ئیسرائیل و ڕەگەزنامەی ئەڵمانی

ئیسرائیل و مافی هاووڵاتییبوون لە ئەڵمانیا؟
هەڵەزانیاریی وەک نیشانەی هۆشی پارانۆیی

چەند هاوڕێیەک پۆستی کەسێکیان بۆ ناردم کە لە ئەڵمانیا دەژین و بەدڵەڕاوکێوە دەپرسن: ئایا ڕاستە ئیمزات پێدەکەن نابێت دژی ئیسرائیل بیت ئینجا مافی هاووڵاتییبوونت دەدەنێ؟ ئەمە زانیارییەکی کوشندەی هەڵەیە لە سەردەمی ئینتەرنێتدا کە بەگشتیی لە هۆش و مێشکی پارانۆیی مرۆڤەوە لەسەردەمە قەیراناوییەکاندا دروستدەبێت تا زیاتر خەڵک کۆنتڕۆڵ و مانیپولە بکات. 

زانیاریی هەڵە یاخود هەڵەزانیاریی بەگشتیی کار لەسەر هەست و سۆزەکان دەکات، کە دەتوانێت سەرنجی ئێمە بەرەو خۆی بە فراوانیی کێش بکات و ئاراستەمان بکات. ئەمڕۆ لەسەردەمی ئینتەرنێتدا هیچ شتێک هێندەی هەڵەزانیاریی ناتوانێت هەستوسۆزی مرۆڤ کۆنتڕۆڵ بکات و هەمیشەش ئەم کارە لەژێر ناوی «ڕاستیی ئەڵتەرناتیڤ»دا ئەنجام دەدات. هەر بڵاوکردنەوەیەکی هەڵەزانیاریی خێرا دەمارە هەستەوەرەکانی مێشکی مرۆڤ دەجوڵێنێت و خێرا دەتوانێت کاریان لەسەر بکات.

لێکۆڵینەوەکانی سەر بە بواری دەمارناسیی، دەروونشیکاریی، ڕیشەکانی ترس و دڵەڕاوکێ، پارانۆیا و هتد پیشانیان داوە ئەوەی بەردەوام بۆ دروستکردنی بیروڕا پشت بە هەستوسۆزەکانی دەبەستێت، بەخێرایی باوەڕ بە هەڵەزانیارییش دەهێنێت. هەستوسۆزی بەهێز لە مرۆڤدا، نەک هێزی بیرکردنەوەی ڕەخنەیی و عەقڵانیی، وا لە مرۆڤ دەکات بەهیچ شێوەیەک توانای جیاکاریی لەنێوان زانیاریی دروست و هەڵەدا هەبێت. هانا ئارنت دەڵێت تۆتالیتاریزم و حوکمی دیکتاتۆر بەگشتیی ئەو کاتە دەستپێدەکات کە سنوورەکانی نێوان ڕاستەقینە و ناڕاستەقینە، نێوان حەقیقەت و درۆ، لێڵ و ناڕوون دەکرێن و جیاناکرێنەوە. 

من لە ئەڵمانیا دەژیم، ساڵانێکە لەناو کۆمەڵگە و لەگەڵ دامەزراوەکاندا کاردەکەم. زمانی یاسای ئەڵمانیی خۆی یەکێکە لە پرسە زۆر ئاڵۆزەکان و پێویستی بە خوێندنی تایبەت هەیە بۆ تێگەیشتن لە چەمکەکانی، چ بگات بەوەی لە دەرەوەی ئەڵمانیا و لە گوندێکی کوردستانەوە پێت وابێت لەڕێگەی بیستن لە زاری ئەم و ئەوەوە، دەتوانیت بزانیت چی لێرە دەگوزەرێت. هیچ شتێک لە ئەڵمانیا نییە بەناوی «بۆ ئەوەی ببیت بە هاووڵاتیی، دەبێت ببیتە لایەنگری ئیسرائیل». لە بنەڕەتدا شتێک بەناوی ئیمزاکردنەوە نەماوە. بەشێوەی ئەلیکترۆنیی پڕی دەکەیتەوە و چەند زانیارییەکی بیرۆکراسیی دەوێت و تەواو. 

ئەمڕۆ بەگشتیی لە دونیادا بڵاوکردنەوەی تیۆری پیلانگێڕیی و هەڵەزانیاریی لەنێو چەپەکان، ڕاستڕەوەکان و ئیسلامیستەکاندا زۆر باوە و هەمووشی بە ئامانجی کۆنتڕۆڵی هۆشی مرۆڤ، کار لەسەر هەستوسۆزی خەڵک دەکات. ئەگەر دەتانەوێت ڕێز لە بوونی مرۆیی خۆتان بگرن، خێرا باوەڕ بەو هەموو بۆمبارانەی هەڵەزانیاریی مەکەن لە ئینتەرنێتەوە پێتان دەگات. زەحمەت بدەنە بەر خۆتان و هەندێک بەدواداچوون بکەن. دونیا ئاسانکاریی تێدا کراوە.

پێشڕەو محەمەد

بەرلین

به‌روار:  04/06/2024
166   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   670
کۆی سه‌ردان:   29665440