سابیری عەریزەنووس گووتی 😛
ڕۆژێك ئافرەتێك هات بەگریان و داد و فیغان هەر چاوێکی هەڵدێنا و مستێك فرمێسکی دەباراند، لەدەست مێردە ناجسنەکەی کە چۆن دارکاری دەکا و نان و شەقی دەداتێ و چەندین جاران وەختبووە بیکوژێ.. بەڵام جیران و خێرمەندان لەبەردەستی دەریانهێنابوو.. پێی گوتبوو: بەقوربانت بم بەڵکو عەریزێکی وام بۆ بنووسی لەدادگا سەری بچێتە ڕیشی بابییەوە!!
ئیدی منیش ورد و باریك بۆم هۆندەوە چەندەبوو دوو هێندەی دیم خستەسەر ، وەڵڵا عەریزە و سکاڵایەکەم وا ڕێکخست ئاوی لەبەردی دێنا .. تەنانەت نووسیبووم جەنابی حاکم! ئەو کابرایە یەك تۆز ئەخلاق و شەرەفی نییە!!
ژنە حەقدەستی دامێ و ڕۆیشت...
کاکە بەیانی هەر هێندەم زانی کابرایەکی ئاسنگەرم لێ وەژوورکەوت سوێندت لەسەرم نییە هەر باسکێکی هێندەی ڕانی من دەبوون ، گوتی ئەتۆی سابیری عەریزەنووسی ناموبارەكی؟
گوتم بببـ بەڵێ قوربان!
ئیدی ڵالبووم و تفم بۆ قووتنەدرا بە هەڕەشە و چاو سوورکردنەوە ڕۆبووە قۆڵم و گوتی هەر ئێستا دەتکووژم... شایەتمان بێنە!! یەك دوو بۆکسی تێسرەواندم لەبەر دەستانی دەرپەڕیم.
گوتم ئاخر کاکە بۆ وادەکەی من چیم کردووە؟ دەمناسی دەتناسم؟!
گوتی ئەدی سەگباب مادام نامناسی چۆن دەزانی کەمن بێ شەرەف و بێ ئابڕووم؟!
گوتم قوربان ئەستەخفیروڵڵا جا ئەمن حەددم چییە ناماقووڵی وابکەم؟!
کابرا گوتی بەڵێ کردووتە! هەر وایکرد عەریزەی لەگیرفانی دەرێنا و گوتی ئەدی ئەوەچییە؟! ئەوەنییە نوسیوتە:
جەنابی حاکم! ئەو کابرایە یەك تۆز ئەخلاق و شەرەفی نییە!!
ئیدی سەدجار تۆبەی پێکردم و داوای لێبوردنم لێکرد دەستم ماچکرد ... بەڵام گوتم توخودا ئەو عەریزەیە بۆ لەخزمەت جەنابتە؟
کەچی گوتی: وەڵڵا شەوێ کە ژنەکەم ئاشتکردەوە ، ئەو عەریزەی بەدیاری دامێ 😃
ڕۆژی دواتر ژنێکی دیکە هات بەقوڕپێوان و لەخۆدان و هات و هاوار لەدەست مێردەکەی...
گوتم خوشکێ گیان جارێ پێشەکی بابزانم جەنابی ئاغای مێردت چکارەیە؟
ژنە بەگریانەوە گوتی وەڵڵا ئەو سەگبابە قەسابە خودا غەزەبی لێ بگرێ!
گوتم هەستە دایکم هەستە لێم دووربکەو! خۆ ئەجەلم نەهاتووە! مەگەر ڕوحی خۆم لێ بەڵایە؟!
به‌روار:  08/08/2022
605   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   881
کۆی سه‌ردان:   29226816