چەکی ئەحمەد کایا ✌
هەمیشە چەک هەموو هێزێک نەبووە لە ڕووی دوژمندا، ئەحمەد کایا خۆی بەتەنها شۆڕشێک بوو کەدوژمن دەهێندەی لەشکرێ لێی تۆقی بو، حسابی بۆ دەکرد، کایا، پێی وتین؛ دەشێ ووشەو مۆسیقا، هەمان کارگەری چەکیان هەبێ، دەشێ بەچەکی زۆر سادە خەباتی زۆر مەزن بەڕێکەین.
چەکی کایا تەنها (دەنگ و ئاوازو ساز)ێک بوو.
٭ئەحمەد کایا گۆرانی گەلێکی بەزمانی تورکی چڕی، وەلێ هەر گۆرانیبێژە تورکەکان گۆرانیەکی کوردییان لێ قبوڵ نەکرد و لەکۆتایدا بەخاین وەسفیان کرد.
کایا، لە ساڵی ١٩٨٥ یەکەمین ئەلبومی (مەگری بچکۆل) بلاوکردەوە، بەڵام لەبەرئەوەی ناوەڕۆکی شیعرەکانی شۆڕشگێڕانەبوون، ھیچ دەزگایەکی ھونەری ھاوکاری نەکردو حکوومەتیش گۆرانیەکانی قەدەغە کرد، دواترلە بەندیخانەش نرا.
لە ئاداری ١٩٩٩، کاتێ خەلاتی باشترین گۆرانی ساڵ لە بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنی وەردەگرێ، رایدەگەیەنێ: (من گۆرانییەکی کوردیم لە ناو ئەلبومە تازەکەم داناوە، چونکە من بە ڕەسەن کوردم! گومانم نییە گەلێ کۆمپانیای مۆسیقا حەز دەکەن ئەلبۆمە تازەکەم بڵاوبکەنەوە! تورکیا گرفتێکی ھەیە بەناوی کوردستان، لە بەرئەوە من ھەرگیز لە باسکردنی ئەم گرفتە بۆ ئەوانەی دان بەراستیدا نانێن، ماندوو نابم). دوای تەواو بوونی ئەم قسانە، چەند ھونەرمەندێکی تورک ھێرشیان کردە سەری و ھاواریان کرد: (خاین! بڕۆ دەرێ).
دادگایی کردن و دەرکران لە تورکیا
دادگای ئاسایشی نیشتمانی تورکیا لە ٣٠ ی نیسان تۆمەتی خەیانەت بە نیشتمانی دایە پاڵی و لە ھەموو لایەکی تورکیاوە تورکە تووندڕەوەکان ھێرشیان کردە سەری و ھەندێ رۆژنامەو دەزگای ڕاگەیاندن داوای حوکمی ئیعدامیشیان بۆ کرد. لەوانە ڕۆژنامەی حوڕییەت بوو کە یەکەم بابەتی دوو ڕۆژ دوای پەلامارەکەی کاتی وەرگرتنی خەڵاتەکە یەکەم بابەتی دژی کایا بڵاوکردوە بە وێنەیەکی دروستکراو گوایە کایا لە بەرلین کۆنسێرتی کردوە و پارەی بۆ پە٭ک کۆکردۆتەوە کە ھەڵبەستراو بوو. دواتریش چەن بابەتی دیکەی بە دواتا ھات بەڵام ئەحمەد کایا، لە بەردەم یەکەمین دانیشتنی دادگا ئامادەبوو، ھەموو ئەو تۆمەتانەی ڕەت کردەوە کە درابوونە پاڵی، لەو ماوەیەدا ئەحمەد کایا چووە ئەورووپا دادگای ئاسایشی نیشتمانی تورکیا لە دوا دانیشتنیدا بەبێ ئامادەبوونی کایا، سزای ١٠ دە ساڵ زیندانی بەسەردا سەپاند.
لە ١٦ی تشرینی دووەمی ٢٠٠٠دا کاتێ بۆ سازکردنی کونسێرت لە پاریس بوو، لەشوێنی حەوانەوەی خۆی، کۆچی دوایی کردو لە گۆڕستانی ناودارانی پاریس “پیرلاشیز”بەخاکسپێردرا.
دەساڵ دوای مردنی
سەرۆکایەتی تورکیا"عەبدوڵا گول" سەرۆکی تورکیا خەڵاتی “گەورە”ی بەخشیە کایا پاش مەرگی لە ڕۆژی لە دایکبوونیدا کە ٢٨ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٣دا، یەکێ لەو ھۆیانەی ئەکرێ ئەم سەرۆکەی تورکیا ئەو کارەی کردبێ ئەوەیە کە سەرۆک وەزیران ڕەجەب تەیب ئەردۆگان کاتێ دژی ئەتاتورک ھەڵەبەستێکی خوێندەوە لە ساڵەکانی ١٩٩٠دا و لەسەری زیندانی کرا، ئەوکات کایا پشتیوانی خۆی بۆ دەربڕیبوو، یان ڕەنگە بۆ ڕاکێشانی عەتفی کورد بوبێ !
بروسک جەبار
ئیتاڵیا
بهروار: 17/11/2023
285 جار خوێندراوهتهوه
|