من ناوم کراسی ژنانەیە
شەو باش
من ناوم کراسی ژنانەیە
ئەوەی نیشتمان پێی شەرمە
بیکاتە بەری خۆی منم!
ئەم مێژووە نێرە.
ئەم نیشتمانە سمێڵە
تەنها جارێ منی نەکردە
بەر هەتاوێ، بەر جۆگە ئاوێ،
بەر شووشە گوڵاوێ.
ئەوانەی منیان لەبەر کرد:
گسک بوون‌و مەنجەڵ بوون‌و
تەنەکەی خۆڵ .

من ناوم کراسی ژنانەیە
ئەوەی ئاگای لە من نەبێ‌و
گوێی لە هاواری من نەبێ،
گوێچکەی تەپی نیشتمانە!

من مێینەم!
من سەراپا هەموو
جەستەم لە گوناهو
پرسیاری ڕووتی حەرام پێکهاتووە!
لە یەکەم ڕۆژی
بوونمەوە بەردی ڕەجم
لە قوماتمەوە پێچراوەو
نیشتمان تفم لێ ئەکات!

 تۆ ئەی ژن
گەرداوێ هەڵبکەو ئاگرێک بەرپاکە و 
تۆفانێک لەهاوار
تۆ چیت هەیە لەدەستیدەی 
جگە لەقیژەی ئەشکەنجە
جگە لە پۆشاکی برین؟
تۆ چیت هەیە لە کیست چێ
جگە لە پارچە ئاوێنەی خەم 
جگە لەموورووی ئەسرین و 
هەندێک کراس.

شێرکۆ بێکەس
به‌روار:  14/09/2024
414   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   782
کۆی سه‌ردان:   30003695