە کوردستان ئیمشەو شۆک بووم وئێستا لە دڵەوە بۆت دەگریم.
دوێنێ شەو بەڕێکەوت ڤیدیۆیەکتم بینی لە داستانی ڕزگاری منبج لە داعش و بە ڤایبەر تەلەفۆنم بۆ حاجی ئەترووشی کرد کە لەسەفەرە تا پێی بڵێم ئێوە چەند قارەمانن ... بەڵام ئیمشەو کاک سدیق ڕۆژهەڵاتی لە شەهید بوونت ئاگاداری کردم.
تۆ بەشەهیدبوونت وانەیەکی ئەوەندە گەورەت فێرکردین ، کە من لە ژیانەوە بەرزی و گەورەیی مەرگ ببینم گەر وەک ئێوە خەڵک بتوانێ ئازا و قارەمان بێ و ئەم خۆشگوزەرانییەی ئێرە بەجێبهێڵێ و بۆ نەتەوەکەی مەرگ هەڵبژێرێ.
خەڵکی ئاکرێ بیت و دایکت خەڵکی قاهیرە بێت و 25 ساڵ لەسوید ژیابیت و لە منبج شەهید بیت.. ئەوە ئەو شانازییە بۆ هەر کوردێ کە لای من زۆر کەمن بە خۆشمانەوە وەک ئێوە کە ڤێلاکەتان و خێزان و مناڵ و ژیانی بەقوربان دەکەن.
ئارام بنوو کاکە بادین گیان من قوربانی مەرگە غەریبەکەت بم.
من ئێستا دەگریم زۆر دەگریم
شەوی 2016.8.7
به‌روار:  07/08/2022
1140   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   482
کۆی سه‌ردان:   29233126