لە ساڵڕۆژی عەلی بۆسکانیدا
ناوی عەلی بۆسکانی بەلای زۆربەی خەڵکی سلێمانی و رەنگە بڵێم خەڵکی کوردستانەوە ناوێکی ئاشناو ناسراو بێت، کە ئەویش بەشێکی زۆری بەھۆی کارە خێرخوازییەکانیەوەیەتی وەک قوتابخانەی عەلی بۆسکانی و بازاڕی عەلی بۆسکانی و رەنگە بەشێکیشی پەیوەندی بە تیرۆرکردنە دڵتەزێنەکەیەوە ھەبێت. من بۆ خۆم  بۆ یەکەمجار ناوو وێنەی عەلی بۆسکانی م لەسەر ڕووپەڕی یەکێک لە ژمارەکانی گۆڤاری رەنگین ی ساڵی ١٩٨٨ دا بەرچاوکەوت، ھەمان ئەم وێنەیەی کە بڵاوی ئەکەینەوە، کە چاوپێکەوتنێکیان لەگەڵدا سازکردبوو سەبارەت بە دروستکردنی قوتابخانەیەک بەناوی خۆیەوە،  ئیتر ناوو وێنەی ئەو بۆ ھەمیشە لە یادەوەریمدا مایەوەو دواتریش چەندین جار ئەم وێنەیەم بە زیندووی و لەنزیکەوە بینی، ئەویش لە ئۆفیسەکەی خۆی لە بازاڕی عەسری. پیاوێکی جوان و رێککپۆش، کە بەردەوام بە چاکەت و پانتۆڵ و بۆینباخێکەوەو ھەندێ جاریش بێ چاکەت و تەنیا بە کراس و بۆ ینباخێکەوە لەپشت مێزی ئۆفیسە قەشەنگەکەیەوە دەردەکەوت، بەردەوامیش کتێب و رۆژنامە لەسەر مێزەکەی بوو. کە ئەوەش ئاماژەی خوێنەواری و روناکبیری بوو. ئای چەند پێم خۆش بوو جارێک لەو جارانە لەنزیکەوە ئەم پیاوەی ناو گۆڤارەکە بدوێنم و دەستخۆشی کارە خێرخوازییەکانی لێ بکەم، بەڵام ھەموو جارێ ھەستێکی شەرمنانە دەبووە بەربەست بۆ منی تازەلاو و ئەو دیدارە ھەر ساز نەبوو. 
بەھەرحاڵ پێم باشە ئەم پیاوە جوامێرو نیشتمانپەروەرەتان پێ بناسێنم و تیشکێکی خێرا بخەمەسەر ژیانی.
عەلی کوڕی حاجی عەبدوڵا بۆسکانی لە ساڵی ١٩٣٣ لە شاری سلێمانی لە دایکبووە، کەسایەتیەکی خێرخوازی شاری سلێمانی بووە و بەردەوام یارمەتی ھەژاران و لێقەوماوانی داوە و بەشێک لە داھاتی مانگانەی خۆی بۆ ھەندێک خێزانی ھەژار تەرخانکردوە .
ئەم کارەشی بەردەوام بەنھێنی بووەو ھەوڵیداوە کەس بەکارە خێرخوازییەکانی نەزانێت.
لەساڵی ١٩٨٨ قوتابخانەیەکی لە گەڕەکی بەختیاری شاری سلێمانی لەسەر ئەرکی خۆی دروستکردوەو تا ئێستاش ماوە. 
ھەر لەو دیدارەی گۆڤاری رەنگیندا ئەڵێ: «دەمێکە سەرچاوەی شادمانیم ئەوەیە ھەموو توانایەکم بەکاربھێنم بۆ بەختەوەری مرۆڤ و لەتەنگانەدا فریای داماوان بکەوم و ھەوڵمداوە بۆ دامەزراندنی چەندان پرۆژەی بەکەڵکی وەک پردو قوتابخانەو ...ھتد. سوپاس بۆ ئەو کەسانەی بە کارگوزارێکی بچووکم دائەنێن و ھیچ منەتم لێ نازانن».

جگە لەوەش یارمەتی زیاتر لە ٢٠ نوسەری داوە لە چاپکردنی کتێبەکانیاندا، بەتایبەتی ئەوانەی توانای داراییان باش نەبوو نەیاندەتوانی لەسەر ئەرکی خۆیان کتێبەکانیان چاپ بکەن .
ھەروەھا یارمەتی دەیان خوێندکاری زانکۆو ئەو قوتابیانەی دەدا کە ھەژارو نەدار بوون و ساڵانە بڕێک پارەی پێدەدان و جلوبەرگی بۆ دەکڕین.
 عەلی بۆسکانی لە ٢٩-٩-١٩٩٣ لە شاری سلێمانی لەلایەن دەستێکی رەش و نەگریسەوە تیرۆرکراو  بۆ ھەمیشە ئەم پیاوە دڵسۆزو خەمخۆرەیان لە شار و وڵات دابڕاند.
سڵاو لە گیانی پاکی. درود بۆ گیانی عەلیە دڵسۆزەکانی سلێمانی: عەلی بۆسکانی و عەلی ناجی و عەلی کەمال و حاجی عەلی بەگ.

سەرھەنگ عەبدولڕەحمان

تێبینی: پەیکەری کاوەی ئاسنگەریش له ساڵی 1983  لەسەر ئەرکی عەلی بۆسکانی دروستکراوە.
مالمۆکورد
به‌روار:  30/09/2023
220   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   1051
کۆی سه‌ردان:   28723051