نەموێرا باسی خەڵاتەکەی لابکەم

ساڵی 2009 کە ڕاگری کۆلێژی پەروەردەبووم لە زانکۆی سەلاحەددین، بە ڕەزامەندیی سەرۆکایەتی زانکۆ ڕێوڕەسمێکمان ئامادەکرد بۆ کردنەوەی هۆڵێک بەناوی ڕەوانشاد دکتۆر عەبدوڵڵا حەداد هەروەها ڕێزلێنان لە ڕەوانشادان دکتۆر مارف خەزنەدار و دکتۆر عەزیز گەردی و دکتۆر مستەفا زەڵمی. 

بۆ ئەم مەبەستە ئاگاداری دکتۆر مارف و دکتۆر مستەفامان کردەوە، بەڵام کەس ئامادەنەبوو قسە لەگەڵ دکتۆر عەزیز گەردی بکات و پێی ڕابگەیەنێ کە مەدالیای ڕێزلێنانمان بۆی دروستکردووە. 

قسەم لەگەڵ چەند کەسێک کرد لەوانە دکتۆر عەبدوڵا خدر مەولود و ڕەوانشاد دکتۆر مارف خەزنەدار، هەموویان گوتیان دکتۆر عەزیز گەردی ڕقی لەو جۆرە مەراسیمانەیەو حەز لە پیاهەڵدان و ڕێزلێنان ناکات، پێی مەڵێ دەنا بەینی لەگەڵت تێکدەچێ.
 
جا بە هەقیقەت خۆم ئەوەم لە نزیکەوە لێی بینی بوو، ماوەیەکی زۆر لە شێرزاد ڕەنجەڕۆ تۆڕەبوو هەر لەبەرئەوەی مەدحی کردبوو وە پێشی گوتبوو مامۆستا. 

بۆیە لە ڕۆژی بەڕێوەچوونی مەراسیمەکە دکتۆر عەزیز گەردی ئامادە نەبوو، مەدالیاکەشی لە کۆلێژ هەڵگیراو تا کۆچی دواییشی کرد نەوێرام ئەوەی پێ بڵێم نەوەک لێم توڕەبێ.

شایەنی وتنە، خوالێخۆشبوو ئەندامی تاوتوێی تێزی دکتۆراکەم بوو، هەروەها لە ناوەڕاستی ساڵانی حەفتاکانەوە لە نزیکەوە دەیناسم.
درود بۆ گیانی پاکی.
کەمال سەعدی
به‌روار:  07/06/2024
204   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   665
کۆی سه‌ردان:   29665456