دەیەی داهاتوو دەیەی قووتدان و نەمانی باشوری کوردستانە

دەیەی داهاتوو دەیەی قووتدانی کوردستانە لەلایەن عێڕاقەوە و دەیەی سڕینەوەی کۆمەڵگای کوردەوارییە لەناو شەپۆلە یەک لەدوای یەک و نەپساوەکانی کۆچی عەرەبەکانی عێڕاق بۆ کوردستان و نیشتەجێبوونی هەمیشەییان لە کوردستان.

ئەگەر تا ئێستا کۆچ و نیشتەجێبوونی سەدان هەزار عەڕەب دڵخوازانە و پەرت و بڵاو بووبێت، ئەوا لە ئێستا بەدواوە ئەم کۆچە ناچاری دەبێت و لە رەهەند و مەغزای کۆچ دەچێتە دەرەوە و دەبێتە کۆڕەو. چەمکی کۆڕەو لەلایەن رێکخراوە ژینگەییەکان و رێکخراوەکانی سەربەنەتەوە یەگرتووەکانەودە بۆ وەسفی ئەو کۆچە فراوان و و خێرا و ناسرووشتییەی بەکاردێنن کە لە گوند و شارۆچکەکانی عێڕاقدا روودەدات. کۆرەوێک، کە لە روانگەی ئەو رێکخراوانە، زادەی گۆڕینی کەش و هەواو و گەرمبوونی ژینگە و وشکەساڵییە و زۆرجار وەک کۆڕەوی ژینگە ناوزەد دەکرێت.

لێکەوتە کارەساتئامێزەکانی گۆڕانی ژینگەی عێراق، لەوانەش کۆڕە و کۆچی فراوان، دەمێکە بۆتە جێگای سەرنج و باسی رێکخراوە ژینگەییەکان و رێکخراوەکانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان و میدیای جیهانی. بەڵام ئەم رێکخراو و میدیا جیهانییانە لەدوو ئاستدا کورتییان هێناوە. یەکەم، ئەم رێکخاوانە تەنها سەرنجییان لەسەر کۆڕەوی ژینگە بووە و کەمتر سەرنجیان خستۆتە سەر ئەو کۆڕەوە بەردەوامەی کە بەهۆی ناسەقامگیری سیاسی و شەڕی تایەفی عەرەبە سووننە و شیعەکان و سەرهەڵدان و بەیەکدادانی میلیشاگەلیی وەک داعش و حەشد لە ٢٠ ساڵی رابردوودا هاتۆتە ئاراوە.

دووەم کورتهێنانی رێکخراو و میدیا جیهانییەکان ئەوەیە کۆڕەوەی عەڕەبەکانییان بۆ کوردستان و نیشتەجێبوونییان لە شار و شارۆچکەکانی کوردستان نادیدە کردووە وتەنها تەرکیزییان خستۆتە سەر کۆڕەوی عەڕەبەکان لە دێهات و شارۆچکەکانەوە بۆ ناوەندی شارە مەزنەکانی عێڕاق.
نادیدەکردنی رێکخراو و میدیا جیهانییەکان بۆ ئەم کۆڕەو و نیشتەجێبوونە فراوانەی عەڕەبەکان لە کوردستان، کە تا ئەم ئان و ساتە گوزەراوە رەنگدانەوەی نادیدەکردنی هەمان پرسە مەترسیدارەکەیە لەلایەن میدیا و حیزب و کۆمەڵگای کوردییەوە. لەکاتێکدا ئەم کۆڕەو و نیشتەجێبوونەی عەڕەبەکان نەک هەر لەسەرووی توانا و قەوارەی باشوری کوردستاندایە، بەڵکو هەر لە ئێستاوە کاریگەری ریشەیی سامناکی لەسەر ئاستی بژێوی خەڵک و لەسەر سرووشتی پێکهاتە و ناسنامە و دیموگرافییای شارەکان داناوە و بۆتە هۆی تێکدانی هاوسەنگی نەتەوەیی و سیما و خەسڵەتی کۆمەڵگای کوردەواری. تێکدانێک کە هەرگیز ناچێتەوە سەر دۆخی پێش ١٩ ساڵ لەمەوبەری و دەبێت بۆ سەدان ساڵی داهاتوو ئێمە و نەوەکانمان لەگەڵ کێشە و گرفتە هەمەلایەنەکانی ئەم تێکدان و ئاڵوگۆڕە دیموگرافییەدا گرفتار بین و باجەکەی بدەین.

گرفتەکە لێرە ناوەستێت، گرفتە ریشەییەکە ئەوەیە کۆڕەو و نیشتەجێبوونی هەمیشەیی عەڕەبەکان لە کوردستان هێشتا سەرەتایە و بەردەوام دەبێت و لە ساڵانی داهاتوودا فراوانتریش دەبێت. ئەگەر حکومەت و خەڵکی کوردستان رێوشوێنی ئاوارتە و هەمەلایەنە و یاسایی نەگرنە بەر ئەوا ئەوا لێکەوتە و دەرەنجامە کارساتئامێزەکانی لە گۆڕینی دیموگرافیای باشوری کوردستان دەچێتە قاڵبی غەزوو و داگیرکاری و دەبێتە یەکێک لە گەورەترین تراژیدیترین سڕینەوەی نەتەوەیەک لەسەر خاکی خۆی.

مەودا و قەوارەی کارەساتئامێزی ئەو کۆڕەو و غەزووە لە فاکتەری کاتدا بەرجەستە دەبێت و دەتوانین باشتر لێی تێبگەین. کارەساتەکە لەوەدایە کە لەداهاتوودا ئەم کۆڕەو و غەزووە لە بڕگەیەکی زەمەنیدا ناوەستێت و یەک کۆڕەو و یەک شەپۆلی نیشتەجێبوون و سەرەنجام یەک غەزوو نییە و نابێت. بە پێچەوانەوە، کۆڕەوە و نیشتەجێبوونەکە بەردەوام دەبێت و شێوەی شەپۆل لەخۆ دەگرێت و لەگەڵ کاتیشدا ئەو شەپۆلانە فراوانتر رێلێنەگیراوتر دەبن و هەر شەپۆلێکیش زەمینە بۆ شەپۆلێکی فراوانتر دەرەخسێنێت. و سەرەنجام کورد وەک نەتەوە و ناسنامەی کوردستان وەک وڵاتێکی داگیرکراو دەکەوێتە بەردەم سڕینەوە و قووتدان.

عێڕاقی داهاتوو عێڕاقی کۆڕەوەکان دەبێت، کؤڕەوی فراوانی دانیشتوانەکەی بەهەموو ئاراستەیەکدا و بەتایبەتیش بۆ باشوری کوردستان (هەرێم و ناوچە دابڕاوەکان). سەرەتای کۆڕەوەکانی عێڕاق لە گوند و شارۆچکەکانییەوە بۆ ناوەندی شارە مەزنەکانی و لەوێشەوە بۆ بۆ وڵات و هەرێمەکانی دەوروبەر، هەڵبەت بەو کارئاسانییەی کە لە باشوری کوردستان بۆ نیشتەجێبوونی عەڕەبەکان دەکرێت، باشور دەبێتە دوا وێسگەی سەرەکی نیشتەجێبوونییان.

بۆچی عێراقی داهاتوو عێڕاقی کۆڕەوەکان دەبێت؟
یەکەم هۆکار یان فاکتەر نا سەقام گیرییە. عێڕاق یازدەهەم نا سەقامگیرترین وڵاتە. وڵاتی هەردوو میلیشیای حەشد و داعشە. وڵاتی ململانێی خوێنای نەتەوەیی و مەزهەبی و گروپەکان و وڵاتی پاکتاوی رەگەزی و ناجێگیری سیاسی و حوکمرانی نارەشیدە. عێڕاق یەکێکیشە لەگەندەڵترین وڵاتەکانی جیهان و بە ٢٣هەمین گەندەڵترین وڵات لەسەر ئاستی جیهان هەژمار دەکرێت. ناسەقامگیری و گەندەڵی دوو فاکتەری سەرەکی کۆچی هاوڵاتییانە. ناسەقەمگیری سەرچاوەی کۆچی خەڵکە بۆ گەڕان بۆ پەناگایەکی هێمن و گەندەڵیش هۆکاری گەڕانە بۆ دۆزینەوەی سەرزەمینێک بۆ سپیکردنەوەی پارە. هەرێمی کوردستان لەبارترین و نزیکترین سەرزەمینە بۆ هەردوو مەبەستەکە. ئەو نیشتەجێبوونەی تا ئێستای عەڕەبەکانی عێڕاقی عەڕەبی، کە بە زیاتر لە ملیۆنێک، واتە نزیک بە ٢٠٪ی دانیشتوانی هەرێم مەزەندە دەکرێن، زادەی ئەم هۆکارانەن.

دووەم وە سەرەکیترین و کارەساتئامێزترین هۆکاریش گۆڕانی کەش و هەوا کە خۆی لە بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی و وشکبوونی سەرچاوە ئاوییەکان و خێرایی بە بیابانبوون و دابەزینی سامناکی بەرهەمە کشتوکاڵییەکاندا خۆی دەبینێتەوە. بەگوێرەی بانکی جیهانی و رێکخراوە نێودەوڵەتیەکانی تر، بەنداوەکانی تورکیا ئاوی زێی دیجلە و فوراتی بە رێژەی ٦٠% کەمکردۆتوە و پێشبینی دەکرێت ئەم دوو زێیە تا ساڵی ٢٠٤٠ بەتەواوی وشک ببن. حاڵی ئاوی ژێرزەوی عێڕاقیش لە هی ئاوی سەرزەوییەکی خراپترە و لە ئێستادا بۆ نیوە دابەزیوە و پێشبینیش دەکرێت پێش وشکبوونی رووبارەکانی ئەم سەرچاوەیەش نەمێنێت. ئەمەش وایکردووە رێژەیەکی بەرچاوی شارۆچکە و دێهات ودەشت و مەزای باشوری لە بێئاویدا ببنە بیابان و مەزرا و ئاژەڵەکانییان لەدەست بدەن و ناچار بە کۆچ کردن بن. بەگوێرەی ئەنجوومەنی پەنابەرانی نەرویجی وشکە ساڵی بۆتە هۆی ئەوەی تەنها لە ساڵی رابردوودا ٤٠%ی جوتیارەکانی باشووری عێڕاق تەوای بەرهەمەکانییان لەدەست بدەن. لەرووی هەڵکشانی پلەی گەرماش، عێڕاق ێنجەم وڵاتی جیهانە و یەکێکیشە لە خراپترین ئەو وڵاتانەی کە ئاوی خواردنەوەی ژەهراوی بووە. هەموو ئەم فاکتەرە ژینگەییانە بەسەر یەکەوە بۆتە هۆی نەمانی سەرچاوەی قووت و داهاتی ژیانی خەڵک و پایەکانی بەردەوامی ژیان و سەرەنجام چۆڵبوونی خێرای زۆرینەی گوند و شارۆچکەکانی عێڕاقی عەڕەبی و نیشتەجێبوونییان لە ناوەندی شارەکان.

سێیەم فاکتەریش بۆ ئەوەی عێڕاق ببێتە سەرچاوەی شەپۆلەکانی کۆڕەوی ژینگەیی. کۆنترۆڵ نەکردنی رێژەی زاوزێیە. بەبەراود بە هەسێ وڵاتە داگیرکەرەکەی تری کوردستان، دانیشتوانی بە رێژەی هەرکام لەو سێ وڵاتە زیاد دەکات. لە پەنجا ساڵی رابردوودا، گەشەی دانیشتوانی عێڕاق بەێژەی ٤٦٣% زیادی کردووە لەکاتێکدا ئەم رێژەیە
لە ئێران تەنها ٢٨٨% و
تورکیا ٢٠٨% و
سوریا ٣٠٠%.
سەرزەمینی عێڕاق، چ لەرووی بەرهەم و چ لەرووی ژێرخانی ئابووری و چ لەرووی توانا و کەپاسیتی شارەکانی ئەو ئامادەییەی تێدا نییە کە ئەم فراوانبوونە کۆنترۆڵنەکراوی دانیشتوان لەخۆ بگرێت. ئەمەش هۆکارێکی ترە بۆ کشانی خەڵك لە ناوەڕاست و باشوری عێڕاق بۆ ئەو ناوچانەی کە چڕی دانیشتوانی کەمترە. هەرێمی کوردستانیش تاکە شوێنێکە لەسەرتاپای عێڕاق کە ئەم مەرجەی تێدا بێت.

ئەگەر خەڵک و حکومەتی هەرێم فریا نەکەون و رێوشوێنی پێویست نەگرنە بەر، عێڕاقی کۆڕەوەکان بە ٤٠ ملیۆن کەسەوە بەئاسانی دەتوانێت هەرێمێکی پێنج ملیۆن کەسی قوت بدات و ناسنامە و دیموگرافییا مێژووییەکەی بسڕێتەوە و چاوەڕوان دەکرێت لە دە ساڵی داهاتوودا ئەم وڵاتەمان بۆ هەمیشە لەدەست بچێت.
ئارام ڕەفعەت
به‌روار:  29/09/2022
680   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   476
کۆی سه‌ردان:   29228274