|
سووتانی ماڵە فەرماندەیەکی سۆسیالیست
ئایاری 1983
شەهید بوونی دوو فەرماندەی یەکێتی" شێخ شەماڵی باخ و سەرباز كۆیی و سەعدی گەرمكی و كامەرانی كاكەڕەش" لە 1983.4.15 لە گوندی باداوانی دۆڵی خەلەکان، شەڕی قەڕناقە و پشت ئاشان و خۆشناوەتی بەدوا هات.
ئێمە لە ڕێکخراوی دووی کۆمەڵەی " کاک جەبار فرمان" ی ڕەحمەتی بووین و لەگەڵ هێزەکەی مەڵبەندی دوو ، بە ماتۆڕی ئاوی لە تۆربەوە بردیانینە خدران، و پاش شەو و ڕۆژێک ڕۆیشتن گەیشتینە گوندی جەلی لە خۆشناوەتی.
ڕۆژی 1983.5.11من و" مام کانەبی" کادیری کەرتی قەڵادزێ پاش دەمەتەقێیەک کە ماندوو بووین خەوتین.
لە دەنگە دەنگی دوو کەسی ناو ئەو خانوە خەبەرمان بوەوە کە لە ژێر گوێسەبانەکانی خەوتوبووین.
گفتوگۆی دوو پێشمەرگەی سۆسیالیست بوون، کە تەسلیم بن یان نا.
چووم بە " کاک جەبار فرمان" م ووت و پاشان " کاک عەلی بچکۆل" ی بەرپرسی مەڵبەندی دوو قورئانی بۆ خواردن بە ئامادەیی ئەنجومەنی جەلی .
من کە لەبەر دەرگاکە وەستا بووم، کاک جەبار فرمانی ڕەحمەتی ڕایکێشامە ئەولاوە.
دوو پێشمەرگەی سۆسیالیست هاتنە دەرەوە ، کە دوو کڵاشینکۆفێک و دەمانچەکەیان پێ بوو،
من پەلاماری ئەو تاقم و تفەنگەم دا کە دەمانچەکەی پێوە بوو.
تیپی 47 پیرەمەگروون لە دەستی منیان ڕاپسکاند و بردیان.
پێشمەرگەیەکیان کادیر بوو ناوی " ئیبراهیم" بوو.
شەهید دڵزار کۆیی
ڕۆژی 1983.5.12 کاتێ هێزەکەی یەکێتی بەرەو سماقوڵی گرتک دادەبەزی، پێشمەرگەکانی سۆسیالیست کە هێزەکەیان بینی کشانەوە.
شەهید " دڵزار کۆیی" فەرماندەی قوەی هەیبە سوڵتانی حسک لە ناو دێدا مایەوە و ئاربی جیەکیشی تەقاند و بەرگری کرد.
بەداخەوە لەوێدا شەهید بوو، دواتر خەڵکی ناوچەکە باسی قارەمانەتی و جوامێری " شەهید دڵزار حسێن" یان دەکرد و زۆریان خۆش دەویست.
سووتانی ماڵی " کوێخا تەها" ی کانی کوردە
لە گوندی کانی کوردە من نەوتم کرد بە ماڵی " کوێخا تەهای باوکی کاک حەمە سوور" ی سۆسیالیست و ئاگرم تێبەردا.
" کاک ستار فرمان" هات تاقم و تفەنگەکەی لێکردمەوە تا نەسوتێم.
" کاک حەمەسوور کانی کوردەیی"
فەرماندەیەکی دێرینی سۆسیالیست بوو ، دوایی خۆشی بوو بە یەکێتی.
کاتێ ماڵەکەمان دەسووتاند ، دایکی زوو زوو کەلوپەلی ناو خانووەکەی دەهێنایە دەرەوە.
کوێخا تەهای مێردی ئازا بوو قیژاندی بەسەر ژنەکەیدا و ووتی:
واز بێنە و هیچ مەهێنە دەرەوە، با ئەو جاشانە بیستوتێنن.
تۆ کادیری
دواتر لە مزگەوتی کانی کوردە لەگەڵ کۆمەڵێک گەنجی گوندەکە قسەمان دەکرد.
گەنجێکیان بانگی کردم و ووتی تۆ کادیری؟
منیش نەمووت " نا" ، ناوی ژمارەیەک ئەندامی " جود" ی دامێ و منیش بە " کاک جەبار فرمان" م ووت، چووینە سەر ماڵێکیان کە شیوعی بوو، دەمانچەیەکی مەکاریۆفی هەبوو گرتمان، ئەوانی تر لە ناو دێ نەبوون.
ئەم پیاوە فیرارێکی کەرکوکی هەژار بوو ، پێڵاوێکی هاوینەی لاستیکی کۆنی لە پێدا بوو، کە جل و بەرگ و پێڵاوەکانیم بینی، زۆرم خەفەت بۆ خوارد.
جەیشی شەعبیەکەی کلکە سماق
چووینە کلکە سماق و "جەیش شەعبیەک" ی لێ بوو دەمناسی و لە ترسی جەبهە فیراری کرد بوو ، ماڵی خەزووری لە کلکە سماق بوو، چووم بە " کاک جەبار" م ووت و گرتی و کڵاشنکۆفێکی پێ کڕی و هەزار دیناریان لێسەند.
بۆ نیوەڕۆکەی من و هاوڕێیەکم بەر ماڵە هەژارێک کەوتین، ژنێکی سک پڕ ، نان و دۆی بۆ داناین .
کە لێمان پرسی:
خوشکێ ئەی مێردت نیە؟
بە ترس و شەرمەوە ووتی:
مێردەکەم لە مزگەوتەکەیە و پێشمەرگە گرتوویانە.
ژنی کابرای جەیشی شەعبی بوو، لەدڵدا زۆر تەریق بوومەوە ، جارێک بۆ ژنێکی سکپڕی هەژار و جارێکیش بۆ ئەوەی خۆم بە گرتمدا بوو ، نانەکەشیم دەخوارد.
ئەو ئەنجومەنەی ئێمەی لەو ماڵە دامەزراند زۆر ناپیاو بوو ، دەنا ئێمە بمانزانیایە ئەو ماڵەیە نەدەچوین.
لە مزگەوتەکە کابرای جەیشی شەعبیمان دەدواند ، کە پێش فیرارکردنی لە " مونەزەمەی عوسمان فایەق" و لای " ڕەفیق سەباح" دەوامی دەکرد.
بێ هەڕەشە کردن یان ئەشکەنجەدانی ووتی:
ڕەفیق سەباح نێرباز بوو ،،داوای لێدەکردم خەڵکی بۆ بەرم.
لە شەڕەکانی دوو مانگەی خۆشناوەتی " سێ کڵاشینکۆف و دوو دەمانچە" دەستکەوتی ڕێکخراوی 2 ی کۆمەڵە بوو کە من ئاگاداری بم، کە هەموویان خۆم گرتم، و هیچیشم وەرنەگرت.
بۆ خۆم هەمیشە و بەردەوام لە ڕابردوو و ناو بیرەوەریەکان دەژیم و لێم جیا نابنەوە.
ئێمەی پێشمەرگە سەربازی شەترەنج بووین.
ئەو کاتە من 17 ساڵ و نیو بووم ، و زۆربەی پێشمەرگەش گەنج و هەرزەکار بووین.
خوێنمان قوڵپی دەدا و هەموو بزێو بووین و شەڕە شمشێرمان لەگەڵ مەرگدا دەکرد.
جارێک لە خۆشناوەتی " کاک جەبار فرمان" ی ڕەحمەتی پێی ووتم:
تۆ سەری ئەم ڕێکخراوە دەخۆیت.
ئەم بیرەوەریانە تاڵن و شەڕی براکوژی نەک شانازی نیە بەڵکو تاوانە، بەڵام تاوانی ئەو سەرکردە و فەرماندانەیە کە هەڵیان دەگیرساند.
دوا جار ئەم بیرەوەریانە ڕوویان داوە ، گێڕانەوە و یادکردنەوەی یان نەگێڕانەوەی هیچ لەو برینانە کەم ناکاتەوە.
شێرزاد عەزیز
مالمۆ
وێنەکە لە چەپەوە:
سەربەست فەتاح، خەبات مەلا عەبدول، هیوا مەلا عەبدول، شەهید هاوڕێ جەبار، شێرزاد
بهروار: 08/05/2026
28 جار خوێندراوهتهوه
|