بۆ ئەوەی بە کەرامەتەوە بژیت
هیچ کاتێک سواڵی خۆشەویستی لە هیچ کەسێک مەکە و نیگەران مەبە بەوەی بۆ کەسێک خۆشەویستیت لێ دەبارێ و ئەو چەتر هەڵدەدات، ئەوە تۆی نازانی بۆ کێ و لە کوێ ئەبارێیت،
ئاخر هەستی دەریا بۆ باران کەی هەمان هەستی بیابانە بۆ بارین،
تێبگە لەوەی لە ژیـانا چەندێک باش و ڕاستگۆ بیت هێشتا کەسانێک هەیە لەدەورت هەر لێت ڕازی نین و گومانیان هەیە لە باشیەکانت، بۆیە کۆڵبە لە سەلماندن و ڕازی کردنی دڵیان چونکە ئەوان بڕیاریانداوە ڕقیان لێت بێت،
گلەیی لە کەس مەکە کە گرنگیت پێ نادا، ئەو ئازادە لەوەی کێی بۆ گرنگ نیە، ئەوە تۆی دیکتاتۆری و ئەتەوێ بە زۆر لە ژیانی کەسێکا خۆت گرنگ بکەی،
هەرگیز دەرفەتی دووەم مەدەرەوە بەو کەسانەی بێ هۆ پشتت تێ دەکەن، ئەوە بزانە لە ژیانیدا بۆ ئەو کاتە دانراویت کە دەستی بەتاڵە و دەستی ناگا بەو کەسەی کە تۆ یەدەگێکی لاوازی ئەویت،
هەرگیز لە ژیانتا کەسێک نادۆزیتەوە لەخۆت بچێت و وەک خۆت بیربکاتەوە، بۆیە چاوەڕێ پاداشت مەکە تاوەکو گومان نەکەیت لە باش بوونت، تەنها ئەوە بەسە بیزانی کێ شایەنی باش بوونت نییە،
ئەو کەسەی زۆرت خۆشدەوێت ئەشێ بەرگەی خۆشەویستی و گرنگی پێدانت نەگرێ، بۆیە کاتێ لێت دووری دەگرێ غروور نیە بەڵکو گومانی لەوە هەیە و باش ئەزانێ شایەنی ئەوە نیە و پرسیارە لای بۆچی پێگەی لای تۆ وا بەرزە؟
ئاگاداری ئەوەبە کەسانێک هەیە تامەزرۆی نزیک بوونت ئەکا بەڵام دوور خۆ گرتنی سەبەب ئەوەیە دڵنیا نیە لەوەی تۆ قبوڵتە، بۆیە ئاگاداری دەربڕینی هەستەکانتبە زۆرجار تەنیایت بژاردەی زمانی جەستەی خۆتە بێ ئەوەی ئاگادار بیت،
ئومێدی گەورە لەسەر کەس هەڵمەچنە ئەشێ سەرچاوەی هەموو خەمەکانت ئەو کەسە بێت کە تۆ دەتەوێ خۆشبەختی بکەی! مەرج نیە ئاسودەیی لەوەدابێ ئەوەی ئەتەوێ بەدەستی بهێنی نا زۆرجار سەرچاوەی کامەرانی کۆتایی هاتنی پەیوەندی کەسێکە کە ئازیترینە لای تۆ،
چاوەڕوانی لەسنوری خۆی تێپەڕێت کاڵفامییە هەموو ون بوون و دەرکەوتنەوەیەک، هەموو دابڕان و دوور کەوتنەوەیەک، گەر زۆری خایاند نیشانەی بێ منەتی و خاڵی بوونە لە هۆگربوون و یەکتر ویستن، ناکرێ تەمەنی ڕق لە خۆشەویستی درێژتربێ، شتێک نیە لە عەشقدا بە ناوی سەبر و تەنازوول یا دۆڕان و بردنەوە، عەشق واتە لێبوردن و بەخشین بێ ئۆقرەیی بۆ یەک،
لە کۆتایدا دەڵێم مەرج نیە سەرکەوتن لە عەشقدا هەموو کات باشبێ هەندێ جار شکست لە عەشقا دروستت دەکا، دوای ئەوەی کەسێکت لێ دەبێتە هەموو شتێک بێ ئەوەی تۆ بچوکترین هیچبی لە ژیانی ئەودا، لێرەوە تێ دەگەیت کە چ کوێرانە هەنگاوت ناوە و چ ساویلکانە تێکەوتوویت، ئیتر کاتی ئەوەیە بەخۆتا بچیتەوە سوکانی عەقڵت🧠 نەدەیتە دەست سایەقی بێ هۆشی دڵت💔
نەبەز سابونچی
بهروار: 30/10/2024
107 جار خوێندراوهتهوه
|