خۆپیشاندانەکەی قامیشلۆ

ئێوارەی 2004.3.12  لەگەڵ " زەردەشتی برام  و ئاگرۆی کوڕم "لە دیمەشقەوە گەیشتینە قامیشلۆ.
ئەو ئێوارەیە بوو  لە یاریگای قامیشلۆ هاندەرانی عەرەب وێنەکانی سەدامیان بەرز کردبوە و هاندەرانی کوردیش پەلاماریان دابوون.
چوار تا پێنج کوردیان شەهید کرد بوو.
بۆ بەیانی تەرمی شەهیدەکانیان بە خۆپیشاندانێکی گەورە بەناو بازاڕی قامیشلۆ برد بۆ ناشتن.
لە باڵکۆنی ئوتێلەکە ژمارەیەک کوردی هەندەران سەیرمان دەکرد و زۆربەمان ئەو غەدرەمان دەبینی و لە ناخدا دەکوڵاین.
کوردێکی بەریتانیا بە ڤیدیۆ گرتی، ئەمن هات بردیان.
لەنزیک ئوتێلەکەوە تابلۆی بانکێکیان شکاند.
 هاوارم کرد و ووتمان:
بە قوربانتانین دەستکاری کەلوپەلی دائیرە مەکەن.
کە گەیشتنە ئاستی ئێمە و دەیانزانی خەڵکی باشوورین، هاواریان کرد :
بژی تاڵەبانی ... بژی بارزانی .
کاک جەلالی مەلا مستەفاش ڕێگەی گەڕانەوەی دیمەشقی لێ گیرا بوو ، پێکەوە سەیری خۆپیشاندانەکەمان دەکرد.
برادەرێک ووتی:
هاواری چی دەکەن ، ئەو سەرکردانە مەرحەبایەکی بەشار بە ئێوە ناگۆڕنەوە.
ئەو ڕۆژە دۆخی قامیشلۆ ئاڵۆز و ڕژێم  لە حەسەکەوە هێزیان هێنابوو.
بۆ نیوەڕۆکەی لەناو بازاڕ بە ڕێکەووت  کەوتینە ناو خۆپیشاندانەکە و غازی فرمێسک ڕژێنیان بەکار هێنا و چاو و قوڕگی ئازار داین و بەپەلە   خۆمان کرد بە دوکانێکا ، خاوەنەکەی عەگالی لەسەر بوو، خەریک بوو بگەڕێینەوە ، بەکوردی ووتی وەرنە ژوورەو جامخانەکەی داخست.
ئەوە دووەمجار بوو دەچووینە قامیشلۆ.
ساڵی 1999 نزیکەی 10 ڕۆژ مابوومەوە.
زۆرم پرسیار لێدەکردن .
ئەوان زۆر هەژار و برسی بوون و دەیانووت:
بەیانی تا ئێوارە کار بکەین مەمرە و مەژی دەژین.
دەیانووت: ڕەگەزنامەی سووریمان نیە و مناڵەکانمان تا پۆلی 6 بۆیان هەیە بخوێنن و کە دەچین بۆ شام ، بۆ ئەوەی لە ئوتێل بخەووین ،دەبێ عەدەم تەعەڕوزی موخابەراتمان پێ بێت.
ڕێگای سەر ئاوەکە داخرا.
خۆم زۆر خەمی ئاگرۆم بوو کە تەمەنی چوار ساڵ و  سەرەڕای خەمی زەردەشتیش ، دەترسام تووشی شتێک بین .
ناچار لە ڕەبیعەوە ڕۆشتینەوە ، کە بەقەراغ موسڵدا دەڕۆشتیت و قاعیدە چەند کەسیان لەناو موسڵ سەربڕی بوو، کەلە سەرەکانیان لەسەر تەنەکە پیشانی خەڵک دەدا بۆ تۆقاندنیان.
 وێنەکە:
ئوتێلەکەی قامیشلۆیە، چێشتخانەکان داخرابوون،  تەکسیەکمان بە کرێ گرت چوو لە حەسەکە کەبابی بۆ هێناین. وێنەکە کاتی کەباب وەرگرتنەکەیە.
شێرزاد عەزیز
مالمۆ

به‌روار:  12/03/2023
313   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   480
کۆی سه‌ردان:   29233181