گەشتی ماڵتا و عەربەت

گەشتە دوو سەعاتییەکەی ماڵتا و گەشتە یەک ڕۆژییەکەی عەربەتی ناوەڕاست!

هەر رۆژیک بڕیاربوایە کە بۆ سەردانی ماڵ میمکم، یان بۆ بەجیهێنانی پرسەیەک سەردانی عەربەتی ناوەڕاست بکەین، دایکم بەڕەحمەتبێت لە دوای نوێژی بەیانییەوە خۆی ئامادە ئەکرد!
بۆ گەشتن بە عەربەت ئێمە دوو ڕێگامان لەبەردەستتابوو ، یان ئەوەتا ئەرۆشتینە گەراجی دەربەندیخان/سلێمانی، یان ئەبوو لە گەراجی دەربەند/ زەڕایەن، بەرەو عەرەبەت بڕۆشتایەین!
ڕێگای یەکەم ڕێگایەکی کورت و ئاسانتربوو، بەڵام گرفتی ئەم ڕێگا ئەوەبوو کە کرێی سلێمانییان لێ وەرئەگرتین و ئەشبو لە عەربەتیش دابەزینایە!
گرفتێکی تریش ئەوەبوو کە جابییەکانی گەراجەکە ڕازی نەئەبوون کە ئێمەی منداڵ لە باوەشی دایکمانا دانیشین یان بوەستین بەپێوە و ئەبوو کرێی نەفەری تەواومان بدایە!
ڕێگای دووهەم ئەو گرفتانەی نەبوو، بەڵام بە ڕاستەخۆ نەمانئەتوانی بگەینە عەربەت و ئەبوو ترانزێتی زەڕایەنمان بکردایە!
سەرەڕای ئەوەش ئۆتۆمبیلکانی خەتی دەربەند / زەڕایەن هەمویان یان لاندکرۆزەری حەفتاونۆ بوون یان جێبی حەفتاوچوار، کە هەرگیز ڕێنەئەکەوت پێشەوەمان بەرکەوتایە، چونکە خەڵکی ئەو ناوچانەی ئێمە ئەو کاتانە زۆر حەزیان لەسەرکەوتنی پێشەوەبوو، وەک ئێستا نەبوو کە خەڵکی فێری سەرکەوتنی دواوەش بوە!
جارێکیان لە کانی پانکە دوو نەفەر لەسەر پێشەوە، سەروچاوی یەکتریان شکاندبوو، ئیتر سایەقەکە لە داخا تەڵاقی خواردبوو کە هەتا هەڵەبجە بە بەگا بڕوات!
ئێمەی مناڵ لە سەیارەکانی خەتی زەڕایەندا ئەمانتوانی بە پێوە بوەستین و پارەی نەفەر نەدەین، بەڵام بوونی بزن و قەل و کەڵەشێر لە دوای سندوقە تەنگەکەی لاندکرۆزەرەوە ئەو گرفتەی هەبوو کە هەمیشە دەموچاوی تۆ و سەری بزنەکە بەیەکەوە ئەبوون هەتا زەڕایەن!
جا بزنیش یەک عادەتی هەبوو هەرکە لە دوای لاندکرۆزەرەوە سەریان ئەخست، هەتا ئەگەشتە جێگا، دەیان جار ئەپژمی و دەموچاوی پرئەکردیت لە چڵم!
کە لە زەڕایەنیش دائەبەزین ، دیسانەوە ئەبوو لەسەر شەقامەکە بە ئاڕاستەی سلێمانی دەست لە سەیارە هەڵبگرین بۆئەوەی بگەیتە عەرەبەت!
لە هیچ شوێنێکی ئەم دونیاوە سەیارە بەڕاستەخۆ نەئەرۆشت بۆ عەربەتی ناوەڕاست، کەسیش نەیئەزانی عەربەت جوگرافیەن سەر بە کام ناوچەیە!
تەنها بیست دەقە لە سلێمانییەوە دووربوو کەجی سەر بەسلیمانی نەبوو، لەپاڵ سەید سادقدابوو، بەڵام شارەزوریش نەبوو، لە زەڕایەنەوە بەردد بگرتایە ئەگەشتە عەرەبەت،کەچی خەڵکی عەربەت و زەڕایەن ئەرز و ئاسمانیان فەرقبوو!
لەو عەربەتەدا شەوت بەسەردا بهاتایە نە هۆتێلی هەبوو نە کەسیش ئەیبردیتەوە ماڵەوە، بەڵام لە زەڕایەندا ئەوکاتەی کە ئێمە بەرەو عەرەبەت ترانزێتمان هەبوو، دەیان کەس ئەئاڵان پیاماندا و ئەیانبردینەوە بۆ ماڵەوە!
خۆی عەربەت بەتەنها یەک دانەیشی ناخۆشبوو، کەچی سێ عەربەتیش هەبوون، عەربەتی سەرەوە، عەربەتی ناوەڕاست، عەربەتی خوارەوە، ئێمە لە دوو عەربەتیاندا گومئەبووین و تەنها عەربەتی ناوەڕاست شارەزابووین!
وەکگوتم هەرجارەی نیازی سەردانی عەربەتمان هەبوایە ئەوە ئەبوو مەلا بانگدان لەماڵ دەربچوینایە و ئەگەر بەر لە نویژی مەغریب بگەیشتینایەتە ماڵ میمکە عیسمەتم، ئەوە خۆمان بە بەختەوەر ئەزانی!
بەر لە چەند رۆژێک کە لە فرۆکەخانەی وارشۆوە سواری فڕۆکەبووین بە ئاراستەی وڵاتی ماڵتا، بەختی من بە پێچەوانەی بەختی گەشتەکانی منداڵی نێوان دەربەند و زەڕایەن، بەوشێوە هێنای کە بکەومە ناو کۆمەڵێک کچی خوێندکاری ئوستورالی کە ئەوانیش بە مەبەستی گەشتی هاوینە بەرەو ماڵتا ئەرۆشتن.
دوای تەنها نیو سەعات لە فرین، یەکێک لە کچەکان کە دیاربوو زۆر هیلاکبوو، خەوی لێکەوت و بەبێ ئاگایی سەری کەوتە سەر شانی من، منیش بە شێوەیەک خۆم بێدەنگکردبوو کە ئەگەر فڕۆکەکەش بکەوتەیاتە هەلەکەسەما ، ئەوە من هەر جوڵەم نەئەکرد!
کچەکانی هاوڕێی وێنەیان لێئەگەرت و پێی پیئەکەنین، منیش بە ئیشارەت پێم ئەگوتن کە بێدەنگبن بۆئەوەی خەوەکەی لێتێکنەدەین!
ئالەوکاتەدا منیش کەوتبومە هەوای خۆم و جار جار جاوەکانم دائەخست و جارجارەش دەنگی نزمی هەناسەی کچەکە و دیمەنی فرینی سەر هەورەکان خستبومیانە ناو کەشێکی زۆر ئارامەوە، هەستم کرد کە تارماییەک لە سەر سەرم وەستاوە، بە قونچاو نیگایەکم کرد بینیم خانمە و قاوەیەکی بەدەستەوەیە!
یەکسەر لە دڵی خۆمدا سورەتی وەجەعەلنا مین بەین ئەیدیهم سەدا وە من خەلفیهم سەدا وە ئەخشەیناهوم فەهوم لایبسرونم خوێند و بە دوایشیا سێ جار سورەتی قول ئەعوزول بیڕەبی ناسم خوێند و فوم کرد لەخۆم، چاوەکانم داخستبوو بە ئومێدی ئەوەی بڕوات، بەڵام هەرکە چاوم کردەوە بینم بە دیارمەوە وەستاوە و ئیتر مەجالی ئەوە نەما خۆم بکەمە خەوتو بەناچاری سەیرمکرد و ئەویش یەکسەر گوتی:شوێنەکەت تەنگە بۆ نایەیتە دواوە کورسییەکانی دواوە هەموی جۆڵن؟
منیش کە نەمئەویست ئەو کچە داماوە خەبەرکەمەوە بە ئەسپایی گوتم: ئێستا دێم، بەڵام لە دڵی خۆمدا گوتم سوێند بە خوای گەورە ئەگەر ئێستا بڵێن ئەم فڕۆکە دووکەرت ئەبێت و ئەم بەشەی منی تیا دانیشتوم ئەکەوێتە خوارەوە و ئەو بەشەی دواوە کە چۆڵە، بە ئسانی لەسەر زەوی ئەنیشێتەوە، هەر نایەمە دواوە!
داخی ئیهانەی سایەق و توڕەبونی جابی و پژمینی بزن و ڕیقنەی قەلی ناو ئەو لاندکرۆزەرانەی جاران هاوە بان دڵی منەوە و لێمگەڕی هەرچەند تازە کاتەکەیشی درەنگە، با جارێک لە گەشتێکدا شوینێکی باشم دەستکەوێت.
بەس سەرم لە ئەوە دەرناچێت، بەرلەوەی بکەوینە ڕێ، فڕۆکەوانەکە گوتی: ماوەی گەشتەکەمان دوو کات ژمێر و نیوە، کەچی ئەوەندەی بڵیی یەک و دوو ، گوتیان خۆتان ببەستەوە ئەوە گەشتینە ماڵتا و دائەبەزین!
ئاخر خوا گیان بە قوربانی ئەو بەشەت بم، کەی ڕەوای حەقە لە دەربەندیخانەوە هەتا عەربەت یەک ڕۆژی تەواوم پیئەچوو لەگەڵ بزن و نەفەری بۆنپیسی جاراندا و ئێستاش ئاوا کات بەو خێراییە بڕوات و تەنها بە دوو سەعات بگەمە ماڵتا!
حسێن عەلی شەریف
به‌روار:  07/08/2022
505   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   664
کۆی سه‌ردان:   29230484