دەقی یادداشتنامەی سێ قۆڵی تورکیا لەگەڵ سوید و فینلەندا
دەقی یادداش
١. ئەمڕۆ نوێنەرانی تورکیا،فەنلاند و سوێد، لە ژێر ئیشڕافی سکرتێری گشتی ناتۆ، لە سەر ئەوانەی خوارەوە ڕێک کەوتن.
٢- ناتۆ هاوپەیمانییەکە لە سەر پرێنسیپی بەرگری هاوبەش و ئەمنییەتی لێک دانەبڕاو، و هەر وەها نرخی هاوبەش داندراوە. تورکیا، فەنلاند و سوێد پێبەندبوونی خۆیان بەو پرێنسیپ و نرخانە دادەگرنەوە کە لە پەیماننامەی واشنگتن دا هاتووە.

٣.یەک لە عونسورە کلیلییەکانی پەیمانی ناتۆ بریتییە لە هاوپێوەندی پتەو و هاوکاری لە شەڕ بە دژی تێڕۆریزم، لەهەموو شێوە و دەرکەوتنەکانیدا، کە هەڕەشەیەکی ڕاستەخۆیە بۆ سەر ئەمنییەتی نەتەوەیی هاوپەیمانان و هەر وەها ئاشتی و ئەمنییەتی نێونەتەوەیی.

٤-فەنلاند و سوێد، وەک هاوپەیمانی چاوەڕوانکراوی ناتۆ ، پشتیوانی تەواوی خۆیان دەردەبڕن بۆ تۆرکیا بەدژی هەڕەشەگەل بۆ سەر ئەمنییەتی نەتەوەیی تورکیا. لەو پێوەندییە دا، فەنلاند و سوێد پشتگیری ناکەن لە یەپەگە/پەیەدە، و ئەو ڕێکخراوەیەی لە تورکیا وەک فەتۆ باسی لێوە دەکرێ. تورکیاش هەر وەها پشتیوانی تەواوی خۆی دەردەبڕێ بۆ فەنلاند و سوێد بەدژی هەڕەشەگەڵ بۆ سەر ئەمنییەتی نەتەوەییان. فەنلاند وسوێد بە توندی تێرۆرێزم بەرپەرچ دەدەنەوە و مەحکوومی دەکەن لەهەموو شێوە و دەرکەوتنەکانیدا. فەنلاند و سوێد بێ ئەملاوئەولا هەموو ڕێکخراوە تێرۆریستەکان مەحکووم دەکەن کە پەلاماری تورکیا بدەن، و هاوپێوەندی قووڵی خۆیان لەگەڵ تورکیا و بنەماڵەی قوربانیان ڕادەگەیێنن.

٥- فەنلاند و سوێد پێ دادگرنەوە کە پ.ک. وەک ڕێکخراوەیەکی تێرۆریست ڕاگەێێندراوە. فەنلاند و سوێد بەرعۆدە دەبن پێشی چالاکییەکانی پ.ک.ک و هەموو ڕێکخراوە تێرۆریستییەکانی دیکە و درێژ بووەکانیان بگرن، هەر وەها چالاکی تاکوتەرای سەر بەوگرووپانە یان تۆرانەی کە بەو رێکخراوە تێرۆریستیانەوە گرێ دراون. تورکیا، فەنلاند و سوێد ڕێک کەوتوون هاوکاری بکەن بۆ پێشگیری لە چالاکییەکانی ئەو گرووپە تێرۆریستیانە. فەنلاند و سوێد بەرپەرجێ ئامانجەکانی ئەو ڕێکخراوە تێرۆریستییانە دەدەنەوە.

٦-لەوەش دەرچێ، فەنلاند ئاماژە دەکا بە چەند هەموار کردنێکی ئەو دواییانە کە لە قانوونی سزای دا کراوە
و مادەی نوێ زیاد کراون بۆ سزا دانی کردەوەی تێرۆریستی. دوایین هەموارکردنەکان لە ١-ی ژانوییەی ٢٠٢٢ وەوە وەکار کەوتوون ، بە پێی ئەمانە بەری بەشداری کردن لە چالاکی گرووپێکی تێرۆریستیدا فرەوانتر کراوە. لە هەمان کاتدا، هاندانی گشتی لە پێوەندی لەگەڵ تاوانی تێرۆریستی دا بە تاوانکاری داندرێ وەکوو تاوانێکی جیاواز بە سەری خۆی. سوێد دای دەگرێتەوە، کە قانوونێکی نوێ و توندتری تاوانی تێرۆریستی لە ١-ی ژووییە وە کاری پێ دەکرێ، و حکوومەت سەرقاڵی ئامادە کردنی توندکردنی قانووی دژی تێرۆریسمە.

٧- تورکیا، فەنلاند و سوێد دای دەگرنەوە هەنووکە لە ئاستی نەتەوەیی دا هیچ قەدەغەی چەک لە نێوانیان دا نییە. سوێد خەریکی گۆڕینی ڕێسای چوارچێوەی نەتەوەیی خۆیەتی لە پێوەندی لەگەڵ هەناردە کردنی چەک بۆ هاوپریمانەکان لە ناتۆ دا. لە داهاتوو دا، هەناردەی کەلوپەلی بەرگری لە فەنلاند و سوێدەوە بە پێی هاوپێوەندی ناو هاوپەیمانی دا دەبێ و بە گوێرەی ناوەرۆک و روحی مادەی سێیەمی پەیماننامەی واشنگتن بەڕێوە دەچێ.
٨. ئەمڕۆ، تورکیا، فەنلاند و سوێد بەرعۆدە دەبن کە ئەو هەنگاوە کۆنکرێتانەی خوارەوە هەڵێننەوە:

*مێکانیزمێکی هاوبەش بۆ دیالۆگ و هاوکاری دامەزرێنن لە هەموو ئاستەکانی حکوومەتەکانیاندا، لەوانە لە نێوان دەەسگانانی بەڕێوەربەری قانوون ئاژانسە ئیستیخباراتییەکان، بە مەبەستی بەرەو ژوور بردنی هاوکاری بۆ بەگژداهاتنەوەی تێرۆریسم، تاوانکاری ڕێکخراو، و ئالنگارییە ئاساییەکانی دیکە بەو جۆرەی کە بریار دەدەن.

*فەنلاند و سوێد شەڕ بە دژی تێڕۆریزم بە لێبڕاوی و بریاردەرانە بەڕێوە دەبەن بە پێی مادە و بەڵگە و سیاسەتە پێوەندیدارەکانی ناتۆ. و هەموو جۆرە هەنگاوێکی پێویست هەڵدەهێننەوە بۆ توندتر کردنی زیاتری قانوونەکانی ناوخۆیی بەو مەبەستە.

*فەنلاند و سوێد بە وردی و هەموو لایە داخوازی تورکیا بۆ دەرکردن و دانەوەی کەسانی کە گومانی تێرۆریان لێ دەکرێ بە هێند دەگرن و هەر زانیاری، بەڵگە و خەبەڕێک لە لایەن تورکیاوە بدرێ لە بەر چاوی دەگرن، و چوارچێوەی دوو لایەنەی قانوونی دا دەمەزرێنن بۆ ڕێ خۆش کردن بۆ ڕادەست کردنەوە بە تورکیا و هاوکاری ئەمنییەتی لەگەڵ تورکیا، بە پێی پەیماننامەی ئوڕووپایی سەبارەت بە ڕادەستکردنەوە.

*فەنلاند و سوێد لە هەموو جوورە چالاکییەکانی دارایی و خەڵک بەرەو خۆ ڕاکێشانی پ.ک.ک و هەموو ڕێکخراوە تێرۆریستییەکانی دیکە دەکۆڵنەوە و بە توندی قەدەغەی دەکەن ، هەر وەها چالاکی گرووپ یان تۆڕەکانی سەر بە ئەوان هەر وەک لە خاڵی ٥ دا ئاماژەی پێ کراوە.

*تورکیا، فەنلاند و سوێد بەرعۆدە دەبن شەڕی زانیاری چەواشە بکەن، و پێش بەوە دەگرن کە قانوونە ناوخۆییەکانیان بەخراپ کەلکیان لێ وەربگیرێ بە قازانج یان بۆ پەرەسەندنی ڕێکخراوە تێرۆریستییەکان، لەوانە بە ڕێگای چالاکی ئەوتۆی کە هانی زەبروزەنگ بدا بە دژی تورکیا.

*فەنلاند و سوێد دەستەبەر دەبن کە هەر کام لە دەسگا نەتەوەییەکانیان کە کاروباری هەناردە کردنی چەک ڕێک دەخەن بەرعۆدەیی تازە لە ئاست هاوپەیمانان نیشان دەدەن و وەک ئەندامانی ناتۆ حیسابیان بۆ دەکەن.

*فەنلاند و سوێد بەرعۆدە دەبن بە تەواوی پشتیوانی بکەن لە تێوەگلانی تورکیا و هاوپەیمانەکانی دیکەی کە ئەندامی یەکێتیی ئوڕووپا نین لەو دەستپێشخەری و چوارچێوانەی لەمەڕ ئەمنییەتی هاوبەش و سیاسەتی بەرگری لە گۆڕێ دان، لەوانە بەشداریی تورکیا لە پڕۆژەی PESCO لە مەڕ جووڵەی میلیتاری.

٩- بۆ جێ بەجێ کردنی ئەو هەنگاوانە، تورکیا، فەنلاند و سوێد مێکانیزمێکی دائیمی هاوبەش دادەمەزرێنن، بە بەشداری پسپۆڕانی وەزاڕەتخانەکانی کاروباری دەرەوە، ناوخۆ، و داد، هەر وەها سێرویسە ئیستیخباراتییەکان و ئەنیستیتوویە ئەمنییەتییەکان. ئەو مێکانیزمە دائیمییە هاوبەشە دەرگای ئاواڵە دەبێ بۆ لایەنی دیکەش کە بێن و پێی پەیوەست بن.

١٠-تورکیا پشتیوانی درێژ خایەنی خۆی دادەگرێتەوە بۆ سیاسەتی دەرگای ئاواڵەی ناتۆ و موافەقەت دەکا پشتیوانی بکا بۆ بانگهێشتنی فەنلاند و سوێد بۆ لووتکەی ٢٠٢٢ مادرید بۆ ئەوەی ببن بە ئەندامی ناتۆ

جەنابی ئاغای مەولوو چاوشئۆغلوو
وەزیری کاروباری دەرەوەی جمهووری تورکیا ئانکارا
....... جێی ئیمزا

جەنابی ئاغای پێکا هاڤیستۆ
وەزیری کاروباری دەرەوەی جمهووری فەنلاند هێلسینکی
........ جێی ئئنزا

جەنابی یای ئان لیندێ
وەزیری کاروباری دەرەوەی شانشینی سوێد سوتۆکهۆڵم
...... جێی ئیمزا

مادرید، ٢٨-ی حوزەیرانی ٢٠٢٢

وەرگێڕان لە ئینگلیسییەوە بۆ ئاگاداری نەتەوەی لە بن نەهاتووی کورد
حەسەن قازی
به‌روار:  29/06/2022
729   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   302
کۆی سه‌ردان:   29253950