یەکگرتوی ئیسلامی بۆچی وائەکات؟!
یەکگرتوی ئیسلامی بۆچی وائەکات؟!
لە ئیسفەنجەوە بۆ بەرد

بەدرێژایی میژوی خەبات و کاری یەکگرتوی ئیسلامی کە ئەگەڕێتەوە بۆ دەیان ساڵ بەر لە ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١  ج ئەو کاتانەی کە بەنهێنی کاریان ئەکرد و هەتا ئەو کاتەیش کە خۆیان ئیعلانکرد، کاریان لەسەر یەک ئاڕاستەی خەبات ئەکرد، ئەویش ئیشکردنبوو  لەسەر نوخبە، واتا دورکەوتنەوە لە زۆری و بۆری و تەرکیزکردن لەسەر خەڵکانی خوێندەوار و ڕەوشت جوان.
ئیخوانەکانی کورد ئەوەندەی من ناسراویم هەبوە لە گەڵیان  لە ناوەڕاستی ساڵانی هەشتاکانەوە  کە لە مزگەوتەکەی شێخ موحەمەدی سۆڵە کاری نهێنییان ئەکرد هەتا ئەوکاتەی کە لە  دوای ڕاپەڕینی ٩١ لەژێر ناوی یەکگرتوی ئیسلامی کوردستاندا ئیعلانی خۆیانکرد بە یەک سیفات لە خەڵکی تر جیائەکرانەوە کە ئەویش ڕەوشتی جوان و زمانی نەرمبوو.
یەکگرتوی ئیسلامی کوردستان بەر لە خۆ ئیعلانکردن ئەوکاتەش كە لە ژێر سێبەری هەردوو ڕیکخراوی خەیرخوازی( رابیتەی ئیسلامی لە کوردستانی عێراق و هەیئەی ئیغاسەی ئیسلامی) كاریان ئەكرد، بەهۆی شەڕی یەكێتی  و بزوتنەوەی ئیسلامییەوە توشی خراپترین دۆخ هاتن، بەڵام ئەو هێمنی و نەرمییەی خۆیان لە دەست نەدا.
لەو سەردەمەدا کە خەڵکی نەیئەتوانی ئاڕاستە و باڵە جیاوازەکانی ئیسلامییەکانی کوردستان لەیەک جیابکاتەوە و هەموو ئیسلامییەک، یان ڕونتر بڵێم هەموو ڕیشدارێک بە  حەرەکە سەیرئەکرا، برادەرانی یەکگرتوی ئەمڕۆ توانییان بە سیاسەتی ئێمە ئیسفەنجەکەین  تا ڕادەیەکی زۆرباش خۆیان لەو شەڕە خوێناوییە ڕزگاربکەن، ئەگەرچی چەندین کادری بێتاوان و بێ گوناهیشیان لێ تیرۆرکرا.
ئیخوانەکانی ئەو سەردەمە چونکە لە خەڵکانی خوێندەوار و هێمن و ڕەوشتبەرز پێکهاتبوون، زۆرجار ئەم سیفاتانە وایلێئەکردن کە خەڵکی ناوچەکە ئەگەرچی زۆریشیان یەکێتی بوون، شەرمیان لێبکەن و ئازاریان نەدەن.
نەرمونیانی و ئەعساب ساردی  ئەندامەکانی ڕابیتە و ئیغاسە ( یەکگرتوی ئەمڕۆ) لەبەرانبەر تف و جنێوی ناشیرینی خەڵکی داخ لە دڵی یەکێتی ئەو سەردەمەدا باشترین کاردانەوەبوو كە خوێنی هەزاران گەنج لە بە فیڕۆدان ڕزگاركرد.
ئەو سیاسەتە نەرمونییانییەی  ئیخوانەکان وردە وردە خەڵکی خستە ژێر کاریگەری ئیجابی و وایلێهات هەر لە دوای ئیعلانکردنیان وەک یەکگرتوی ئیسلامی، هەنگاوی گەورەبنێن و پێش تەواوی تەیارە ئیسلامییەکانی تری کوردستان بکەون.

یەکگرتو لە ماوەیەکی کەمدا بونە هێزێکی گەورەی ناو ساحەی کوردستان و دۆست و دوژمن حسابیان بۆ ئەکردن و ڕێزیان لێئەگرتن، هۆکاریش تەنها ئەو سیاسەتە نەرمە و ئەو زمان پاکی و ڕەوشتبەرزییە بوو کە یەکگرتوو لەسەر ئەندامەکانی فەرزی ئەکرد.
ئەمڕۆ کە لە ماڵپەر و ئەکاونتە تایبەتەکانی ئەندامانی باڵای یەکگرتوو وردئەبیتەوە، جگە لە تەشهیر و قسەی زبر و هەڕەشەی کوشتن و جنێو، شتێکی زیاتر نابینیت!
بێگومان ئەکرێت ئەم جنێونوسانە ئەندامی یەکگرتوی ئیسلامی نەبن، بەڵام هەتا ئەوکاتەی ئەم جنێودەرانە لە ماڵپەڕ و ئەکاونتەکانی یەکگرتوەوە ئاوا بە ئاسانی جنێوبدەن، لەسەر یەکگرتو ماڵن و ئەبێت ئەم حیزبە ڕێگەنەدات ئەمەڕوبدات.
کارەسات ئەوەیە کە نەک ڕێگرییان لێناکرێت بەڵکو دەستخۆشی و زەمینەسازیشیان بۆئەکرێت!
وەک لە سەرەتاوە گوتم لە خراپترین دۆخی ئابوری و سیاسی و شەڕی براکوژیدا کە خەڵکی بە خوێنی سەری یەکتر تینوبوون، یەکگرتو توانی بە پاکی بێتە دەرەوە، ئەی خەیرە ئێستا ئەم هەمو جنێوفرۆشە  ئاوا لە ماڵپەڕ و ئەکاونتی بەرپرسانی یەکگرتودا بە ئاشکرا جنێو بە عەرز و ناموسی خەڵكی ئەدەن!
لەهەر ماڵپەڕێكی یەكگرتودا بە سەدان ئەكاونتی قوفڵكراو هەن كە تەنها بۆ جنێودان و هەڕەشەكردن بەكارئەهێنرێن!
كار گەشتۆتە جێگایەك  كە زمان لە ژن و دایكی ئەو خەڵكانەش ناپارێزن كە ڕەخنەیەك یان قسەیەكی پێچەوانە بەرانبەریان بكات.

هێندەی ئەو جنێوانە كە بە خەڵكی 
 ناڕازی لە یەكگرتو ئەدرێت ئەگەر بە دەسەڵاتدرانی ئەم هەرێمەیان بدایە ئێستا شتێكمان گۆڕیبوو!
یەکگرتو ئەبوو لەسەر ڕیتمە کۆنەکەی خۆی بەردەوام بایە و نمونەی جوانترین بزافی ئیسلامییەکانی کوردستان بوایە، ئەوەش هەربەوە ئەکرا کە وەک جارانبن!
یەکگرتوو ناتوانێت بە ڕێکخستنی ڤیستیفال و سییاسەتی زۆر و بۆر سەرکەوتن بەدەستبهێنێت، سەرباری ڕق و ناکۆکیمان لەگەڵ حیزبی گەشە و دادی تورکەکان،  لانی کەم ئەبوو یەکگرتوش وەک ئەوان سیاسەتیان بکردایە و دەستیان بۆ  ژیانی تەبایی و پێکەوەژیانی چین و ئاڕاستەکان نەبردایە، لانی کەم وەک ئیخوانەکانی تورکیا کە ئەمان بە قدوەی خۆیانیان ئەزانن، مەسەلە نەتەوەییەکانیان نەکردایەتە قوربانی فکر، لانی کەم لەگەڵ ئازادی تاکدا بونایە و دەستیان بۆ مافی ئازادی بیرکردنەوە نەبردایە.
بەمشێوەی ئەمڕۆ جگە لە ئەم دەسەڵاتە خۆسەپێنەی کورد کەسی تر قازانج ناکات،  شەرمەزارییە  لە ناو میلەتێکدا کە زۆرینەی هەرزۆری موسڵمانە حیزبێکی وەک یەکگرتوو ئەوە حاڵی جەماوەری  بێت کە ساڵ بە ساڵ خۆزگەم بە پاریانبێت.
تاکە ڕێگایەک بۆ زیندوبونەوەی یەکگرتو ئەوەیە کە بگەڕێنەوە سەر ڕێبازی جاران و ڕێگە بەم هەموو جنێوفرۆشانە نەدەن کە سەکۆکانی ئەوانیان کردۆتە جێگای جنێودان.
کە وێنە و شێوە و ڕەوشت و کرداری  جوانی یەکگرتوەکانی شارەکەم لە کاتی خۆیدا دێتە بەرچاو و بەراوردیان ئەکەم بەم هەموو تەشهیرچییەی ئەکاونت و ماڵپەڕەکانی یەکگرتوی ئەمڕۆ، ئەوجا ئەزانم کە ئەم حیزبە لە چ قەیرانێکی گەورەدایە!
بونی حیزبێکی ئیسلامی کە بڕوای بە پێكەوەژیان و ئازادی تاک و مافە نەتەوەییەکانی گەلەکەی هەبێت سودی لە زیانی زۆرترە، یەکگرتوش ئەتوانێت ببێتە ئەو حیزبە بەومەرجەی کە بگەڕێتەوە سەر سیاسەتەکەی جارانی کە کرداری جوان و زمانی پاک وڕەوشتی بەرزبوو!
ئەگینا بەمشێوە بەردەوامبێت  کەهەرکەس شتێکی دژی ئەوان گوت ئاوا بیدەنە بەر جنێوی ناشیرین، وەكئەوەی بەرانبەر  عەزیز ڕەئوف كردیان، ئەوە دورنییە لە چەند ساڵێکی نزیکدا ئەوانیش مەنجەڵێک ساوەر بەشی گشتیان بكات!

حسەین عەلی شەریف
نەرویج
بۆ پاراستنی پەیجەکەمان لە ڕیپۆرت کۆمێنتی زبر یان جوێن دەسڕینەوە یان بلۆک دەکەین.
سوپاس و ڕێز بۆ ڕەچاوکردنی
به‌روار:  09/07/2024
155   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   3716
کۆی سه‌ردان:   30078930