31ی ئایار ڕۆژی جیهانی قەدەغەی جگەرە

ڕۆژی 31ی ئایار ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی جگەرەكێشان و بەكارهێنانی توتنە، ئەم رۆژە لەساڵی 1987 لەلایەن ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی دیاری كرا بۆ ڕاكێشانی سەرنج لەسەرئاستی نێودەوڵەتی بۆ ئەو كاریگەرییە نەرێنی و زیانبەخشانەی جگەرەكێشان و بەكارهێنانی توتن دروستی دەكات لەسەرجەم ڕووەكانەوە.
لەرۆژی 31ی ئایاری هەموو ساڵێك رێكخراوی تەندروستی جیهانی و هاوبەشەكانی یادی رۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی جگەرەكێشان دەكەنەوە بۆ تیشكخستنەسەر مەترسیە تەندروستیەكان و ئەو زیانانەی پەیوەستن بەجگەرەكێشان و داواكردنی دانانی سیاسەتێكی چالاك بۆ دانانی سنوورێك بۆ بەكارهێنانی توتن.
ئەمساڵ یادی رۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی جگەرەكێشان بەدروشمی (باخۆراك بچێنین نەوەك توتن) دەكرێتەوە، بەهۆی ئەوەی چاندنی توتن زیانی بۆ تەندروستی مرۆڤەكان و هەسارەكەمان هەیە.
لەم هەڵمەتەدا هانی وڵاتان دەدرێت بۆ كۆتایی هێنان بەو پشتیوانەی پێشكەشی جوتیاران دەكرێت بۆ چاندنی توتن و لەبری ئەوەی هانی جوتیاران بدرێت بەروبومی دیكەی كشتوكاڵ بچێنن بۆ باشتركردنی ئاسایشی خۆراكی.
ئامانجەكانی رۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی جگەرەكێشان:
- بڵاوكردنەوەی هۆشیاری لەبارەی مەترسیەكانی جگەرەكێشان و زیانی دوكەڵەكەی و كاریگەرییەكانی بەهەموو جۆرەكانیەوە.
- بڵاوكردنەوەی هۆشیاری لەبارەی مەترسیەكانی نەخۆشكەوتن و مردن بەهۆی جگەرەكێشان.
- ئاشكراكردنی ئەو فێڵانەی خاوەن پیشەسازی جگەرە بەكاری دەهێنن بۆ سەرنج راكێشانی هاوڵاتیان.
- هۆشیاركردنەوەی گەنجان و پێدانی زانیاری لەسەر پلانی راكێشانیان بۆ جگەرەكێشان و بەكارهێنانی توتن.
ئامانجی رۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی جگەرەكێشان بۆ بیرخستنەوەی گەلانی جیهانە لەو مەترسیانەی ئەو خووە ناتەندروستە دروستی دەكات لەسەر ژیانی تاكەكانی كۆمەڵگا لەڕووی تەندروستی و ئابووری و كۆمەڵایەتی و چالاككردنی رێوشوێنەكانی بەرەنگاربوونەوە و كۆنترۆڵكردنی ئەم دیاردە مەترسیدارە.
یەكێك لەئامانجە بنەڕەتیەكانی رۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی جگەرەكێشان بریتیە لەكەمكردنەوەی رێژەی گیان لەدەستدان بەهۆی جگەرەكێشانەوە كە ساڵانە چەندین ملیۆن حاڵەتی گیان لەدەستدان بەهۆی كاریگەری جگەرەكێشانەوە لەسەرتاسەری جیهان تۆماردەكرێت.
لەساڵی 2008 رێكخرای تەندروستی جیهانی داوای قەدەغەكردنی تەواوەتی ریكڵامی جگەرەی كرد، ئاماژەی بەوەكرد بەپێی لێكۆڵینەوەكان دەركەوتووە پەیوەندییەكی بەهێز هەیە لەنێوان ڕیكلام كردن بۆ بەرهەمەكانی توتن و سەرەتای دەستپێكردنی جگەرەكێشان.
رێكخراوی تەندروستی جیهانی هانی حكومەتەكان و دەسەڵاتداران و كۆمەڵە و گروپەكان دەدات لەسەرتاسەری جیهانەوە بۆ رێكخستنی چالاكی لەرۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی جگەرەكێشان لەپێناو هاندانی زیاتری خەڵكی بۆ دووركەوتنەوە لەجگەرەكێشان و بڵاوكردنەوەی هۆشیاری زیاتر لەبارەی مەترسیەكانی.
چەند راستیەك لەبارەی جگەرەكێشان و بەكارهێنانی توتن:
* ساڵانە زیاتر لە 8 ملیۆن كەس لەسەرتاسەری جیهان بەو هۆیەوە گیان لەدەست دەدەن.
* ساڵانە 2.1 ملیۆن كەس گیان لەدەستدەدەن بەهۆی هەڵمژینی دوكەڵی جگەرە و نزیكبوونیان لەكەسانی جگەرەكێش.
* جگەرەكێشان و هاوشێوەكانی بەگرنگترین ئەو كێشانە دادەنرێت كەكاریگەری لەسەر تەندروستی گشتی هەیە.
بەپێی ئاماری رێكخراوی تەندروستی جیهانی جگەرەكێشان دەبێتە هۆی گیان لەدەستدانی یەك كەس لەكۆی دەكەسی پێگەیشتوو لەسەرتاسەری جیهان ، ئەگەر ڕێژەی بەكارهێنانی توتن بەم شێوەیە بەردەوام بێت ئەوا پێشبینی دەكرێت ژمارەی قوربانیان بەشێوەیەكی گەورە زیاد بكات تاوەكو ساڵی 2030.

بــــه هیـــوای ســـەلامـــەتــــــی و تــــەنـــدروستــــــی بــــــاش ،

ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی ب.گ.تەندروستی سلێمانی .
به‌روار:  31/05/2023
146   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   512
کۆی سه‌ردان:   29233721