نامەی لەقلەکەی کینیا و کوردستان 🦩

                                                                                               پ.د.زاهیر لەتیف كەریم

سەرەتای شەستەكانی سەدەی بیستەم ,نیشتەجێی گەڕەكی چوارباخ بووین,ماڵەكەمان زۆر نزیكی گەڕەكی جوولەكان وسەرشەقام بوو.لەچەند ماڵێكی گەڕەكی جوولەكان درەختی گەورە هەبوو,بەسەر بەشێكی زۆر كەمی درەختەكانەوە هێلانەی حاجی لەق لەق بوونیان هەبوو.

ڕۆژێك كابرایەك بەهەڵە داوان خۆی كرد بەماڵی ئێمەدا و پرسیاری لەمامۆستا عەلی لەتیفی برا گەورەم كرد. ئەو كات مامۆستا لەیاریگای خۆجێیەتی " مەلعەبەكە"خەریكی ڕاهێنانی وەرزش بوو.
كابرا ڕۆشتوو و بۆ ئێوارە جارێكی تر گەڕایەوە.دیاربوو كابرا پێشتر زانیاری لەسەر مامۆستا وەرگرتبوو كەزمانی ئینگلیزییەكەی بەنووسین وخوێندنەوە باشە.
لەگەڵ مامۆستا كەوتنە گفتوگۆ,منیش بەتەنیشتیانەوە وەستابووم.دواتر نامەیەكی لەگیرفانی دەرهێناو چیرۆكی ئەم نامەیەی بوَ مامۆستا گێڕایەوە.

چیرۆكەكەش بریتی بوو لەوەی كەحاجی لەق لەقێكێك لەسەر درەختی ماڵەكەیان هێلانەیەكی توندو تۆڵی دروست كردبوو و ڕۆژێك تێبینی ئەوە دەكات شتێك بەقاچێكی لەق لەقەوە بەستراوە,ئەمیش بەهەچ هەوڵێك دەبێت لەق لەق دەگرێت و ئەو شتە لەقاچی دەكاتەوە.شتەكە زۆر جوان وزۆ ریش بەچاكی پێچرابوەوە، لەنێویدا پارچە كاغەزێكی تێدا بوو و بەزمانی ئینگیزی شتێكی تێدا نووسرابوو.
كابراش كەسێكی نەخوێندەوار بوو ونەیدەزانی ئەمە چییە! بۆیە پرسیاری خۆی كردبوو كە ئەم نووسینە بەزمانی ئینگلیزی نووسراوە ولە گەڕەكدا ئاماژەیان بەمامۆستا عەلی كردبوو بەو پێیەی شتێك لەئینگلیزی دەزانێت.
منیش لەنزیكەوە ئاگاداری ئەوە بووم كەمامۆستا بەهۆی ئەوەی وەرزشەوان و هونەرمەند بوو هەمیشە بەدوای گۆڤارە بێگانەكاندا دەگەڕا بەتایبەتی گۆڤارە ئینگلیزییەكان.ئەم وەرزش و هونەرە فاكتەرێكی باش بوون كەشتێك خۆ ی فێری ئینگلیزی بكات،ئەویش لەپێناو وەرگرتنی زانیارییەكان.لێرەدا فەرهەنگەكان ڕۆڵێكی كاریگەریان دەبینی,ئەمە جگە لەوەی كەمامۆستا شەیدای هونەری سینەما بوو,حەزی دەكرد لەڕێگەی زمانی ئینگلیزییەوە چێژ لەناوەڕۆكی فیلمەكان ببینێت.

مامۆستا كەنامەكەی لەكابرا وەرگرت ودواتر كەوتە خوێندنەوەی,دەركەوت كەئەم نامەیە لەوڵاتی "كینیا" وە ولەڕێگەی پزیشكێكی فێتەرنەرییەوە هاتووە.نامەكە زوَر كوورت بوو,تەنها زانیاری كەتێیدا بوو داوا دەكات ئەم لەق لەقە لەكوێی ئەم زەمینە گەرمیان وكوێستان دەكات.مامۆستاش زۆر ڕێزی لەكابرا گرت ودواتر گووتی:منیش هەوڵ دەدەم وەڵامی نامەكە بدەمەوە.
هەر بۆ سبەینێ كەوتە نووسینی نامە.

لەنامەكەدا نووسیبووی "ئەم لەق لەقە هاوڕێیەكی ئێمەیە و ئێمەش لەكوردستان,شاری سلێمانی دەژین".
دواتر مامۆستا كەوتە باسكردنی كێشەی كورد وجوگرافیای كوردستان.دیارە ئەو كات تازە شۆڕش دەستی پێكردبوو بەڵام لەدەرەوە كەس ئاگاداری مەسەلە ودۆسیەی كورد نەبوو.كاتی گەڕانەوەی لەق لەق كابرا نامەكەی بەشێوەیەكی زۆر باش بەستەوە بەقاچێكی لەق لەقەكەوە.
بۆ بەهارێكی تر لەق لەق دەركەوتەوە و لەگەڵ خۆیدا نامەیەكی كابرای " کینی " هێنایەوە.
لەنامەكەدا كابرای "كینی " ئاماژەی بەوە دابوو كەهیچ ئاگاداری نەتەوەی كورد نیە بەڵام  زانیارییەكانی مامۆستا عەلی لەتیف بوو بەسەرچاوەیەكی گەیاندن بەزانیارییەكان و كابرای "كینی " دوای نامەكەی مامۆستا كەوتبووە خوێندنەوەی چەند سەرچاوەیەك لەسەر كورد.
ئەم پەیوەندی وئاڵوگۆڕەی نێوان مامۆستا عەلی و كابرای پزیشكی "كینی"،لەڕێگەی ئەم لەق لەقەوە,دوو سێ ساڵێكی خایاند و دواتر لەڕێگەی پۆستەوە هاوڕێیەتی نێوانیان زۆر پتەوتر بوو.

دوای چەندین ساڵ پرسیارم لەمامۆستا كرد كە گوایە پەیوەندیتان لەگەڵ كابرای  " کینی " ماوە ,یان نا! 
لەوەڵامدا گوتی پەیوەندییەكان ماوەیەك بڕیان كردوو ودواتر كابرای "كینی" هەواڵی نەما.

لێرەدا گەر پۆستەچێتییەكی لەق لەق و نامە گۆڕینەوەكەی نێوان مامۆستا وكابرای "كینی" وەك سەرچاوەیەكی گەیاندن هەژمار بكەین ئەوا ئەم كارە تەواو دەچێتە نێو كردارە پەیوەندییەكانی دەرەوە,بەتایبەتی ناساندنی مەسەلەی كورد بەدەرەوەی خۆی.

https://www.malmokurd.com/News-45576-6
به‌روار:  05/12/2025
80   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   60
کۆی سه‌ردان:   30933086