ئەگەر بەرمیلەکەشت لە ژێرەوە کردبێتەوە!

باسیان لە پڕۆسەی هاوسەرگیری ئەکرد، مامۆستا عەلی گوتی: پرۆسەی هاوسەرگیری وەک بەرمیلێک وایە، کە توێژاڵی سەرەوەی هەگوینە و لە دوای ئەو توێژاڵەوە هەموی پیسایی،   شەش مانگی یەکەم پیاو هەنگوین ئەخوات و دواتر ئەگاتە پیسایی و ئەبێت هەتا ماوە پیسایی بخوات!
سمایلی مەلا کەریم لەولاوە هاوریکرد وگوتی: دەی برا وە کەلامی خوا من ئەو توێژاڵە هەنگوینەشم نەدیوە و لە یەکەم ڕۆژەوە هەر پیسایی ئەخۆم!
هاوڕێ برایمیش لەولاوە گوتی: دەی دیارە تۆ بەرمیلەکەت لە ژێرەوە هەڵپچڕیوە!
زۆرینەی ژن و پیاوەکان ئەمە تێڕوانیانە بۆ هاوسەرگیری و لایانوایە تەنها سەرەتاکەی خۆشە و دواتر ئەبێت بە ناخۆشی.
ئەو مانگەی کە ناویان ناوە مانگی هەنگوینی، زۆرجار ناگاتە کۆتایی مانگ و ساڵانی ژەهراوی بەدوادادێت!
پاڵنەری سەرەکی پیاوەکان بۆ هاوسەرگیری زۆر جیاوزترە لە پاڵنەری ژن بۆ هاوسەرگیری، ئەڵبەتە ئێمە باسی ژن و پیاوی کورد ئەکەین، دواتر ئەم دوو داخوازییە جیاوازە بەریەک ئەکەون و هەردولایان لایانوایە کە خەڵەتاون.
 لێرەوە سەرەتای کێشەکان دەرئەکەون و باری قورسی کۆمەڵایەتی و کەلتوریش دەورێکی زۆر ئەبینێت لەوەی کە چ ژن  یان پیاو ئاوات  بە ژیانی بەر لە هاوسەرگیری بخوازن!
ئاشکرایە ئەوەی لە دوای هاوسەرگیری دێتە ئاراوە زیاتر ئەرک و پاباندبونە  هەتاوەکو ئازادی، ئەگەرچی زۆرێک لە پیاوەکان ناڕۆنە ژێرباری ئەم ڕاستییە و ئەیانەوێت ئەو ئازادییە تەسک نەبێتەوە.
کێشەی ژن و پیاو لە ژیانی هاوسەرگیریدا کێشەیەکی ئاساییە، تەواوی هەموو ئەو ئینسانانەی کە ناویان ژن و مێردە ئەکرێت کێشەیان هەبێت، بەڵام بەومەرجەی سیوایان لە یەک نەبێتەوە و نەگاتە ئەو قۆناغەی کە پیاو باسی خراپەی ژنەکەی بکات و ژنیش لای دۆست و دوژمن باسی خراپەی پیاوەکەی بکاتە بنێشتە خۆشەی زمان!
زۆرینەی زۆری ئێمە سەرەتایەکی هەنگوینیمان نەبوە، قورسی ژیان و منداڵ و ئاوارەیی و دۆخی سیاسی و ئابوری وڵاتیش ،  ئەوەندەی تر پاڵەپەستۆی خستۆتە سەرمان و کاتمان نەبوە بۆ یەکتر.
 بەر لە پەنجا ساڵێک سنوری داواکاری ژن و پیاو دیاریکراوبوە وهەردوولا بەو دۆخەی تیایدابون ڕازیبون، بەڵام ئەمڕۆ تەواو پێچەوانەیە، پیاوی ئەمڕۆ نایەوێت و ناتوانێت وەک باوک و باپیرەی ژیانی ڕۆمانسی پیادەبکات، پیاوی جاران دوای پەنجا ساڵ هاوسەرگیری جەستەی ژنەکەی نەدیوە و نەیزانیوە ماچ چییە!
ژن کە بتوانێت ئەرکی ماڵ و منداڵ و دەرەوەش ئەنجامبدات، ئەی بۆچی نەتوانێت بڕێک کات تەرخان بکات بۆ پیاوەکەی، ئەو کە بتوانێت یەک مەنجەڵ یاپراخ بە نیو سەعات دروستبکات، ئەی بۆچی نەتوانێت نیو سەعات ئەو کارە بکات کە پیاوەکەی خەونی پێوە ئەبینێت!
  ژنی ئەمڕۆش نایەوێت وەک نەنکی  بە تیکە نان و پیاڵەیەک ئاو ژیان بەرێتەسەر و قەبوڵیشی ناکات کە پیاوەکەی وەک پیاوی جاران هەتا ئەمرێت ناویشی نەهێنێت وخۆشەویستی بۆ دەرنەبڕێت!
پیاوی ئەمڕۆش کە تاقەتی هەبێت شەش سەعات لە چاخانەیەکدا بە قسەی بێ مانا بباتە سەر، ئەی بۆچی ناتوانێت سەعاتێک لەگەڵ ژنەکەی خۆیدا دانیشێت و قسەی خۆش بکات!
پیاوی ئەمرۆش کە کاتی بۆ سیاسەت و تۆپی پێ و چەلەحانێی بێتامی رۆژانە هەبێت، بۆچی ناتوانێت لە هەفتەیەکدا جارێک ژنەکەی بباتە دەرەوە و پێکەوە نانێک بخۆن!
ئەگەر نەبێتە قسەکەی هاوڕێ برایم، ئەگەر ئێمە لە بنیشەوە  بەرمیلەکەمان هەڵپچڕیبێت، سەرەتا تاڵییەکانمان چەشتبێت  بۆچی هەوڵنەدەین لە کۆتاییدا بگەین بە توێژاڵە هەنگوینییەکە!
چیئەبێت دوایئەوەی منداڵ گەورەئەبن و خۆشمان گەورەئەبین، بەخۆماندا بچینەوە و دەستبکەینە ئەو ژیانی خۆشەویستی و  ئەو ڕۆمانسییەتەی کە لەسەرەتادا نەمانبوە و ئاواتمان بۆ خواستوە!
گەنجی بۆ خۆی گەنجینەیەکە، مرۆڤ تیایدا بەبێ ڕۆمانسییەت و خۆشەویستیش ئەتوانێت بیگوزەرێنێت، بەڵام لە گەورەبووندا ئەو خۆشەویستی و رۆمانسییەتە فرە گرنگە!
کاتی ئەوەیە هەمومان ئەوانەی کە ژیانێکمان لەم پرۆسەدا بەسەربردوە و منداڵمان وردە وردە گەورەبوون یان بەرەو گەورەبون ئەچن ئاوڕ لە خۆمان بدەینەوە و کۆتاییەکەی خۆشبکەین،  دووبەدوو گەشتبکەین و بڕۆینەدەرەوە و پیاسەبکەین!
مناڵ ئەڕواتە ماڵی خۆی، گەشتی خۆیئەکات و ژیانی خۆی ئەکات، ئەوان گەنجن و کاتی زۆریان لە بەردەستایە، ئەوەی کاتی نەماوە ئێمەین، ئەوەی ئەبێت فریای خۆی بکەوێت و ئەو ژیانە کورتەی ماویەتی بە خۆشی بیباتە سەر ئێمەین نەک منداڵ.
پارەکانتان مەشارنەوە، مەیدەن بە دەستی ساختەچییەکەوە بۆتان بخوات، ئەوەی هەتانە لە خۆتانا سەرفی بکەن، ئەگەر خاوەنی پارەش نەبن، ئەتوانن بە زمانی شیرین و یەکتر خۆشویستن ژیانتان خۆشبکەن.
هەموو ئەوانەمان بییست ساڵ زیاتر لە ناو ئەم پرۆسەداین حەقی خۆیەتی و کاتی خۆیەتی کە ئیتر هەرچی هەبوە و هەرچی بوە بیخەینە پشتگوێ و بە (میسک الختام) کۆتایی پێبهێنین!

لە ئەمڕۆوە دەستپێبکەن، ئەم دەستپێکردنەش بە کەسێکتان ناکرێت، وەکچۆن تائێستا هەردوولاتان قوربانیتان داوە ئێستاش ئەبێت بە نیەت و دڵێکی سافەوە دەستپێبکەن!
بەهیوام خۆشی و خۆشەویستی ماڵی هەموتان داپۆشێت.

حسێن عەلی شەریف
نەرویج
به‌روار:  04/09/2023
120   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   1129
کۆی سه‌ردان:   28453223