حەزدەکەین سامانمان زیادبکەین تەنها بۆ ئەوەی دراوسێکانمان پێ سەرسام بکەین.
<<بۆچی هەمومان، لە راستیدا، نزیکەی هەمومان، حەزدەکەین سامانمان زیادبکەین؟ ... تەنها بۆ ئەوەی دراوسێکانمان پێ سەرسام بکەین.>> - بێرترەند رەسل بۆچی ئێمە، لە راستیدا، نزیکەی هەمومان، حەزدەکەین سامانمان زیادبکەین؟ لەوانەیە لە یەکەم نیگادا وا دەربکەوێت کە پێداویستییە مادییەکان ئەو شتانەنە کە حەزیان لێ دەکەین. بەڵام، لە راستیدا، ئێمە حەز لەو شتە مادییانە دەکەین تەنها بۆ ئەوەی کە دراوسێکانمانی پێ سەرسام بکەین. کاتێک کەسێک ماڵەکەی دەگوازێتەوە خانوێکی گەورەتر لە گەڕەکێکی راقیتر، ئەو وا دادەنێ کە خەڵکی <<باشتر>> لەگەڵ خێزانەکەی هاموشۆبکەن، و خەڵکە ناسەرکەوتوەکەی رۆژانی پێشو لە دەوروبەری نامێنن. لە هەر شارێکی گەورەدا، جا لە ئەمریکا بێ یا لە ئەوروپا، خانو لە هەندێ گەڕەک و شوێن لە هەندێ خانوی هەمانشێوە لە هەندێ گەڕەک و شوێنی تر گرانبەهاترن تەنها لەبەرئەوەی زیاتر مۆدێلن. یەکێک لە بەهێزترین خولیاکانمان حەزی پێسەرسامبون و رێزگرتنمانە. وەک ئەوەی هەیە، سەرسامبون و رێز دەبەخشرێتە ئەو کەسەی کە وا دەردەکەوێ دەوڵەمەند بێ. ئەوە هۆکاری هەرە سەرەکییە کە بۆچی خەڵک دەیەوێ دەوڵەمەند بێ. ئەو مادانەی بە پارەکانیان دەرکڕدرێ رۆڵێکی زۆر لاوەکی دەبینێ لەوەی کە خەڵک بیەوێ بۆی دەوڵەمەند بێ. بۆ نمونە، دەوڵەمەندێک کە ناتوانێت جیاوازی بکات لەنێوان دو تابلۆدا، بەڵام یەک گەلەری لە شاکارە کۆنەکان لەڕێی پسپۆڕانەوە بەدەستهێناوە. ئەو چێژەی ئەو لە وێنەی تابلۆکان وەریدەگرێ ئەو بیرکردنەوەیە کە خەڵکی دی بزانن کە ئەو تابلۆیانە چەندیان پێدراوە. هەمو ئەوە لەوانەیە جیاواز بێ و لە زۆر لە کۆمەڵگاکان جیاوازە. لە چەرخی ئەریستۆکراتیدا، وەک ئەوەی رۆمای کۆن و یان سپارتا پیاوان بەوە جێی سەرسامیی بون کە لە کاستی سوپا لەداییکبوبن. لە هەندێ ناوەندی پاریسدا، پیاوان جێی سەرسامین ئەگەر بەهرەیەکی هونەری و ئەدەبییان هەبێ، کە لەوانەیە ئەوە سەیر بێ بۆ ئەمریکییەکان. لە زانکۆیەکی ئەڵمانییدا، لەوانەیە بە پیاوێک سەرسام ببن کە لێزان بێ لە فیزیا یان کیمیا. لە هیندستان عاریفەکان جێی سەرسامین؛ لە چین زاهیدەکان. جیاوازیی ئەو کۆمەڵگایانە راستیی شیکردنەوەکانی ئێمە نیشانددەدات، لەبەرئەوەی بە رێژەیەکی گەورە ئەو پیاوانە جێی سەرسامین کە پارەیان بە لاوە گرنگ نییە و تەنها ئەوەندەیان بەسە کە پێی بژین، بەڵام هۆگری ئەو حەزانەن کە لە ژینگەی خۆیاندا لە رێیەوە رێز دەبردرێتەوە. گرنگیی ئەو راستییانە ئەوە دەردەخات کە حەزی مۆدێرن بۆ سامان پەیوەست نییە بە سروشتی مرۆڤەوە، و دەتوانرێ لەڕێی چەندان دامەزراوەی کۆمەڵایەتییەوە هەڵبوەشێنرێتەوە. ئەگەر، بە قانون، هەمومان وەک یەک داهاتمان هەبوایە، ئەوکات دەبوایە بەدوای شتێکی تر کەوتبونایە بۆ ئەوەی لە دراوسێکەمان باڵاتر بونایە، و زۆربەی تامەزرۆییمان بۆ بەدەستهێنانی شتە مادییەکان نەدەما. زیاتر لەوەش، ئەو تامەزرۆیییە لە هەناوی سروشتی پێشبڕکێوەیە، تەنها ئەوکاتە خۆشبەختی دەهێنێت کە بەرانبەرەکەمان تێدەپەڕێنین کە هێندەی خۆشی بۆ ئێمە دەهێنێ بەو ئەندازەیەش ئازار بۆ بەرانبەرەکەمان. زیادکردنی سامان بەگشتی هیچ قازانجێکی پێشبڕکێیی ناهێنێ، بۆیە هیچ بەختەوەرییەکیش ناهێنێت. بێگومان چێژێک لە کڕینی مادەکان دەهێنێ، بەڵام، وەک ئەوەی بینیومانە، ئەوە بەشێکی بچوکە لەوەی وامان لێ دەکات حەزمان لە سامان بێت. تا ئەوکاتەی حەزەکەمان پێشبڕکێیییە، هیچ بەختەوەرییەکی ئینسان وەک گشت لە زیادکردنی سامان بەدەستنایەت، جا گشتیی بێ یان تایبەت. وەرگێڕانی کەمال چۆمانی
به‌روار:  02/08/2022
416   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   87
کۆی سه‌ردان:   29237277