دیسانەوە یاخیبوونەکانی ئێران
نەوت، ئەو ئەندازیارەبوون کە دەسکارییەکی گەورە و ھەمەلایەنی چیەتیی میلەتی ئێران و دانیشتوانی ئەو وڵاتەیان، کردوە. ئەمڕۆکە کۆمەڵگای ئێرانی، بە شایەتی،شارەزایانی ئەو بوارە، نەک ئەوانەی قسەی گشتیی و حوکمی گۆترە دەردەکەن، یەکێکە لە عەلمانیترین کۆمەڵگاکانی ناوچەکە. کۆمەڵگایەکی تەواو گەنجە کە زۆرینەی ھەرەزۆریان، لەو ھەندەسە دینییە دەسەڵاتگەرە ھەڵدێن کە دەوڵەتی ئێرانیی و ئایەتوڵا حوکمڕانەکانی ناو ئەو دەڵەتە، لەماوەی چوا دەیەدا دروستیانکردوە. ئیسلامی سیاسیی حوکمڕان لە ئێراندا، زۆرینەی ئەو کۆمەڵگایەی لەو فۆرمە لە دینداریی و لە ئایدیۆلۆژیای ئاینی دوورخستۆتەوە کە دەوڵەت لەسەرەوەڕا بەسەر کۆمەڵگاکەیدا، سەپاندوە. ژیانی شەخسیی و خێزانیی ئێرانیەکان تەواو ناکۆکە بو ژیانە گشتیی و ئاشکرایەی دەسەڵاتداران لەو وڵاتەدا دروستیانکردوە.
حیجابیان دەکردە سەر. حیجاب لای ئەوان و لەو ساتەدا ڕەمزی یاخیبوون و قبووڵنەکردنی ڕژێمە سیاسییەکەی شا بوو، کە لە دیدی زۆربەیاندا وەک پۆلیسی وڵاتانی خۆرئاوا و ئیمپریالیزم لەناوچەکەدا، دروستکرابوو. حیجاب یەکێک لە ڕەمزە گرنگەکانی بزوتنەوە شۆڕشگێڕەکە بوو. بزوتنەوەیەک کە دەیویست سیستمێکی سیاسیی کراوە و دیموکراس و دادپەروەر و کۆمەڵگایەک ڕێزگر لە کەرامەتی ئینسان دروستبکات. ئایدیۆلۆژیای شۆڕشی ئێرانی تێکەڵێکی ئاڵۆزبوو لە ئایدیۆلۆژیایەکی میلییگەرای، جیھان سێھەمیی دژە ئیمپریالیست، کە داژایەتییەکی گەورەی ئەمریکا و سیاسەتەکانی ئەمریکای لە ئێراندا دەکرد. ئاخر ئەمریکا پێشتر و لە ساڵی ١٩٥٣دا دەسەڵاتی حکومەتە ھەڵبژێراوە عەلمانییەکەی موسەدەقی ڕوخانبدوو. بە کورتییەکەی، لە ساتەوەختی شۆڕشی ئێرانی ساڵی ١٩٧٩دا، حیجاب بەشێکبوو لەم دۆخە سیاسیی و فەرھەنگیی و ئایدیۆلۆژییە یاخیگەرە و یەکێکبوو لە ڕەمزەکانی بەرگریکردن و یاخیبوون. لە ڕاستیدا بۆچوونەکانی میشێل فوکۆش بۆ دۆخی ئێران و قسەکردنی لەسەر لەدایکبوونی ”ڕۆحانیەتی سیاسیی“ ھەردەچێتە ئەم قاڵبەوە، کە تیایدا ئیسلام وەک دین و حیجاب وەک جۆرێکی تایبەت لە نمایشکردنی لەش، بووبوو بە ڕەمزی یاخیبوون.
ئەو خانمە سەماکەرانەی بە دەوری ئاگرێکدا سەمادەکەن و حیجابەکانیان لەناو ئاگرەکەدا دەسوتێنن، بەرجەستەکردنی ئەم ڕاستییە سۆسیۆلۆژیی و سیاسیی و دینیی و کۆمەڵایەتییە سادەیەیە، ڕاستیی یاخیبوون لە سەرجەمی سیاسەت و میکانیزمەکانی دروستکردن و سەپاندنی ئەو لەشە دینییەی زیاد لە چل ساڵە بە بەکارھێنانی ھێز و زەبری دەوڵەت دروستدەکرێت.
ئەوەی ئێستا دەیبینین یاخیبوونێکی نوێی کۆمەڵگای ئێرانییە تەواو جیاواز لەوەی ساڵی ١٩٧٩دا ڕویدا، یاخیبوونی ئێستا نە یاخیبوونێکی ناسیۆنالیستیی و میلییانەیە، نە یاخیبوونێکی دژە ئیمپریالیستانەیە، نە یاخیبوونێکی جیھانسێھەمییانەشە، بەڵکو یاخیبوونی ملیۆنەھا لەو تاکەکەسە جیاوازانەیە، کە بەشێکی زۆریان خوێندەواری سەر بە چینی ناوەڕاستن، بەڕووی ئەو سیستمەدا کە چەندەھا قەیرانی جۆربەجۆری بۆ ئێران وەک وڵاتێکی فرەنەتەوە و فرەزمان و فرەکولتور و فرەخواست، دروستکردوە.
ئەوەی دەیبینین یاخیبوونێکی مەدەنییانەی ھێمنە بە میزاجێکی ناعەبوس و خۆشحاڵانەوە، تیایدا تەحەدای تاکەکەسیی و سەماکردن و نمایشکردنی لەشێکی ئازاد، ڕەگەزە سەرەکییەکانیەتی. ئەم شەپۆلە لە ناڕەزاییدەربڕین و یاخیبوون ھاوکات شەپۆلێکی ناڕێکخراوە، بەبێ ئۆرگان و ئایدیۆلۆژیا و سەرکردەیەکی کاریزمییە، بە زۆرمانا لەو جۆری ئەو یاخیبوونانەیە کە لە کۆتایی ساڵانی ھەشتادا و لەدوای کەوتنی کۆمۆنیزمەوە لە خۆرھەڵات و ناوەندیی ئەوروپادا بینیمان.
لە پەیوەندیدا بە کورد و خەڵکی کوردستانەوە، یاخیبوونەکانی ناو ئێران ھاوکات بە یاداوەرییەکی نەتەوەیی بریندار و بە سیاسەتێکی بەردەوامی بێمافکردنێکی دەستەجەمعییەوە، گرێدراوە. پەلاماردانی ئەمڕۆکەی دەوڵەتی ئێرانیش بۆ بارەگای ھێزە کوردییەکانی ڕۆژھەڵات، لەناوچەی سلێمانی، بە درۆن، دەرخەریی ئەو تایبەتمەندیانەیە کە بوونی کورد لەناو کۆی ناڕەزایەتییەکانی ئێراندا بەرجەستەی دەکات. ئەم مەسەلەیەش تەنھا یەک مانای ھەیە: دانەبڕانی یاخیبوونەکان لە کوردستان لە کۆمەڵێک داواکاریی نەتەوەیی کە پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی بە کوردبوونەوە ھەیە وەک شوناسێکی چەوساوە و چەپێنراو و پەلاماردراو.
مەریوان ووریا قانیع
به‌روار:  29/09/2022
314   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   712
کۆی سه‌ردان:   29262281