ئایا ئێزیدیەکان کوردن یان نا؟

ئایا ئێزیدیەکان کوردن یان نا؟
بۆ مێژوو:

ساڵی 1975 کە نسکۆی شۆڕشی ئەیلول دەبێ، "شەهید حسێن بابە شێخ و حاجی ئەتروشی ناسراو بە حاجی دۆشکە " زۆر برادەرن .
ماڵی " سلێمان بابە شێخی باوکی حسێن بابە شێخ" لە گوندی سپیندار دەبێ و لە ماڵئاوایی " شەهید حسێن و حاجی دۆشکە " کە بەرەو ئێران دەڕۆن  دەڵێ:
حسێن ئەو ڕۆژەی کە ڕەبی عالمین ئەم دنیایەی دروست کرد، ئێمەی بە ئینسان و وەک نەتەوەش بە کورد خەڵق کردوە، ئەم ژیانە سەرکەوتنی تیایە و ژێرکەوتنیش.
تۆش وەکو حاجیت، کە پشتت کردە ئەم ماڵە بە شەهید بوون نەبێ  نەگەڕێیتەوە.
کاک حاجی دەڵێ:
من موسڵمان و ئەو ئێزیدی لە پێشمەرگایەتی و لە ئاوارەی ئێران زۆر پێکەوە بووین، شەهید حسێن زۆر جوامێر و دەست پاک و بوێر بووە.

لەکاتی کارەساتی شەنگالیش کە  له بەرنامەیەکی ڕادیۆ کوردی سوید بووین  لە مالمۆ لەسەر کارەساتەکە " بەهزادی بابە شێخ برازای شەهید حسێن"   پاش بەرنامەکە  ئەمەی بۆ گێڕاینەوە.
باپیرم " سلێمانی بابە شێخ" پێش سەرژمێریەکەی 1977  زۆری دوعا کرد و ووتی:
خوایە بمکوژە تا بەعس بە عەرەب قەیدم نەکات.
خوا دوعاکەی هێنایە دی و پێش سەرژمێریەکە کۆچی دوایی کرد.
جارێکیشیان " میر تەحسین بەگی کۆچکردوو" دێتە شاری مالمۆ و لە وەڵامی پرسیارێکا دەڵێ:
ڕەنگە ئێزیدی هەبن خۆیان بە کورد نەزانن ، بەڵام ئەوانە ئێزیدی نین.
سوپاس بۆ " هەڤاڵ کوڕی شەهید حسێن بابە شێخ" کە لە کوردستانەوە وێنەی باوکی و باپیرەی بۆ ناردین.

تێبینی:
ئەم حەفتەیە ڤیدیۆیەکی خۆمان لە کۆڕەکەی نادیە موراد لە پەیجی مالمۆکورد  دانا بوو.
زۆر کەس کۆمێنتیان کرد بوو ، کە ئێزیدیەکان کورد نین .
ئەم ڕاستیەکی  مێژووییە ، تەنیا و تەنیا بۆ مێژوو  گێڕامانەوە ، نەک کولانەوەی برینەکانی شەڕی خۆکوژی.

شێرزاد عەزیز
مالمۆ

وێنەکان لەم لینکەدایە:

سەیری وێنەکان بکە

به‌روار:  08/08/2023
605   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   641
کۆی سه‌ردان:   29665520