خۆکوژی دوو برای دوانە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان
دوو برای دوانەی خەڵکی گوندی هەفت چشمە سەر بە شاری مەلەکشایی پارێزگای ئیلام بە ناوەکانی میلاد زەمانی و مەهدی زەمانی ١٨ ساڵە لە ماوەی کەمتر لە دوو مانگدا کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە. هەروەها پیاوێکی خەڵکی ئەو گوندەش بە ناوی سەعدوڵڵا مریەمی خۆی کوشتووە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی چوارشەممە ١٢ی گەلاوێژی ٢٧٢٢ (٣ی ئاگۆستی ٢٠٢٢)، لاوێکی تەمەن ١٨ ساڵی خەڵکی مەلەکشایی بە ناوی مەهدی زەمانی ١٨ ساڵە بە هۆی کێشەی خەمۆکی و ئەو کێشانەی دوای خۆکوشتنی برا دوانەکەی تووشی ببوو، خۆی هەڵواسیوە و کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.

هەنگاو زانیویەتی کە برای دوانەی مەهدی بە ناوی میلاد زەمانی ڕۆژی شەممە ٧ی جۆزەردانی ٢٧٢٢ (٢٨ی مەی ٢٠٢٢) بە هۆی کێشەی ئابووری و هەژاری لەڕێگەی خواردنی حەب کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.

لە لایەکی دیکەوە، ڕۆژی سێشەممە ١١ی گەلاوێژ (٢ی ئاگۆست)، سەعدوڵڵا مریەمەی خەڵکی هەمان گوند، بە هۆی کێشەی ئابووری و هەژاری لە ڕێگای خواردنی حەبەوە خۆی کوشتووە.

جێگای ئاماژەیە کە گوندی هەفت چشمە سەر بە شاری مەلەکشایی یەکێک لە گوندە هەژار و بێبەشەکانی پارێزگای ئیلامە کە لەلایەن حکومەتەوە لە هەر چەشنە خزمەتگوزارییەک بێبەش کراوە.
هەنگاو
به‌روار:  04/08/2022
420   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   990
کۆی سه‌ردان:   29235804