ڕاسمۆس لەسەر سووتانی قورئان دادگایی دەکرێ
دەسەڵاتی دادوەریی لەشاری مالمۆی سوید بەتۆمەتی هاندانو بڵاوکردنەوەی ڕکوکینە دژ بەگروپێکی ئاینیی دەستیانکردوە بەلێکۆڵینەوە لەگەڵ ڕاسمۆس پالودانی سیاسەتمەداری توندڕەوی دانیمارکی-سویدی، ئەویش دوای ئەوەی لەماوەی ڕابردودا ناوبراو لەو وڵاتە نوسخەیەکی قورئانی پیرۆزی سوتاند.
بەگوێرەی ڕۆژنامەی "ئێکسپرێسن"ی سویدی، ئەدریان هۆکی داواکاری گشتیی ئەو وڵاتە ڕایگەیاندوە، دواکەوتنی دەستپێکردنی لێکۆڵینەوە لەگەڵ پالودان لەسەر بابەتی سوتاندنی قورئان پەیوەست بوە بەهۆکاری تەکنیکییو تەواوکردنی لێکۆڵینەوەکانەوە.
لەبەرامبەردا پالودان ڕەتیکردۆتەوە، کاری هاندەرانەی دژ بەگروپێکی دیاریکراو ئەنجامدابێت، بەڵکو ڕایگەیاندوە، لەوکاتەدا دەیان پۆلیس لەناوچەکەدا بونو سەیریان کردوەو ڕێگرییان لێنەکردوە، بەوجۆرە ئەوانیش تاوانیان ئەنجامداوە.
لە21ی مانگی یەکی ئەمساڵ، پالودان لەبەردەم باڵیۆزخانەی تورکیا لەسویدو لەژێر پاراستنی توندی هێزەکانی پۆلیسدا کۆپییەکی قورئانی پیرۆزی سوتاند، ئەمەش توڕەییو بێزارییەکی گەورەی لەسەر ئاستی جیهان لێکەوتەوە.
شارپریس
بهروار: 12/03/2023
288 جار خوێندراوهتهوه
|