پەروەردەی کوردی چۆن داخانکرا
ئەوەی لە کاتی خۆی دا نەمانکرد
پەروەردەی کوردی چۆن داخانکرا
وەک گەنجێک لە هەشتاکان دا خولیایێکی زۆری پەروەردەم هەبوو، لە کونوقوژبنی پەروەردە و کاری پەروەردەکردنم دەکۆڵییەوە. هەر کتێبێک پەیوەندییەکی بە پەروەردەوە هەبووبێ دەمخوێندەوە. یەکێک لە خولیاکانم ئەوەبوو ببمە پەروەردەکار. هەر بۆ ئەو مەبەستەش دەرگای مامۆستاییم هەڵبژارد و لەوێوە تێکەڵاوی منداڵانبووم. ئەو کات بیرم لەوە نەکردبۆوە ببمە نووسەر و هیچ خولیایێکی نووسین لە مێشکما نەبوو. قووتابخانە، پێگەی دووهەمە لە دووی خێزانەوە کە بەبێ جیاوازی کۆی منداڵانی تێدەڕژێن و لەوێدا بە پرۆسەیێکی درێژخایێن دا تێدەپەڕن و هەنگاو هەنگاو ئەو منداڵانە هەڵدەوەشێنێ و مرۆڤانی داهاتووی وڵاتییان لێوە دەخوڵقێنێ. یێکێک لەو جێگایانەی کە تووشی سەرسامی کردم، جێی خاڵی پەروەدەکارانی کوردبوو کە کەسێکت نەدەبینی وەکو سەرچاوەیێکی گرنگ لەسەری ڕابوەستی و بیکەیتە خاڵی سەرەتا. لێرەدا پیاویێکی وەک ساتح حەسەری سەرنجی ڕاکێشام. ئەو پیاوە ئەگەرچی عەرەبێکی شوفێنێ بوو بەڵام تاقە پەروەردەکارێک بوو کە بەشێوەیێکی تەندروست پەروەردەی کردبووە ئامانجی خۆی و لەسەر دونیای منداڵیی و کاری پەروەردەیی دەکۆڵییەوە.
ڕژێمی بەعسیش لەسەر بیرکردنەوەکانی ئەو پیاوە خۆی ڕێکدەخستەوە و بایەخێکی گرنگی بە منداڵ و پەروەردەی منداڵان دەدا و گۆڤار و بەرنامە و داوودەزگای تایبەتی بۆ تەرخان کردبوو. سەرباری دەیان نووسەر و وەرگێری شارەزا و ئاقڵ کە سەرقاڵبوون بە فراوانکردنی جیهانی منداڵەوە. من ئیستا لەدووی سی و نۆ ساڵ ئاوڕێک بۆ پەروەردەی هەشتاکان و پەروەردەی کوردی دەدەمەوە. ئەگەر چی من ئەوساش و ئیستاش بەعسم وەک نیزامێک پێقبووڵ نییە و نەبووە، بەڵام کاتێک لە نەوەد و یەکەوە لە کاری پەروەردەی کوردی دەڕوانم بێ لە شوێنێکی خاڵی هیچی دی نابینمەوە. ئەوەشی بەعس لەڕێی بایەخی خۆیەوە بۆ منداڵ بە کوردی بەخشیبوو و کۆمەڵێک کادری گەورەی لە شانۆکار و مۆسیککار و پەروەردەکار خوڵقاندبوو لێرە بەدووا بێهومێد دەبن و بواری پەروەردە جێدەهێڵن و ئەوەی لە کوردستان هەڵات هەڵات و ئەوەشی مایەوە بێدەنگ مایەوە و لەو بوارە دوور خرانەوە.
لە ڕۆژگاری حەفتاکانەوە بۆ دەمی ڕاپەڕین، منداڵ و قوتابخانە لە عێراق و کوردستانیش دوو پێگەی گرنگیان هەبوو و ساڵانەش گەشەی زیاتری بە خۆیەوە دەدی. مامۆستایان لەناو شار و گوندەکان دا شوێنی تایبەت و بەچاوێکی بایەخەوە تەماشا دەکران. خوێندن لە سەرتاپای کوردستانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتەکانی عێراق دا گشتگیر کرابوو و ئەوەی منداڵێک لە شوێنێکی کوردستان دەیخوێند لە جێگەیێکی دیش بە هەمان شێوەبوو. ناکرێ بڵێین ئەو سیستەمە پەروەردەییە بێ گرێ و گوڵ بوو، بەڵام بۆ هیچ ئایین و خێڵ و دەستە و تاقمێک لادان نەدەکرا. مامۆستایان بە گیانێکی بەرپرسیارییەوە لەو پرۆسە پەروەردەییەدا ڕۆڵێکی کارا و هاوبەشیییەکیان هەبوو کە جێی ستایش و پێزانین بوو. بەراورد بە خوێندنی دوای ڕاپەڕین، بە خەوشەکانی پەروەردەی ئەو دوو دەیەشەوە زێرینترین ڕۆژگارێکن کۆمەڵگای کوردی و منداڵی کورد بە خۆیانەوە دیتبێ. ئەگەر ڕێزی خوێندن لە حەفتاکانەوە بۆ ڕاپەرین بە پێی هێڵێکی بەیانی بپێوین بەردەوام لە هەڵکشان دا بووە بۆ سەرەوە و دواتر لە نەوەدەکان بەدووا لە داکشانێکی گەورە دا بووە بۆ خوارەوە. ئەگەر چی هەندێک دیاردەی زەقی وەکو ئایین و خێڵ و ناوچەگەری لە نێو کۆمەڵگای کوردی دا بە هێواشی خەریک بوو کاڵ دەبۆوە و بەرەو نەمان دەچوو، بەڵام هێشتاش بۆی نەکرابوو هەندێک دیاردەی وەکو هەژار و دەوڵەمەند، گرفتی ژێندەر بەرەو چارەسەرێکی بنبڕ ببات. ئەگەر چی لە هەندێک قووتابخانە خەریکبوو قووتابی کچ و کوڕ تێکەڵ دەکران و چاوەڕوانی ئومێدی گەورەی لێدەکرا لە تووانەوەی ئەو گرفتەی کۆمەڵگاکانی ڕۆژهەڵات پێوەی دەناڵاند. ئەو هەنگاوانە بەر لەوەی جێ پێی خۆی توند بکات ڕاپەڕین لەناوی برد و بەجارێک سرینییەوە. لەناو ئەو قووتابیە کچ و کوڕانەی کە لە هەشتاکانەوە لە قووتابخانە تێکەڵەکان دەیانخوێند بە بەراورد بە قوتابخانەکانی دی مرۆڤانێکی ژیر و ئارام و هێمن پەیداببوون.
ڕاپەڕین زەنگێکی ترسناک بوو بۆ کرانەوەی کۆمەڵگای کوردی، هێزێکی بێ بەرنامە و داهاتوو نەبین لە شاخەکانەوە هاتنە خوارێ و هەموو شتێکیان ڕاماڵی. ئەو هێزە گیر خواردووە لە شاخەکاندا لە هەموو جیهانبینی و پێشکەوتنێکی مۆڕاڵی و زانستی دونیا قەتیسمابوون و لەپڕێک و لە هەڵەیێکی نیزامی عێراقییەوە دزەیان کرد و وەکو کۆمەڵێک گورگی هار کەوتنە لەبەر هەڵوەشاندنی ئەوەی کۆمەڵگای کوردی لەو دوو دەیەیەدا بەدەستی هێنابوو. کاتێک ڕاپەرین کرا منداڵی کورد لەناو پرۆسەیێکی پەروەردەیی پتەودا درێژەی بە ژیانی خۆی دەدا. ڕاپەرین هەموو گرفتە بچکۆلەکانی نێو شاخی لەگەڵ خۆی هێنایە ناو شارەکان و بەناو هەموو کونوقوژبنێکی دونیای کوردی دا پەرشوبڵاوی کردوە. لەو پەلامارەی شاخ بۆ شارەکان یەکەمین پێگەیێک کە زیانی پێگەیشت قووتابی و مامۆستا و پەروەردەی کوردی بوو. ئیدی لێرە بەدوا دونیای خوێندن بۆ هەتاهەتایی قڵپ دەبێتەوە و بە جۆرێک لەبەریەک دەترازێ کە جارێکی دی وەک خۆی لێ نایەتەوە. وێنەکانی ژیانی شاخ دەبنە ئەو وێنانەش کە شار دابپۆشن. مامۆستای سەوز و مامۆستای زەرد و شین و سوور دروستبوون، لە کاتێکا مامۆستایانی کورد بە یەک شێوە و یەک گیان و دڵ لەبەردەم بەرەنگارییەکی گەورەدا نەدەبوون بە بەعسی.
یێکێک لەو گرفتانەی کۆمەڵگای کوردی لە چرکەساتەکانی ڕاپەڕین تووشی هات، کشانەوەی داوودەزگاکانی حکومەتی عێراقی بوو لە شارەکانی کوردستان. پەڕەوازەیێکی گەورە لە هەموو بوارەکان تەنگی بە خەڵکان هەڵچنی. ئەو حیزبانەی لە شاخەکانەوە هاتنە خوارێ نەک هەر هیچ ئەزموونێکی ڕێکخراوەییان نەبوو و هیچ ڕوانینێکی تەندروستیشیان بۆ بەڕێوەبردن نەبوو. ئەو ڕۆژگارێک بۆی نەکرابوو ژیانی گوندێک بەڕێوە بەرێ و لەسەر وورگی خەڵکی دەژیان و نان و سفرەی گوندییان نەبووایە لە برسا دەمردن، لەپڕ زەمینەیێکی بەرفراوانی دەکەوێتە بەردەم کە نازانێ چی لێبکات. بەدرێژایی نەوەدەکان، ئەوەی کە پێی دەگوترا سەرکردایەتی کورد لەناو خۆخڵافاندنێکی گەورەدا هەناسەی دەدا و هیچ ڕوانینێکی بۆ منداڵ و پەروەردە نەبووە و تەنیا خەمێکی ئەو فراوانکردنی ئەندامانی حیزبەکانیان بووە لەناو پەروەردەدا. ڕێکخراوەکانی خوێندکاران و قووتابیان و لە پاڵیشیانەوە کۆمەڵێک ڕێکخراوی دیش، دوو ڕێکخراوبوون بۆ ڕاکێشانی زۆرترین ئەندام بۆ حیزبەکانیان و لەناو حیزبەکانیشیان بۆ گروپێکی دیاریکراو. دەیەی نەوەدەکان ترسناکترین ئەزموونی پەروەردەیە کە بەدرێژایی مێژووی خۆی کورد بە خۆیەوە دیبێ و دواتر لە دوو هەزارەکان بەدووا دەکەوێتە ناو گێژاوێک کە کەس سەری لێدەرناکات و بە یەکجاری دەبێتە پەروەردەیێکی نامۆ بە کۆمەڵگا. ئەو پرۆسەی پەروەردەیەی کە لە هەفتاکانەوە بۆ دوو دەیە درێژەی بە ژیانی خۆی دابوو، پەرەوەردەیێک نەبوو ڕژێمی بەعس دروستی کردبێ، بەڵکو ڕەنجی هەزاران مامۆستا و ڕۆشنبیرانی کوردبووە لە دۆزینەوەی چوارچێوەیێک بۆ پێگەیاندنی ئەوەی مرۆڤێک لە منداڵی کورد دەربهێنێ کە بتوانێ ڕێک و ڕەوان خزمەت بە کۆمەڵگەکەی خۆی بکات. ئەگەر بە ووردی له کتێب و بابەت و وانەکانی زمانی کوردی لە پۆلی یەکەوە بەرەو دوا بکۆڵینەوە، دەبینین هەمووی لە ژینگەی کوردییەوە هەڵقوڵابوو و قووتابی ئاسان هەم فێری زمانی دایک دەبوو هەم فێری ئەو دونیایەش دەبوو کە بابوباپیرانی ئەو لێوەی هاتبوون. ئیدی وانەکانی دی لە زانست و بیرکاری و ئایین و .... هتد بەشێوەیێکی سادە و پۆلێنکراو لە هەنگاوێکەوە بۆ هەنگاوێکی دی قووتابی دەگەیاندە قۆناخەکانی ناوەندی و ئامادەیی و لەوێوە بۆ زانکۆکان. ئەو پرۆسەیەش بە هەموو خەوشەکانییەوە پرۆسەیێکی کوردی بوو کە بۆی دەکرا کاری کۆمەڵگای کوردی بەڕێوەبەرێ و مرۆڤێکی بەرپرسیار بهێنێتە دەرێ. بەعس بە هەموو دڕندەیی خۆی بۆی نەدەکرا ئاسان مەرام و خەونەکانی خۆی تێکەڵ بە پەروەردە بکات و هەمیشە لەو هەوڵانەی خۆی بۆ بەعسیکردنی قووتابی و مامۆستا کەموکورتی دەهێنا. پەروەردەکارانی کورد لە هەفتاکان بەدوا، هەوڵیان دەدا بایەخێکی گەورە بە زانستەکان بدەن و لەناو قوتابخانەکان دا ژووری تاقیگە و لابۆری بچکۆلە بچکۆلەیان دەکردەوە تا قوتابی بۆی بکری لە پەیوەندی مرۆڤ و زانست بە گشتی و ئەو پەیوەندیانەی زانستەکان بەیەکەوە دەبەستێتەوە تێبگات. لەناو شارەکان یەکەی زانستی کرابوونەوە و قووتابی بۆ ئەوە هان دەدا کە بتوانێ لە بواری زانستی هەم فێربێ و هەم ڕێگەیێکیشی لەبەردەم واڵا بکات بەرەو داهێنان. توانای زانستی قووتابیان بە بەراورد بە ڕۆژگاری ڕاپەڕین، لە دەیەی هەشتاکان لەوپەڕی هەڵکشان دا بووە. چەند گۆڤارێکیش لە بواری زانست و داهێنان هەفتانە و مانگانە دەگەیشتنە کتێبخانەکان و بەرنامەی تایبەتی زانستیش لە ڕادیۆ و تەلەفیزۆن هەبوون کە پەرەیان بە فراوانکردنی توانای زانستی قووتابیان دەدا و لە هەر قووتابخانەیێک مامۆستا هەوڵی دەدا بەهرەی قووتابیان لە هەموو بوارە جیاجیاکان بدۆزنەوە و پەرەی پێبدەن.
هەر لە هەشتاکان پەروەردەکارانی ئەو ڕۆژگارە نیزامێکی خواردنی ئەوتۆیان بۆ قووتابیان داهێنا کە بنبڕی دیاردەی هەژاری نەهێڵێ و منداڵ فەراهەم بێ لە بەدەستهێنانی ئەو خواردنە سەرەتاییانەی وەکو شیر و هێلکە ....هتد کە یاریدەرن بۆ گەشەی منداڵان. دەکرێ بڵێین لە هەشتاکان مرۆڤی کورد لەڕێی تەندروستییەوە ساختربووە لەوەی ئیستای هەیە. بۆ هەر ساڵێکی خوێندن قووتابی مافی خۆی بوو کە کتێب و پێداویستی تەواوی لەبەر دەست بێ و ساڵانە تەنانەت لاستیک و ڕاستە و پڕگاڵیشی پێدەدرا. زۆر بە دڵنیایی ئەو پرۆسەی پەروەردەیە کە حکومەتی بەعس پێیدەگوت دیاری شۆرشە بۆ قووتابیان، مافی هەر مرۆڤێکی عێراقی و کوردی بوو لە خوێندن و لە هاوبەشی لەو سامانەی کە ووڵاتەکەی خاوەنی بوو. لێرە بەدوا ڕاپەڕین، ئەو پرۆسەی پەروەردەیەی داخانکرد و قووتابی کوردی بێبەش کرد لە هەر مافێک کە لە هەفتاکانەوە ئەو بەدەستی هێنابوو.
بەدرێژایی چەندین ساڵ یەکێتی مامۆستایان و ڕێکخراوەکانی دی لەناو شارەکان کێبڕکێی ئەوەیان بوو کامیان مافی ڕێبەرێتی پەروەردەی کوردستانیان هەیە، هیچ گرفتێک لە ساڵانی نەوەندەکان دا هێندەی ئەو گرفتە کۆمەڵگای کوردی داخاننەکردبوو. ئەوە لە کاتێکا کە کوردستان بۆ خۆی پەروەردەیێکی ئامادەی هەبوو کە لە هەفتاکانەوە ڕەگوڕیشەی خۆی داکوتابوو. یێکێک لەو دیاردانەی کە لەدووی ڕاپەڕین بەرۆکی کوردستانی گرتبوو پاکسازی بوو لە بەعس، لە کاتێکا ئێمە پێویستمان بەوە بوو پاکسازی لە هۆشی مرۆڤی کوردا بکەین دژی بە حیزبی کردن بەتایبەتی بەحیزبیکردنی قووتابی و مامۆستایان. سڕینەوەی بەعس بە پرۆسەیێک دەکرا کە بۆ خۆی تەواو دەردەداربوو. بوون بە هەر حیزبێک لە حیزبە کوردییەکان شانازی بوو تەنیا بەعسی نەبووبی. ئەو کارکردنەش دەروویێکی تەواوی دا بەو مامۆستا و سەرپەرشتیارە بەعسییانەی کە مابوونەوە لەنێو درزەکانی ئەو دابەشبوونەوە دزە بکەنەوە ژوورێ و ئەوەی لە دەمی خۆیان دا بۆیان نەدەکرا لێرە بەدوا جێبەجێی بکەن. هەر لە چرکەساتەکانی یەکەمی ڕاپەرینەوە ئەوە دیاربوو کە کوردەکان هیچ ڕوانینێکی تازەیان بۆ پەروەردە و منداڵ پێنەبوو و هەموو ئەو مافانەش کە قووتابییەک لە خوێندن هەیبوو بە بیانووی نەبوونی بودجە و مووچە لە قوتابی سەندرایەوە. بۆ ئەوەی مامۆستایێک لە قووتابخانەیێک وانە بڵێتەوە دەبوو ئەندامی یێکێک لە ڕێکخراوەکانی مامۆستایان بێ و سەر بە حیزبێکی دیاریکراو بێ و دابەشکردنی قووتابخانەکانیش وەک دابەشکردنی ناو بەرەی کوردستانی لێهاتبوو، لە شوێنێک بەڕێوەبەرێک سەر بە حیزبێک بووبێ دەبوو جێگرەکەی لە حیزبەکەی دی بێ. ئەو پاشاگەردانییەی کە پەروەردەی تێکەوتبوو و ڕێگر بوو لەوەی کە خەوشەکانی ئەو پەروەردەیەی کە هەبوو لەبەرچاو بگیرێت و هەوڵی چاککردن و گۆڕینی بدرێت. بەڕێوەبەرێتییەکانی پەروەردە و دواتریش وەزارەتی پەروەردە ئەوەندەی سەرقاڵ بوون بە فراوانکردنی ئەندام و لایەنگیرانی خۆیان ئەوەندە بە خەمی پڕ کردنەوەی خەوشەکانی پەروەردەوە نەبوون. ئەوان بە جۆرێک بیریان دەکردەوە کە منداڵ و جیهانی منداڵ تاکە جێگەیێک بوو کە لە مێشکی ئەواندا شوێنی نەگرتبوو. ئەو پاشەگەردانییە درێژبۆوە تاوەکو ئیدی پەروەردەی کوردی لە کەڵک کەوتبوو. گەر ئاوڕێکی خێرا بدەینەوە لەو ڕۆژگارە، دەبینین قووتابخانەکان خاڵی بوون لە کادری پەروەردەیی و هەرچی تاقیگە و لابوورەکان هەبوو هەمووی داخران و یەکە زانستییەکانی ناو شارەکان بوون بە مۆڵگەی پێشمەرگە و ئامێرێک بە ساخی دەرنەچوو. لێرە بەدوا ڕۆژگارێکی ڕەش باڵی بەسەر پرۆسەی پەروەردەیی دا کێشا و خەمی مووچە لای مامۆستایان تاکە خەمێکی گرنگ بوو. یێکێک لە خەوشەکانی پەروەردەی کوردی ساڵی هەفتاکان، بوونی گیانی خێڵایەتی بوو کە وەک سێبەرێک لە دەرەوەی ساختمانی پەروەردەوە هەناسەی دەدا و لەگەڵ ڕاپەڕین بەتەواوی لە دەرگا فراوانەکانەوە جارێکی دی خۆی کردەوە بە ژوورا. جیاوازی هەژار و دەوڵەمەند کە هێشتا بنەبڕ نەکرابوو بە هێواشی جارێکی دی زیندوو دەبۆوە و زۆرترین ڕێژەی هەژارانی کوردستان منداڵەکانی خۆیان لە خوێندن کشانەوە و ڕۆژ لە دوای ڕۆژیش ئەو کەلەبەرە فراوان دەبوو. مامۆستایان ئەو توێژبوون لە خەڵک کە خێریان پێدەشیا، لە کاتێکا ژیانی وەکو پێشمەرگەیێکیش بۆ دابین نەدەکرا. لەو بۆشاییانەوە کە پەروەردەی کوردستانی پێدا تێپەڕ دەبوو حیزبە ئیسلامییەکان تا دەهات تەشەنەیان دەکرد و ڕێژەی ئەو منداڵانەی کە دەچوونە مزگەوتەکان هێندەی نەمابوو لەگەڵ منداڵانی قووتابخانەکان یەکسان دەبوونەوە. هەموو ئەوەش کە حیزبە ئیسلامییەکان دەیانکرد بەخشینی کەمێک خۆراکی وەکو گۆشت و میوە و سەوزە بوو. ئەوە بەدەر لەوەی پشتگوێ خستنی پەروەردە و توانای تازە نەکردنەوەی کەلەبەرێک بوو کە ووڵاتانی دراوسێ لەڕێی حیزبە کۆنە پارێزەکانەوە دزەیان کردبووە ناویەوە، کردنەوەی دەرگایێکیش بوو بۆ ئەوەی پەروەردەی کوردستان لەبەریەک هەڵبوەشێ و بەجۆرێکیش هەڵیان وەشاند کە جارێکی دی گیانی مرۆڤی کورد لەبەردەم ئەو ڕەشەبایەدا خۆی بۆ نەگیرێتەوە. داخانکردنی پەروەردەی کوردی و لاوازی ئاستی زانیاری قووتابیان کە لە ئیستادا بەو شێوەیە زەقبۆتەوە دەگەڕێتەوە بۆ چرکەساتەکانی ئەو پشتگوێخستنە کە لەو ڕۆژگارەدا بۆمان نەکرا بەفریای بکەوین. هیچ شتێک هێندەی پەروەردە ترسناک نییە کە پشتگوێبخرێ. کاتێکیش پەروەردە نابێتە خەمی یەکەمی میللەتێک کە سەرچاوە و کانی داهاتوویێتی، ئیدی زۆر بەئاسانی لە شوێنی خۆی دەترازێ و میللەتانی دی دزە دەکەنە ناوی و بە پێچەوانەی وویست و مەرامەکانی ئەو میللەتە ڕێڕەوەکەی دەگۆڕن.
سەرەتای ڕاپەڕین و دواتر ئەو ساڵانەبوون کە دەسەڵاتی کوردی بۆ یێکەمینجار وەک ئەزمونکارێک دەیتوانی لەناو ئەو زەمینەیەی لێیدەژیا هەم دەسەڵاتی خۆی و هەم توانای بەڕێوەبەرێتی خۆی نیشانبدات. لە کاتێکا پیادەکردنی دەسەڵات و بەڕێوەبەرێتی دوو بواری زانستین و کەسانێکی دەوێ کە لەو دوو بوارە سەرشار و گرنگە شارەزا و دونیابین بن. ڕەنگە سادەترین دەستەواژەش کە لێرەدا بەکاردێ و هەمیشەش کەسانێکی سادەش پەی پێدەبەن، کەسی شیاو بۆ شوێنی شیاو بێ. ئەو کاتەی کورد داوودەزگاکانی خۆی دامەزراند و هەر لەسەرەتاوە بە پێچەوانەی ئەو دەستەواژەیە کەسی شیاوی بۆ شوێنی شیاوی خۆی دیاری نەکرد. ئەوەی خزمەتکار و بچکۆلەی حیزب بوو ئەو کەسەبوو کە دەیتوانی هەستیارترین شوێنی بەر چنگ بکەوێ. پەروەردەش یێکێکە لەو بوارانەی کە لە شوێنی خۆی و کتوپڕ لەگەڵی بەرخورد نەکەی لە دەست دەردەچێ و دواتر ڕێکخستنەوەی ئاسان نابێ. هەموو ئەو کەسانەی لە بەڕێوبەری پەروەردەی شارەکان و تا بە وەزیرانی پەروەردەشەوە دەگات کەسانێکبوون نەک هەر هیچ سەروکارێکیان بە پەروەردەوە نەبوو بەڵکو زۆرجار کەسانی سەربازی و شەڕخوازبوون. ئەوەش نیشانی دەدا کە دەسەڵاتی کوردی بواری پەروەردەی پێگرنگ نەبووە و ئارەزووی کردووە لە کۆڵ خۆی بکاتەوە. کاتێکیش شەڕی براکوژی بەرۆکی کوردی گرت، ئیدی پەروەردە ئەو جێگەیە بوو کە هیچ کەسێک ئاوڕی لێنەدەدایەوە. هیچ شوێنێک نییە تۆ پشتگوێی بخەیت، بۆگەن نەکات و بۆی بکرێ وەکو خۆی بمێنێتەوە. ئیدی پەروەردە ئەو جەستە بۆگەن کردووە بوو لە حیزبەوە بۆ کەسێکی سادە لایێکی لێنەدەکردەوە و لەو بۆشاییەشەوە ووڵاتانی دراوسێ لەڕێی خودی حیزبەکانەوە دزەی کردە ناوی و زۆر بە ئاسانی مێشک و هۆشی منداڵ و مێردمنداڵی کورد کەوتە بەردەستی کەسانێک کە بە ویستی خۆیان بیهێنن و بیبەن. لە هیچ شوێنێکی دونیا، هیچ دەسەڵاتێک ڕێگە نادات قۆناخە هەستیارەکانی سەرەتایی و ناوەندی لەژێر دەستی خۆی نەبێ و منداڵانی بکەونە بەردەستی ئاموژگاری و ئاراستەکردنی هێزەکانی بێگانەوە، چ بێگانیێکیش کە بە خوێنی سەرت تینوو بن.
کورد یێکێکە لەو میللەتانەی کە بەدرێژایی مێژووی خۆی دەسەڵاتێکی باڵای یەکگرتووی نەبووە بەسەر کۆی خاک و جومگەکانی ژیانی دا و ئەوەش وای کردووە کە پرۆسەیێکی پەروەردەی یەکگرتووشی نەبێ کە هەموو کوردستان بگرێتەوە. هەر گوند و شار و ناوچەیێک بەپێی قەڵەمڕەوی ئەو خێڵەی لێوەی هاتووە مەیلی بۆ ئەو دەسەڵاتە هەبێ کە خۆی تیابینیوەتەوە. گوتەیێک هەیە دەڵێ، مردووان ئەو کەسانەن کە لە دوای مردنیانەوە دەسەڵاتیان دەستپێدەکات، واتە هەر خێزان و کۆمەڵگایێک و یەکەیێکی کۆمەڵایەتی کەسێکی مردووی خۆی هەیە کە هەموو شوێنکەوتوانی هەمیشە بۆ ڕازی کردنی دڵی ئەو تێدەکۆشن و بەپێی فەرمایشەکانی ئەو دەڕۆن بەڕێوە. خێڵ بەواتای گیانێکی مردوو، زیندووانی ئاراستە دەکات. زۆرینەی کۆمەڵگا سەرەتاییەکان هێشتا لەناو هەناوی خێڵ دا دەژین و زۆر بەتووندی بە ڕۆحی خێڵەوە وابەستەن و بۆ هەموو کاروبارێکی ژیانیان بۆ ڕێنماییەکانی خێڵ دەگەڕێنەوە.
کوردیش وەک میللەتێک خێڵ پارچە پارچەی کردووە و کۆی ئەو حیزبە کوردیانەی لەسەر گۆڕەپانی کۆمەڵگای کوردی تا دەمی ئیستاش ئامادەییان هەبوو بۆیان نەکرابوو گیانی خۆیان لە گیانی خێڵ جودا بکەنەوە. لە دوای ڕاپەرینیش هەستیارترین جومگەی کۆمەڵگای کوردی پەروەردەبوو کە هەر لە سەرەتاوە کورد بە چاوێکی گرنگەوە لێی نەڕوانیووە و لێشی ناڕوانێ. منداڵان ئەو پیاوە گەورانەی دونیان کە دەبێ لەیەکەم چرکەی پێ خستنە ناو قووتابخانەیانەوە بە پەیڕەو و بەرنامەی پتەو و داڕێژراو بەرەو ڕووی بیتەوە. ئەگەر چی لە هیچ شوێنێکی دونیادا پەروەردەیێکی ساخ و بێخەوش نییە، لە هەمان کاتا پەروەردەی هیچ میللەتێکیش بۆ میللەتێکی دی ناگونجێ. پەروەردە لەو ژینگەیە دەخوڵقێ کە لێی هەناسە دەدات و بە ئاو و هەوا و کەشی ئەو شوێنە دروستدەبێ. جوگرافیای ناوچەیێکی بیاباننشین وەک جوگرافیای شوێنێکی شاخاوی نییە و ئەو میللەتانەی لەسەر ئۆقیانوس و زەریاکان دەژین، منداڵانی خۆیان بۆ ژینگەی رەخساوی خۆیان ئامادە دەکەن کە پێداویستی خۆی پێ پڕبکاتەوە. تەنانەت لەڕووی جلوبەرگ و ڕۆیشتن و دووان و ڕوخسار و دەموچاویشەوە جیاوازییەکان زۆرن و دەبێ ڕەچاو بکرێن.
ئەمڕۆ کەنەدا کە بەیێکێک لە وڵاتە پێشکەوتووەکانی دونیا لە قەڵەم دەدرێ، پەروەردەکارانی تێبینیان کردووە لە چوار قووتابی کچ لە قۆناخی سەرەتاییەوە یێکیان لەلایان کوڕانی هاوتەمەنی خۆیانەوە لاقە کراوە. ئێمە لێرەدا زیاتر مەبەستمان لە پەروەردەی جیاوازی ناو کۆمەڵگاکانە کە هەر یەکەیان بۆ شوێنی خۆی لواوە و گرفت و خەوشەکانیشی تایبەتن بەو پەروەردەیە و کەسانی زانا و پسپۆرەکانی بەردەوام و چرکە بە چرکە لەگەڵی دەژین و دەسکاری دەکەن. کورد لەناو پەرێشانی و هەڵوەشانی خۆی دا، هەر لە چرکەساتی یەکەمەوە بۆی نەکرا بەرخوود لەگەڵ پەروەردەیێکی تەندروست بکات و بەرنامە و پەیڕەو و کادری شارەزای بۆ بەرهەمبهێنێت. پەروەردە و کشتوکاڵ دوو بوارن زۆر لێکدەچن. کاتێک جووتیارێک بەرهەمی ساڵێکی وشکدەکات کار لە ژیانی دەکات و ئەو زەوییەش کە بەرهەمێکی خراپی هێناوە دەبێ ساڵێک جێ بهڵێڕێ بۆ ئەوەی بۆ داهاتوو ئامادە بکرێتەوە و وزە و بەرەکەتی بۆ بگەڕێتەوە. کورد پەروەردەی خۆی پشتگوێخست و بەو کارەش منداڵانێکی بێخێر هاتنە دەرەوە کە هیچ سەرەدەریێک لە دونیا ناکەن و تەنانەت نەک هەر زمانی دایکیشیان بە پاکی وەرنەگرت بەڵکو زمانی بێگانە تەنگی پێهەڵچنی. ڕۆژانە لەناو خاکەکەیدا لەو بۆشایی بێمێشکییەی کوردەوە بۆ پەروەردە، قووتابخانەی تورکی و بێگانە دەکرانەوە و بە ئارەزووی خۆیان منداڵانی کوردیان بەو پەروەردەیە گەورە دەکرد کە خۆیان ئارەزوویان بوو.
پرۆسەی پەروەردەی هەر جێیەک هاوشانی ئەو پرۆسە سیاسی و حکوکمدارییە کە لەو شوێنەدا پیادە دەکرێ. ناکرێ تۆ حکومدارییەکی دیکتاتۆریت هەبێ و لە پاڵییەوە پرۆسەیێکی پەروەردەیی دیموکراتخوزت هەبێ. ناکرێ تۆ هێشتا پێیەکت لەناو خێڵا بێ و بتوانی پرۆسەیێکی پەروەردەیی یەکسانخواز و دوور لە پاوانخوازی خێڵ و نوێنەرەکانیت هەبێ. پرۆسەی پەروەردەیی ڕەنگدانەوەی ئەو بیر و هۆشەیە کە پرۆسەیی حوکمداری پەیرەویی دەکات. لەو کەشە پڕ لە ناڕوونی و پەشێوییەدا کە لەناو کۆمەڵگایێک دەخوڵقێ نەک هەر پەروەردە بۆی ناکرێ ڕۆشنکەرەوەی داهاتووی بێ، بەڵکو ڕۆژ لە دوای ڕۆژ کەلەبەری گەورەی تێدەکەوێ و چارەسەرکردنیشی گرفتارتر.
ئەو کۆمەڵگایانەی کە خودی خۆیان ناناسن و بەرچاویان ڕوون نییە، هەموو خەڵکەکانی ناوی تووشی گرفتی ناخودبینی دەبن و لەبەردەم هەر خودێکی دونیای دەرەوەی خۆی هەست بە کەمی دەکات. ئەو کارەکتەرەی کە هەموو کەسێکی لەخۆی پێئاقڵتر و ژیرترە چونکە سەر بە دونیاکەی خۆی نییە. لێرەدا کارەکتەرێکی لاساییکەرەوە بەرهەمدەهێنین، کە هەموو کەسێکە خودی خۆی نەبێ. هەموو شتێکی خۆی بەکەم دەبینێ، نوسەر و کەسە هوشیارەکانی، زمان و کلتوور و چوارچێوەی شار و گوند و ڕێگاوبانەکانی. ئەو بە ئەندێشە دەبێ بە کەسێکیتر، لەگەڵ نوسەر و کەسە هوشیارەکانی شوێنێکی دی دەژی، لەگەڵ زمان و کلتوور و چوارچێوەی شار و گوند و ڕێگاوبانەکانی شوێنێکی تر دەژی. خەون بەو کچانەوە دەبینێ کە لە زەمینەیێکی دی دەژین. تەنانەت حەز و چێژ و تام و بینینیشی دەگۆڕێت. لێرەدا ئەو کارەکتەرە لەسەر وێرانکردنی خودی خۆی و دونیای خۆی دەژی و بۆشی ناکرێ ئەو زەمینەیە لە وێناکردنەوە بکاتە زیندەیێکی بەرجەستەکراو. پشتگوێخستنی پەروەردە، بە هێواشی ستەمێکی گەورە دەخوڵقێنێ کە خەڵکەکانی ناوی وەک خەڵکانێکی نامۆ بە یەک مامەڵە لەگەڵ یەکدی دەکەن و هیچ کات بۆیان ناکرێ لەناو ئەزمون و پڕۆژەیێکی پێکەوەیی دا پێکەوە هەڵبکەن. پرۆسەی پەروەردە بە تەنیا فێرکردن نییە، بە تەنیا ئامادەکردنی قووتابییەک نییە بە بەرزترین نمرەوە و بە نزمترین ئاستی مۆڕاڵی و دژواری، ئەوەی کە لە مێشکیدا هەیە لە زەمینەی زیندووی خۆی دا بۆی پیادە نەکرێ. قۆناخەکانی سەرەتایی خوێندن هەستەوەرترین قۆناخەکانی خوێندنن و قۆناخی ناوەندیش پڕ دژوارترین قۆناخ. لێرەدا ئەو کادرە پەروەردەییانەی کە بەرخورد بەو قۆناخانەوە دەکەن، بە تەنیا مامۆستاییەکی سادە نین کە هەڵگری بڕوانامەیێکی خوێندنە، بەڵکو مرۆڤێکی خاوەن ویژدان و کەسێکی خاوەن دیدێکی تەندروست بۆ زمان و نیشتیمان و کلتووری خۆی. کەسێک سەرشار بە منداڵناسین و دەروونناسین و گەنجینەیێک لە هەزاران چیرۆک و ئەزموون. چەند گوناهن ئەو کۆمەڵگایانەی کە مامۆستاکانی گیرفان بەتاڵن و ناچارن بۆ بژێوی ژیان حەماڵی و شوفێری و میوەفرۆشی بکەن. چەند گوناهن ئەو کۆمەڵگایانەی کە مامۆستاکانی ڕۆژانە و مانگانە و بەردەوام گیان و ڕۆشنبیری خۆیان نوێ ناکانەوە. چەند گوناهن ئەو کومەڵگایانەی کە مامۆستاکانی لە پۆلیس و سەرباز و ئەندام پەرلەمانەکانی باشتر ناژین. کاتێک کۆمەڵگایێک لەناو پرۆسەی پەروەردەییەکەی هەرە ژیرترین ڕۆشنبیرەکانی لەوێدا نین و قووتابخانەکانی سەرچاوەیێکی پڕ لە ژیان نین بۆ پەروەردەکارانی ئیدی ئەو شوێنە خاڵییە لە پەروەردە.
ئەوەی پرۆسەی پەروەردە بەڕێوە دەبات میهرەبانییە. ئەوەی مرۆڤی گەورە دەخوڵقێنێ خۆشەویستییە. کۆمەڵگایێکی خاڵی لە میهرەبانی و خۆشەویستی کۆمەڵگایێکی بێ پەروەردەی دروستە و شەڕگەیێکە وێران و پڕ لە وێرانی. پشتگوێخستنی پەروەردە لە دونیای ئێمەدا، بەجۆرێک داخانکراوە، کە هیچ جوانییەکی لێوە نەیەتەدەرەوە. ئەوەمان بیرنەچێ پەروەردە زۆر بە قووڵی دەست دەخاتە ناو گیانی کۆمەڵگاوە و لە ڕەگوڕیشەوە دەیگۆڕێت و هەر سەردەمێک دونیایێکی تازە و جیاواز لە ڕۆژگاری خۆی دەخوڵقێنێ. کاتێک کۆمەڵگایێک بایەخی بۆ منداڵ و پاشەڕۆژی خۆی نەبێ، ئەو کارەکتەرە لاساییکەرەوەیە پەروەردەی جێگەیێکی دی دەهێنێ و خۆی پێ جوان دەکات. کوشتنی پەروەردەش کوشتنی خەڵکەکانی ئەو شوێنەیە و بەرگرتنە بە ڕۆحی دیموکراسی، لە کاتێکا پەروەردە و دیموکراسی هاوشانی یەکدین و ئیدی دەرگا واڵاکردنە بۆ کەسە کوێر و نابیناکان بە ئارەزووی خۆیان دەست بۆ ناو هەناوی خەڵکی بەرن و وەکو مێگەلێکی کوێر بۆ کوێیان بوێ بۆ ئەو شوێنەی ڕابگوازن. ئەمڕۆ کوردستان کۆمەڵگایێکی بێپەروەردەیە و تاریکترین ڕۆژگارەکانی خۆی دەگوزەرێنێ. کوردستان جێگەیێکە لە جێی ئەوەی پەل بۆ داهاتوو بهاوێ بە چوار پەل بەرەو دواوە دەگەڕێتەوە و بەو گەڕانەوەیش ڕۆژگاری تاڵی خێڵ و خێڵگەرایی ڕۆژ بە ڕۆژ تیا پەرە دەسێنێ.
فاروق هۆمەر
کەنەدا
بهروار: 06/11/2024
110 جار خوێندراوهتهوه
|