فیلمی بزن بە کوردی
ژیانی بزن (The Goat Life).
ببوورن هەندەک گێڕانەوەی فیلمەکەی تێدایە.
ژیانی بزن، فیلمێکی بەرهەمهێندراوی هیندی ئەمریکییە، ئەمساڵ لەلایەن دوو کۆمپانیای هیندی ئەمریکی 2024 بەرهەم هێندراوە. سەرەتا وەکو ڕۆمان بە زمانی مەلایالام (Malayalam)ی هیندی نوسراوە بەناوی ئەدوجیڤیثام (Aadujeevitham)، لەلایەن ڕۆماننوسی هیندی بەنی دانیال (Benny Daniel) کە ناسراوە بە بنیامین، لەسەر بنەمای ژیانی دوو کرێکاری هموسوڵمانی یندی بەناوی نەجیب مەحمود و حەکیم.
ئەم فیلمە جێگای نیگەرانییەکی زۆرە بۆ ژیانی کرێکارەکان لە سعودیە. ئەوەی جێگای تێبینییە، ڕژێمی س*عودیە ناهێڵێت دیمەنەکانی ئەو دڕاما فیلمە لە سعودیە بەرهەم بهێندرێت، بۆیە وێنەگرتنەکەی دەگوازنەوە بۆ وادی ڕوم لە ئەردەن و بیابانی جەزائیر.
دیارە کە فیلمەکە ڕووداوێکی ڕاستەقینە بووە، لە پیاوێکی خێزانداری موسوڵمان لە تامیلەکانی هیندستان، ڕووی داوە بەناوی نەجیب مەحمود و هاوڕێیەکی بەناوی حەکیم.
لەو فیلمەدا، نەجیب، لەگەڵ هاوڕێکەی کە لەخۆی بچوکترە، ئەوەی هەیانە لە هیندستان دەیفرۆشن دەیدەن بە کۆمپانیایەک بۆ ئەوەی بیانبات بۆ سعودیە بۆ کارکردن. گەشتەکەیان بۆ سعودیە بە دونیایەک هیوا و ئومێدەوە دەست پێ دەکەن، بەڵام نازانن ژیانێکی پڕ لە چەرمەسەری چاوەڕوانیانە.
کۆمپانیاکە ئەو کەسانە وەکو کۆیلە دەفرۆشێ. هەر کە لە فرۆکەخانە دادەبەزن، چاوەڕێن کەسێک بچێت بەناوی کۆمپانیایەک وەریان بگرێت، بەڵام لەڕاستیدا هیچ کەسێک بەناوی هیچ کۆمپانیایەک چاوەڕێیان نەبوو، بەڵکو کەسێک بە شڕە پیکابێک دێت و وەکو کۆیلە مامەڵەیان لەگەڵدا دەکات. سەرەتا دەست بەسەر پاسپۆرتەکەیاندا دەگرێت و داوایان لێ دەکات سواری پیکابەکە بن. پیاوە هیندییەکە دەیەوێت لە پێشەوەی پیکابەکە دابنیشێت، بەڵام شوفێرە سعودییەکە کە بەجلوبەرگی کولتوریی خۆیەتی، پاڵی پێوەدەنێت و فڕێی دەداتە خوارەوە و داوای لێدەکات لەدواوە دابنیشێت. هەردوکیان بە نیگەرانییەوە سواری پشتەوەی پیکابەکە دەبن و دەڕۆن. لەشار و ئاوەدانی دەردەچن بۆ بیابانی سعودییە. هەر زوو نیگەرانی دایان دەگرێت. سەرەتا حەکیم لە شوێنێک دادەنێت کە بەجەمەلۆن دروستکراوە و وەکو کەلاوە دیارە، کە بۆخۆی لەوەڕگەی ماڵیاتە. گرنگ ئەوەیە شوفێرەکە لەگەڵ سعودییەکی دیکە کە لەو شوێنە چاوەڕوانیانە، بەزۆری حەکیم دادەبەزێنن و نەجیب بە زۆری سواری پشتی پیکابەکە دەکاتەوە و ماوەیەکی دیکە دەڕوات و نەجیبیش لە شوێنێکی دیکە دادەنێت کە ڕەشماڵێکی لێ هەڵدراوە و لەوێش مێگەلێک مەڕ و بزن بەخێودەکرێن.
هەڵبەت نەجیب زمانی عەرەبی نازانێت، کەسێک لەوێیە ئەویش بەڕەچەڵەک هیندییە، بە حاڵ دەتوانێت قسە بکات هێندە وێران بووە. ئینجا لێرەوە ئێش و ئازار و ژیانی کوێرەوەری نەجیب دەست پێ دەکات.
دوای، چەرمەسەرییەکی زۆر، کە هەموو گیانی دادەڕزێت، تا لەوێ دەبێت ناتوانێت خۆیشی بشوات، سەر و ڕیشی بتاشێت. وەکو حورچیان لێ دێت. لەگەڵ حەکیمی هاوڕێی، بە ڕێکەوت لە شوانەتی یەکتر دەدۆزنەوە و پلانێک دادەنێن بۆ ئەوەی بەیەکەوە بە چاوساغی کەسێک ڕابکەن. ڕۆژێک دیاری دەکەن بۆ ڕاکردن، بەڵام هێندە بێ هێز و بێ دەرەتانن، ڕاکردن لەو بیابانە دەیانکات بە نیوە مرۆڤ، تا لە کۆتاییدا حەکیم لەڕێگادا دەمرێت. نەجیب بەهەر دەردەسەرییەک بێت دەگاتە شارێک و لەوێش لەلایەن پۆلیسەوە سێ مانگ دەگیرێت چونکە هیچ دۆکومێنتێکی پێنەبوو و پاسپۆرتەکەشی لەلایەن خاوەن کارەکەوە دەستی بەسەردا گیرابوو. دوایی وڵاتبەدەر دەکرێت و دەگەڕێندرێتەوە بۆ هیندستان.
ئەوە نموونەیەکە لەژیانی کرێکاران لە سعودییە. هەڵبەت لەوە بە ئاگام کە زۆر شێوازی کرێکاری هەن، بەڵام ئەو ڕاپۆرتانەی لەسەر ژیانی کرێکارەکان لە سعودیە و تەواوی وڵاتانی کەنداو لەلایەن ڕێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤەوە بڵاو دەکرێنەوە، جێگای تێڕامانە، کە کەمترین بنەماکانی مافی کرێکار مسۆگەر نیە و زۆربەی جاران وەکو ئاژەڵ لەنمونەی ژیانی نەجیب، ڕەفتاریان لەگەڵدا دەکرێت.
ئیبڕاهیم مەلازادە
لەندەن
فیلمەکە بە تێکستی کوردی لەم لینکەدایە:
بهروار: 01/09/2024
182 جار خوێندراوهتهوه
|