چی بۆ کورد گرنگە لە هەڵبژاردنی ئەمڕۆی توركیا؟

د. كامەران مەنتك 2023.5.13

چەند وتارێكم لەسەر هەڵبژاردنەكانی ئەمڕۆی توركیا نووسیوە، دیارە بەشێكی زۆری ئەو خوێندنەوانەی بۆ هەڵبژاردنەكان دەكرێن، كەوتوونەتە ژێر كاریگەری پڕوپاگەندەی ئەو هێزو لایەنانەی، ركابەری لەسەر پۆستی سەرۆك كۆمارو كورسییەكانی پەرلەمان دەكەن، چۆن هێزەكان گرەو لەسەر جولاندنی هەست وسۆزی خەڵك دەكەن ودەیانەوێت لەو رێگەیەوە دەنگ كۆبكەنەوە، كە ئەمە شتێكی ئاساییە لەگەمەی هەڵبژاردنی هەموو دنیادا، بەهەمان شێوە نووسەرەكانیشیان وەك بەشێك لە ماشێنی هەمان دەزگای  كار دەكەن و ئامارو خوێندنەوەكانی خۆیان دەخەنە روو، لەو ناوەدا راستییەكان بزر دەبن وئەركی ئەكادیمیستان ونووسەرانی سەربەخۆ ئەوەیە راستیەكان نیشانی خەڵك بدەن ودیوە تاریكەكانی پش پەردەكان رۆشن بكەنەوە، كە بەداخەوە بەشێكی كەم لەوانە توانیویانە خۆیان لە رەشەبای پڕوپاگەندەكان بپارێزن ونەكەونە ژێر كاریگەری ئەو پڕوپاگەندانەوە.
راستییەك هەیە دەبێت راشكاوانە دانی پیا بنێین، یاخود وەك ئەگەرێكی بەهێز مامەڵەی لەگەڵدا بكەین، ئەویش ئەوەیە ناكرێت كورد خەونی گەورە لەسەر ئەنجامی ئەو هەڵبژاردنە هەڵچنێت، لەبەرئەوەی وەك پێشتر باسمان كردووە، هەردوو لایەنی ركابەر پڕۆژەیەكی نیشتمانی فراوانیان لانییە بۆ سەرلەنوێ داڕشتنەوەی سیاسەت و ئەنجامدانی گۆڕانكاری ستراتیژی لە توركیا،  تەنانەت هەردوو لایەنیش تا ئەو رادەیە ئازاد نین، كە بتوانن ئەو گۆڕانكارییانە بكەن، لەبەرئەوەی توركیا بەهۆی پێگە جیۆپۆلەتیكییەكەوە بە تەنیا بەرەهەندە ناوەخۆییەكانەوە پابەند نییە، بەڵكو بەدەست كۆمەڵێك رەهەندی هەرێمی وجیهانی زۆر ئاڵۆزەوە دەناڵێنێت! بۆیە هیچ لایەنێك لەو لایەنانە بەشێوەیەكی راشكاوانەو بەوردی لەمەسەلەی چارەسەری پرسی كورد نەدواوەو نەخشە رێگەی چارەسەری خۆی نەخستۆتە روو، یەكیكیان شانازی بەو دەستكەوتانە دەكات، كە كورد لەسەردەمی ئەودا بەدەستی هێناوە، لەو روانگەیەوە تەنانەت هەندێكجار راشاكاوانە ئاماژە بەوە دەكات، كە كێشەیەك نییە لە توركییا بەناوی كێشەی كورد! ئەوەی تر بانگەشەی ئەوە دەكات، كە لەدوو تویی پەرلەماندا كێشەی كورد چارەسەر دەكات، بەڵام ئەوە روون ناكاتەوە، چۆن لەپێكهاتەیەكی پەرلەمانی وا ئاڵۆزو دژ بەیەكدا دەتوانێت چارەسەری مەسەلەیەك بكات، كە لەپڕوپاگەندەی هەڵبژاردنیشدا بوێری ئەوە ناكات ئەو بابەتە لای هاوپەیمانەكانیشی بكاتەوە!
كەواتە چی بۆ كورد گرنگە لەو هەڵبژاردنەدا، رەنگ بێت گرنگترین خاڵ لەو هەڵبژاردنەدا نیشاندانی سەنگی كوردە لە پڕۆسەی دیموكراسی لەتوركیا، كورد لەو هەڵبژاردنەدا، ئەگەرچی پەرتەوازەیەو بەسەر هەردوو لایەنی ركابەر دابەش بووە، بەڵام بەروونی دیارە، كە رۆڵی هێزی هەمواركار دەبینێت وئەو دەتوانێت هاوسەنگی هیز لەبەرژەوەندی ئەو لایەنە یەكلابكاتەوە، كە ئەو دەیەوێت، ئەنجامی ئەو هەڵبژاردنەش ئاماژەیەكی روون دەبێت بۆ ئەو رۆڵە، دیارە ئەمەش لە ئایندەدا، وا پیویست دەكات، كورد لە باكووری كوردستان زیاتر یەكگرتوو بێت وستراتیژی ئایدیۆلۆژیستیانەی خۆی بگۆڕێت وبتوانێت لە ژێر چەتری ستراتیژێكی نیشتمانیدا هەموو باڵە جیاوازو ركابەرەكان بەیەكەوە كۆبكاتەوە، بۆئەوەی سەنگی سەنگی ئەو هێزە زیاتر بكات!.
بوون بەهێزی هەمواركار، زۆر جار بڕی هێز زۆر لەوە گەورەتر دەكات، كە لەراستەقینەدا هەیەتی، كەواتە ئەوەی هێزی كوردی لەو هەڵبژاردنەدا دیار دەكات، رۆڵی ئەو هێزە هەمواركارەیە، كە كورد دەیبینێت، گەورەیی وبچووكی بە بەراورد بەهێزە گەورەكانی تر، لەو هاوكێشەیەدا بایەخی زۆر كەم دەبێتەوە، لەبەرئەوەی چوونی كورد بۆ پاڵ هەر هێزێكی تر، هاوسەنگی هێز(بەواتا فراوانەكەی) لەبەرژەوەندی ئەو یەكلایی دەكاتەوە، ئەمە ئەو خاڵەیە، كە دەبێت كورد لە ئایندەدا زیاتر بایەخی پێبدات، ئەگەر لەو هەڵبژاردنەشدا نەتوانێت ئەمە بكات، ئەوە دەبێت لە ئایندەدا لەسەر ئەو بنەمایە سیاسەت بكات، چونكە شانۆی سیاسی توركیا، سەرباری ئەو ئاڵۆزییانەی هەیەتی، بەئاسانی ئەو دەرفەتە بۆ كورد مسۆگەر دەكات.
ب
به‌روار:  14/05/2023
312   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   666
کۆی سه‌ردان:   29665403