بۆ دکتۆر سادق شەرەفکەندی 🖤
شەهیدبوون 1992.9.17
لە ناو سینەی بە ئاپوورەی بەرلیندا
لە کوێرە رێکەوتێکی زەمانا و
لە چاو ترووکانێکی مێژووا
مانگێکی پەمەیی و چەند ئەستێرەیەکی سەوزی هاوڕێی
تیرباران کران و کەوتنە خوارەوە
کەوتن بەسەر کێلگەی ئازاری کوردانا
کەوتن بەسەر هەموومانا
مانگێکی پەمەیی و
چەند ئەستێرەیەکی سەوزی هاوڕێی
لە بەرلین و
لەبەر دەم گۆتەی شاعیرا کوژران
لەوێ کوژران
بەڵام لە کوردستان خوێنیان لەبەر ڕۆیی
لە ئێوارەیەکی دڵڕفێنی چاو سپی کلک زیڕینا
لە گەورەدێ،
گەورەدێی دۆڵی جافەتیی شۆڕشی نوێماندا
بۆ یەکەمجار لەوێ و
لە سێبەری ئازادییەکی باڵابەرزا،
کاکە سادقی شەرفکەندی، دوکتور سەعیدم ناسی.
ئەو زەردەخەنەیەکی ناسکی وەک کازیوەی هێنا بە پیر منەوە و
منیش چەند شیعرێکی لەو شاخانە باڵگرتووم
بۆ ئەو کردبوو بە دیاری.
ئەم ناسینە لە رێگای چاوەکانی شەهید دوکتور قاسملووەوە پێک هات
لە رێگەی دەنگی ئەوەوە
لە رێگەی خۆشەویستیی شیعر و ئازادییەوە
لە رێگەی ئەوینی ئاوێتە بووی مهاباد و سلێمانییەوە
لە رێگەی قژی تێک ئاڵۆسکاوی سنە و هەولێرەوە
لە رێگەی پەنجەی تێک ئاڵاوی کرماشان و کەرکووکەوە
هەر یەک عەشقیش هەموومانی لەو کونە ئەشکەوت و
ژێر تاوێرە بەردانەدا کۆ کردبووەوە.
شێرکۆ بێکەس
بهروار: 17/09/2023
209 جار خوێندراوهتهوه
|